زەحمەت و هەوڵ و داهێنانەکانی ژنان بە درێژایی مێژوو لە هەموو بوارەکاندا ون و نادیارە و بە تایبەتی لە کوردستاندا کە ئەدەبیات و زمانەکەمان زارەکی بووە و نەنووسراوەتەوە، هەموو بابەت و چەمکەکان بە ناتەواوی و نیوەچڵ تەنیا لە فولکلۆردا رەنگی داوەتەوە. ئاوڕدانەوە و توێکاری پرسی خۆراک لە کوردستاندا زۆر لایەنی ونبووی مێژووی کۆمەڵایەتی و بە تایبەتیتر لە بواری ژناندا روون دەکاتەوە. پرسی خۆراک پرسێکی گرنگە و بەشی زۆری راستەوخۆ پێوەندی بە ژن و دنیای تایبەتی ژنانەوە هەیە. شایەد یەکێ لەو هۆکارانەی کە
پرسی خۆراک لە رابردوودا لە لایەن ژنانەوە قۆرخکراوە، ئەوە بێت کە ژنان بە هۆی شیردان و بەخێوکردنی کۆرپەوە بەرەبەرە هۆگرییان بە لای پرسی خۆراک و چێشت لێناندا پەیدا کردبێت. پرسی خۆراک پرسێکە کە پەیوەستە بە چەندین بواری دیکەوە، کە دیسانەوەش ئەو بابەتە کەم تا فرە عەقڵ و ئاوزی ژنان تێیدا دەخیل بووە.
بۆ نموونە
ـ کونتڕۆڵی ئاگر و گەرم راگرتنی کوانوو و چێشتخانەکان
ـ ئەنبارکردن و هەڵگرتنی خۆراکی زیادە بۆ ژەمەکانی داهاتوو بە جۆرێک کە بەرگرییان لە گەندهێنانی کردووە
ـ درووستکردنی ئامێرەکانی درووستکردنی خواردن و خواردنەوە وەکوو تیانە، دیزە و گۆزە و کاسە و کەوچک و،،،تاد بەرهەمی دسترەنگینی و عەقڵی وردی ژنانە لە رابردوودا.
ژینگە و سروشتی کوردستان بە هۆی گەرمیان و کوێستانی بوونییەوە، ژینگەیەکی ئاڵۆز و چڕوپڕە، هەر بۆیە بە پێی سروشتی ناوچەکان خواردەمەنییەکانیش جیاوازییان هەبووە.
لەو وتارەدا هەوڵ ئەدرێت دەرووگەیەک بۆ پرسی خوراک و پێوەندی ئەو بابەتە بە عەقڵی ژنانەوە بکەینەوە و لێکۆڵەرانی ئەو بوارە هان بدەین بۆ درێژەدانی ئەو پرسە و دەوڵەمەندکردنی ئەو فایلە، هەتا ناوەندێکی زانستی و ئاینسکلۆپیدیایی بۆ پرسی خۆراک لە کوردستاندا بکەنەوە.
زاراوە سەرەکییەکان:
کلتووری چێشتخانە، ٭ئاشتاوگەری کوردستان، رەخنەی فمینیستی
سەرەتا:
درێژەدانی ژیانی مرۆڤایەتی بە بێ گەشەی خۆراک ئیمکانی نەبووە و نابێ. مرۆڤ ناتوانێ وەکوو ئاژەڵان یا روەک خۆر بێ یا ئەوەیکە تەنیا بە راوکردنی پەلەوەر و ئاژەڵان درێژە بە ژیان بدات. بەشێک لە شارستانییەتی مرۆڤ پێوەندی بە پرسی خۆراکەوە هەیە. پرسی خۆراک لە ژیانی مرۆڤانییدا شۆرشێکی بەردەوام و نەوەستاو بووە و بە هۆی هزری بێسنووری مرۆڤەوە (ژنان) بە باشترین شێواز کەڵکی لە دیاردە سرووشتییەکان وەرگرتووە و لە پێناو خۆشبژێوی و خۆشگوزەرانی خۆیدا بەکاری هێناوە. مێژووی خۆراک بۆ ژنان مێژوویەکی زێرین و درەوشاوەیە و هزری ژنان لەو بوارەدا نیشان ئەدات.
مێژووی خۆراک لە ژیانی مرۆڤایەتییدا بە سەر دوو لایەندا داڵبەش ئەبێ
"یەکەم سەردەمی کۆکردنەوەی خۆراک کە زیاتر لە سەدهەزار ساڵی خایاندووە و دووهەم سەردەمی بەرهەمهێنانی خۆراک کە هەشت هەزار ساڵ لەوەبەر بە جووتیاری و ئاژەڵدارییەوە دەستی پێکردووە "[۱].
پشکی سەختئامێری پیاوان لە کمۆنە سەرەتاییەکاندا راوکردن و پارێزگاری لە هۆز و هاوجۆرەکانی خۆیان بووە، ئیتر ئەو بەشە نەرمەواڵەکەی دیکەی ژیان، واتە رازانەوەی سفرە و خوانەکان ئەرکی ژنان بووە. خانمی رید پێی وایە ژنان لە سەرەتادا گیاخۆر بوون و دواتر لە لایەن پیاوانەوە فێری گۆشت خواردن بوون.
"ژنان هۆکاری ناسینی گیاخۆراکییەکان بوون کە باری دەرمانگەرییەکەشیان ناسیوە، لە ئوستورەی فەرهەنگە جیاوازەکاندا خودایانی پاراستنی تەندرووستی و دەرمانگەری ژنان بوون"[۲] کە ئیستەشی لە سەر بێت پزیشکی خۆماڵی لە کوردستاندا هەر ژنانن. ژنان لە باری روەکناسییدا ئەوەندە پێشکەوتوتر لە پیاوان بوون کە "بە داهێنری وەرزێری دەناسرێن بەڵام گەشەی ئەو پیشەیە، بوو بە هۆی ئەوەیکە لە لایەن پیاوانەوە دەستی بە سەردا بگیرێ"[۳] و وەک پیشەیەکی پیاوانە پێناسە بکرێ و رۆڵی ژنان بۆ هەتاهەتایە لە بواری جوتیارییدا کاڵ یا فەرعی ببێتەوە. گەشەسەندنی خۆراک کاریگەری لە سەر گەشەی شارستانێتدا بە گشتی هەبووە. هەر نەتەوەیەک لە رابردوودا خۆش خۆراک و خۆشبژێو بووبێت تاکەکانی تەندرووستتر و سڵامەتتر بوون و ئیمکانی هەنگاو هەڵگرتن بۆ قۆناخەکانی دیکە و ئەرکی جیاوازتر زیاتر بووە. لە ئەفریقادا بە هۆی هەژاری خورد و خۆراکەوە ئەو کیشوەرە بەربڵاوە بەردەوام لە هەژاری و بێ دەسەڵاتی و مەرگەساتدا ژیاوە. گەشە سەندنی پرسی خۆراک هەر وەک پێشتر ئاماژەی پێکرا پەلوپۆی دیکەی لێ بوویەوە و لایەنەکانی دیکەشی تەنییەوە. بۆ نموونە هەر خانۆیەک کە درووست دەکرا دەبوا چێشتخانەیەکی تایبەتی تێدا درووستکرایە. چێشتخانە کەوشەن و ناوەندی هونەر نواندنی ژنان بووە. گەرموگوڕی ئەو ناوەندە کاریگەری لە سەر سەقامگیری، ئاسایش و هاوپێوەندی تاکەکانی ناو بنەماڵە هەبووە. هەتا کابانی ماڵ لە چێشت لێناندا دەست ڕەنگینتر بووبێت ورە و وزە و هیوا بە داهاتوو لەو بنەماڵەیەدا زیاتر بووە.
پەروەردەی کچان لە لایەن دایکانەوە لە چێشتخانەوە دەستی پێکردووە.هەر کچێک مامەڵەی لە گەل چێشتخانەدا رێکوپێک و لەبار بووبێت بەختی داهاتووشی بۆ هاوسەرگیری و مێردکردن رەنگینتر بووە. چێشت لێنەرێکی بەناوبانگی میکزیکی دەڵێ"پیاوان لە جیاتی دڵ بە زگ ئەویندار ئەبن، ژنان بە دەست رەنگینی خۆیان لە چێشتخانەکاندا دەتوانن پیاوان بۆ هەمیشە دیل و دەستەمۆی خۆیان بکەن "[٤]
ئەگەر رۆڵی ژنان بە درێژایی مێژوو لە گەشەی چێشتخانەدا لابەین زۆر کەمایەسی دەرئەکەوێ، تەنانەت ئەتوانین بڵێین کە ئەگەر داهێنەری ژنان نەبوایە هەر ئیستەش مرۆڤ لە جیاتی کۆڕی گەرمی خێزان، بە دەم رێگاوە خواردنێکی ئاسایی وەک پلێک گۆشت یا مێوە و گیایەکی دەخوارد.
ئەگەر بنەماڵە مایەی نەزم و تەکووزی کۆمەڵگایە ئەوا چێشتخانە کۆڵەکەی راستەقینە و هۆکار و هەوێنی گرساندنی بنەماڵەیە.
سیموون دووبووار دەڵێ"بایەخی راستەقینەی ئاشتاوگەرێتی لە کاتێکدا بۆ پیاوان دەرئەکەوێ کە تیکە دەخاتە نێو دەمییەوە و دەیخوات"[٥]
وڵاتی کوردستان و هەرێمی زاگرۆس بەگشتی بە هۆی سروشتی جوغرافیاییەوە دەوڵەمەندە بە خۆراکی جۆراوجۆر و پڕ لە کانزا. رووبارەکان، دەریاچەکان و لەو سەردەمەشدا بەنداو و کێڵگەکانی پەروەردەی ماسی تارادەیەک قەرەبووی خۆراکە دەریاییەکانیان کردۆتەوە.
گژوگیاکان بێجگە لە باری دەرمانگەری، وەکوو خۆراک و رازێنەری خوانی بنەماڵەکان کەڵکی لێ وەردەگیرێت.
بەهارات هاوپەمانێکی ستراتیژیکی سفرە و خوانی مرۆڤایەتییە. گرنگی و بایەخی بەهارات لە رابردوودا یەکێ لە هۆکارەکانی دەستدرێژی و داگیرکردنی هیندووستان بووە لە لایەن بریتانیاوە و،،، .
ئاوی کانزایی لە هەموو ناوچەکاندا بەدی ئەکرێ و رووبار و کانیاوەکان وەکوو ئاوی بسووڕ دەوڵەمەندە بە کانزا و ئۆکسیژنی تازە.کوێستانەکانی کوردستان بێجگە لەوەیکە هەمباری مەزنی ئاون، پاڵاوگەیەکی سروشتی ئاون.
خۆراکی کوردی جیاوازە لە خۆراکی گەلانی دیکە و عەقڵی وردی ژنی کورد ئەوەندە لەو بوارەدا بەهێزە کە هاوسەنگی لە نێوە خواردنە رەنگاورەنگ و دژ بە یەکەکاندا راگرتووە و لە سێ جۆر مادەی خاو خواردنێکی داهێناوە. خواردەمەنی کوردەواری لە راستییدا لە پاڵاوگە و فیلتەری ئاینەوە تێپەریوە و ئەتوانین بڵێین تا ئاستێکی زۆر ئیسلامیزە کراوە. ئاینەکان بە گشتی پیرۆزی و تەقدوسێکی لە رادە بەدەریان بە پرسی خۆراک داوە .لە"بەمبادا ژنان لە دوای نزیکی و لەشگرانی مافی چوونە نێو چێشتخانەیان نەبووە و بڕوایان وابووە کە خواردەمەنی دەستی ئەو ژنانە بۆ منداڵان مەرگ هێنەرە "[٦]. نەریت و رەوشتی ئیسلامی سەبارەت بە پرۆسەی خۆراک، وردبین و تەندرووستە. لە ئیسلامدا هندێک خۆراک قەدەغەن و نەهی کراوە. گۆشتی بەراز و مار و مێروو نەهی لێکراوە، ئەڵبەت لە کاتی تەنگانە و قات و قڕییدا خواردنی گۆشتی ئەسب، هێستر، گوێدرێژ و،،، هندێک خواردنەوەی دیکە بە شێوەی کاتی رێگەپێدراوە. لە نێو پێرەوانی ئاینەکانی نەساری و یارساندا خواردنی گۆشتی خوگ رێگەپێدراوە.
ترشاندن و بە شەراب کردنی ترێ و مێوەی دیکە حەرامە.
لە قورئانی پیرۆزدا خوداوەند بە دوو مێوەی تین(هەنجیر ) و زەیتوون سوێندی خواردووە. لە کوردستاندا خەڵکی بە نان وەکوو قورئان سوێند ئەخۆن . دەست پێوەنەگرتن لە ئیسلامدا حەرامە و وەکوو ناشوکری و کوفری نێعمەت سەیری دەکرێ .
سفرەی عارفان و خواناسان تەنیا بە دوو نێعمەتی نان و ئاو یا خورما و ئاو رازاوەتەوە کە ئەو دابە پێغەمبەری ئیسلام(دخ ) پێشتر رەچاوی کردووە، تەنانەت بەشێک لە خوداناس و عەوداڵەکان خواردنی گۆشتیان بۆ خۆیان قەدەغە کردووە. دیاریکردنی کاتی ژەمەکان و چۆنێتی رازانەوەی خوانەکان لە کلتووری کوردیدا دیاریکراوە. پەندێکی پێشینیان هەیە کە دەڵێ: نان و خوانی[ بەیانیان شاهانە، نیوەروان وەزیرانە و ئێواران هەژارانە]بێت.
ئیبنی سینا گەورە پزیشکی (باوکی طبی )جیهانی ئیسلام کە دە ساڵی کۆتایی ژیانی لە هەمەدانی کوردنشیندا ژیاوە، رژیم و بەرنامەیەکی خۆراکی لە سەر کلتووری خەڵکی ناوچەکە و ئاینی پیرۆزی ئیسلام دەستنیشان کردووە کە شیاوی هەموو قۆناخ و سەردەمێکە.
کۆی هەڵوێستەکانی ئیبنی سینا ئەوەیە کە" بە خواردەمەنی، تەندرووستی خۆت رابگرە نەک بە دەوا و درمان"[۷].
ژنی کورد بە درێژایی مێژوو سەرەڕای شێوازی ژیانی خێڵەکی و هەموو کەمایەسی و نەداری و ئاوارەییەک توانیویانە بە مامەڵەیەکی رێکوپێک لە گەل سروشتدا رژیمێکی خۆراکی تەندرووست پێک بێنن . شێوازەکانی هەڵگرتنی خۆراک بۆ وەرزەکانی داهاتوو لە داهێنانەکانی ژنانی کوردە. لە نێو نەتەوەکانی دیکەشدا ئەو شێوازگەلە رچاو کراوە و گوێزراوەتەوە بۆ ناو نەتەوەکانی دیکە، بەڵام لە کوردستاندا بە هۆی جۆراوجۆری کەشوهەوا و کۆچەری بوونەوە، بابەتەکە چڕوپڕتر بووە.
"وشک کردن" ، "ترشاندن "، "بەر دووکەڵدان"،"بە سەهۆڵ کردن "، "سوێر کردن"، "قاورمە کردن "،،"بە دۆشاوکردن "[۸] و تاد،،، چەن نموونەیەکە لە شێوازەکانی هەڵگرتنی خۆراک لە رابردوودا. ئامێرەکانی هەڵگرتنی مادە خۆراکییەکان بریتی بووە لە دیزە، گۆزە، کەندوو، مەشکە گاوس،خیگە، هەڵواسین و بە دزوو کردنەوە لە هەوای ئازاددا.
شوێنەکانیش دەبوا بەدوور لە تیشکی خۆر و هەوا و تەڕ و تووشی بوایەت. بەفرەچاڵەکان، ئەشکەوتەکان،کارێزەکان، چاڵ و کادێنەکان و،،،تاد نموونەی جێگاکانی هەڵگرتنی خۆراک بوون کە هەتا
ئەو سەردەمەش بەدیکراوە. پیاوان لە دابینکردنی کەرەسە و مادەی خاودا دەوری سەرەکییان بینیوە بەڵام ئەو بەشەکەی دیکە کە پرۆسەیەکی دوور و درێژە بە ژنان سپێردراوە.
بە هۆی رەگەزایەتی بوونی پیشەی چێشت لێنانەوە پیاوان توخنی چێشتخانەکان نەکەوتوون و تەنانەت بە شەرمیان زانیوە لەو بەشەدا دەستێوەردان بکەن چوونکا نە ئەزموون و زانیارییان لە سەر چێشت لێنان هەبووە و نە بە کارێکی پیاوانەیان زانیوە.
ژنی کورد لە وردەکارییەکانی پێوەندیدار بە خۆراکەوە زۆر ئاگادار بوون. خۆراکێکی وەکوو برنج کە سروشتی ساردە، بە تێکەڵ کردنی لەتکە یا کشمیش کردوویانە بە خۆراکێکی گەرم. یا ئەوەیکە خواردنەوەی دۆ کە سروشتی سارە، بە تێکەڵ کردنی بەهارات و قەزقوانی هاڕیاوە سروشتیان گەرم کردۆتەوە. نان، رەشکە، کونجی و قاخڵی پێ زیاد کراوە.خواردنی گۆشت دەبێ لیمۆ یا سماقی لە گەلدا بێت و،،،
بە گشتی ئەو پێوەر و دەستووراتەی کە لە رابردوودا بۆ خۆراک و ئاشتاوگەری دیاریکراوە زانستی پزیشکی سەردەم بە دواکەوتوو و نازانستی نازانێت. یاسای خۆراک بە جۆرێکە کە هەر خواردنێک بە پێخۆر و چاشنییەک دەبێتە خۆراکێکی کامڵ و تەندرووست، کە ئەو یاسایە لە رابردوودا رەچاو کراوە.
کەشک و رۆنی کوردی بە هۆی پیتاندنی بەردەوامەوە هەڵگری کالسیۆم و کاڵۆرییەکی لە رادەبەدەرە و و لە وەرزی سەرما و سۆڵەدا زیاتر مەسرەف کراوە.
جیاکردنەوەی خۆراکی چوار وەرز لە کوردستاندا رەچاو کراوە. خۆراکی پیر و بە ساڵاچووان ، منداڵان، نەخۆشەکان، ژنانی دووگیان و زەیسان پێکەوە جیاوازییان هەبووە. لە کاتی سووڕی مانگانەدا خۆراکی ژنان جیاواز بووە لە کاتی دیکە و ،،،، .
گژوگیا بێجگە لە لایەنی دەرمانی و خۆراکی لە پیشەسایشدا بەکار براوە. پیشەگەلی وەک رەنگرێژی، پاککەرەوە و خاوێنکردنەوە، عەتریات و بۆنخۆشکەرە، جوانکاری و خەمڵاندنی بەدەنی نموونەی هونەرمەندی و تێفکرینی ژنانە لە جیهان و کوردستاندا.
نان کۆڵکەی سەرەکی خۆراکی کوردی بووە و بە بێ نان زۆرێک لە خواردنەکان نەخوراوە. لە رابردوودا بە هۆی ئافەتگەلی وەک سوون و کولە و ئاژەڵگەلی هەردییەوە گەنم و دانەوێڵەکانی دیکە بەردەوام لە بەر هەرەشەی فەوتان و خەساردا بوون هەر بۆیە لە ناچارییدا لە جێی گەنم لە ئاردی جۆ، زەڕات، دێمیلە، گاڵ و تاد،،، کەڵکیان وەرگرتووە. لە هەوراماندا توی وشککراو وەکوو قوت و هۆکاری بژێو حەسابی بۆ کراوە هەر بۆیە وەکوو بەرهەمەکانی دیکە زەکاتی کەوتووە.
هەر خۆراکێکی دەرەکی کە بە سروشتی کوردستان و خەڵکەکەی نزیک بووبێت لە لایەن کابانی کوردەوە پێشوازی لێکراوە و خۆشتر لە سەرچاوەکەی ئاراستەی سەر سفرە و خوان کراوە. دۆڵمە سەرەتا خۆراکێکی تورکی بووە و دواتر بە هۆی پێوەندییەکانەوە هاتۆتە سەر سفرەی کوردی، دواتر ژنی کورد لە دەوڵەمەندکردنی پەسای دۆڵمەدا بە هۆی بەهاراتی کوردییەوە، زیاتر لە تورکەکان تام و چێژی بەو خۆراکە داوە.
پانوپۆڕی خاکی کوردستان و ئاوەن و رەوەنی هۆزەکان و دراوسێتی گەلانی دیکەی ناوچەکە هۆکارگەلێک بووە بۆ ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی. لەو ئاڵۆوێرەدا پرسی خۆراک لە ریزی یەکەمینەکاندا بووە. کوردستان ئاو و هەوایەکی مەدیتەرانەیی هەیە و لەو بوارەدا لە گەل دراوسییەکانیدا کە لەو جۆرە ئاو و هەوایەدا ئەژین و لە باری ئاینییەوە لە ژێر چەتری ئاینی پیرۆزی ئیسلامدان، جۆری خۆراک و رژیمە خۆراکییەکانمان لێک نزیکە.
لە کوردستاندا پیرانی تەریقەتی نەقشبەندی بە هۆی شارەزاییەکی بێ وێنە کە لە پرسی دەرمانگەری و روەکناسییدا هەیانبووە کاریگەرییان لە سەر رۆشنبیری و پرسی خۆراک و درمانگەری کوردیدا هەبووە. بەشێک لە رژیمی خۆراکی لە کوردستاندا کەڵک وەرگرتنی بەردەوام بووە لە گژوگیای دەرمانی و عەرەقیات وەک رژیمێکی هاوتەریبی رژیمە خۆراکییەکان. بە گشتی کورد هەمیشە لە گەل سروشتدا ئاشت بووە و ژنان لەو بوارەدا زیاتر لە پیاوان دەوریان هەبووە.
ژنانی سەرەتایی بەچکەی ئاژەڵ و پەلەوەرەکانیان بەخێو و گەورە کردووە کە ئەوەش هۆکاری لێنی کردنی ئاژەڵان و پەلەوەران بووە. خانمی رید پێیوایە کە "ژنان هۆکاری ناسین و پەروردەکردنی گژوگیاگەلی خۆراکی بوون"[۹]. لێنی کردنی گژوگیای خۆراکی، درمانی و خەمڵاندنی ناوماڵ دیسانەوە لە داهێنانەکانی ژنان بووە. دێبەرەکان لە رابروودا لە تەنیشت ماڵەکاندا دەرازاوە و ژنان بۆ دابینکردنی سەوزەواتی پێویست پێکیان دەهێنا.
هەموو بیرۆکە و رەوتە فمینیستییەکانی سەردەم سەبارەت بە پرسی کابانیگەری، شێفگەری، چێشتخانە و،،،تاد دژبەر و نەیارن و بە تێکڕا پێیانوایە کە یەکێ لە هۆکارکانی چەوسانەوەی ژنان لە مێژوودا قەتیس بوون و گل خواردنەوەیانە لە چوارچێوەی ماڵ و چێشتخانەدا. کاری چێشت لێنان لە دایکەوە بۆ کچ نۆژەن بۆتەوە و وەکوو پیشەیەکی ژنانە رەگەزایەتی
کراوە.فمینیستەکان پێیانوایە کە بۆ رزگارکردنی ژنان لە چوارچێوەی ماڵدا، دەبێ"ئاڵوگۆڕ لە هونەری خانۆسازییدا پێک بێت "[۱۰] و دیاردەی چێشتخانە لەو هونەرەدا بە شێوەی رابردوو بسرێتەوە.
سەرئەنجام: بە دوور لە روانگە فمینیستییەکان، لە راستییدا پرسی خۆراک یەکێ لە نیشانە توانستی، هزری و ئاوزمەندانەکانی ژنان بووە لە مێژوودا. عەقڵی ژنان لە چوارچێوەی بەرتەسک بنەماڵە و چێشتخانەدا بەردەوام لە گەشەدا بووە. ژنی کورد بێجگە لە کاری چێشتخانە، شانبەشانی برا و باوک و مێردەکانیان لە مەزرا و دەر و دەشتدا لە بەرهەمهێنانی مادەی خاوی خۆراکیدا رۆڵیان هەبووە و بە تەنیا لە چێشتخانەکاندا قەتیس نەبوون.
مۆدێرن بوونەوەی ژیان ئاڵوگۆری لە پرسی خۆراک و خواردمەنییدا پێکهێناوە و کوردستانیش لە گۆرانکارییەدا بێبەش نەبووە. هونەری چێشت لێنان لە ئیمرۆدا تەنیا ئەرکی ژنان نیە و پیاوانیش بەشداری ئەو پرۆسەیەن. دنیای پیشەسازی پرۆسەی خواردن و خواردنەوەکانی هەر لە سەرەتاوە یەکدەست و یەکرەنگ کردۆتەوە و زۆربەی بەرهەمهێنان و درووستکردنی خۆراکی لە دەستی ژنان سەندۆتەوە. بۆ نموونە شیرەمەنییەکان کە دەیان جۆرن بە ئامادەکراوی دەگاتە دەسی کابانی ماڵ. خواردنە فوستفۆدییەکان و خواردمەنی ژەمانەی ریستۆرانتەکان، چێشتخانەی ماڵانی تارادەیەک بەتاڵ هێشۆتەوە. چێشتخانەی ماڵان لەو سەردەمەدا مۆدێرن وگەورە و دەوڵەمەند بۆتەوە بە ئامێر و کەرەسەگەلی جۆراوجۆر. لە سیستمی بنەماڵەی بەربڵاو و جەنجاڵەکاندا (هیندوستان) چێشتخانەکان وەکوو شارۆچکەیەک پۆشتەوپەرداخن بە هەموو کەرەسەیەک و تەنانەت کەسانی شارەزا و دەرەکی ئەرکی درووستکردنی خواردەمەنی بەرێوە دەبەن.
کۆتا وتە ئەوەیە کە خۆراکی کوردی میراتێکی ژنانەیە و لە راستیدا ژنان پێکهێنەری ئەو شوناسە بوون. هەر وەک لە سەرەتادا باسیکرا پێکهێنانی ناوەندێکی زانستی بۆ نووسینەوەی ئاینسکلۆپیدیایەکی خۆراک و دەرمانگەری کوردی لە ئیستەدا، شوناس و چییەتییەکی زانستی و فمینیستی دەبەخشێ بە ژنی کورد. سیاسەت و بەرنامەی خورد و خۆراک لەو سەردەمەدا بە هۆی زۆربوونی حەشیمەتەوە رووبەرووی مەترسی و دەرەتانی زێرین بۆتەوە. کەڵک وەرگرتن لە پەین و مادەی کیمیاوی، چاکسازی ژنیتیکی گژوگیاکان و میکانیزەبوونی جوتیاری لە لایەکەوە هەل و دەسکەوتە و لە لایەکەوە مەترسی. هایدرۆکەربۆنات تا رێژەیەکی زۆر بووە بە پێکهاتە و بنەمای هندێک مادەی وشک و تەڕی خۆراکی و ،،،،تاد.
خواردەمەنی کوردی و پزیشکیی کوردی دوو چەمک و بابەتی لێک نزیک و ژنانەی کوردە کە بە راستی سەربەخۆ و جیاوازە لە هی نەتەوەکانی دیکە، هەر بۆیە لێکۆڵینەوەی زانستی و بە دوور لە چەمکە ئایدۆلۆژیک و روانگە بەرتەسکەکان، دەتوانێ یارمەتیدەرێک بێت بۆ پێکهێنانی ئایدۆلۆژیایەکی فمینیستی و رەسەنی کوردی و هەناردەکردنی بۆ نێو کلتوور و زمانە جیاوازەکانی دنیا.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
٭ ئاشتاو: وشەیەکی فەیلی ئیلامییە و واتای پیشەی چێشت لێنان و شێڤگەری ئەدات. ئاش+تاو.واتە گەرمکردن یا تاودانی ئاش . (سپاس بۆ کاک کامران رەحیمی بەرپرسی ئەنستیتۆی زانست)
سەرچاوەکان
۱-رید ایولین.مادرسالاری.ترجمە افشنگ مقصودی.ص ۱۹۹. ۱۳۹۰
۲-زاهدی ثریا . نقش زن در تکامل انسان امروزی/ دوران مادر تباری.zananebidar.ir
۳-سەرچاوی ژمارە ۲
٤- بلوکباشی علی . نقش زنان در شکل گیری هنر آشپزی.vista.ir
٥- دووبوار سیمون. جنس دوم. ترجمە قاسم صنعوی. جلد ص1380.۲۸۹٫۲
٦- سەرچاوی ژمارە ٤
۷- ترابی ، دکتر پریسا. چند نکتە بسیار مهم غذایی از زبان ابن سینا. Ghazaa.com
۸- روشهای نگهداری و حفاظت از مواد غذایی در گذشتە.اردیبهشت ۱۳۹٥.linknama.ir
۹- سەرچاوی ژمارە یەک،لاپەرەی۲۰۹
۱۰- هام مگی.فرهنگ نظریەهای فمینیستی.مترجمان.فیروزە مهاجر، فرخ قرەداخی،نوشین احمدی خراسانی. ص٤۱