ژیئۆپۆلیتیکی ئێران بۆ ئەمریکا و روسیا یەکلاکەرەوەی هەموو ناکۆکییەکانە. هەر لە سەردەمی قەجەرەکانەوە هەتا ئیستە(سەردەمی پەهلەوی لێ بەدەر) دەوڵەتانی ناوەندی ئێران بە جۆرێک چەقیونەتە نێو دیپلۆماسی و سیاسەتی تیزارییەکان،بالشویکەکان و پۆتینەوە کە رێی دەرباز بوونیان ئەستەم بۆتەوە. سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە دوای شەری هەشت ساڵە، سیاسەتی بەرەو رۆژهەڵاتە( نگاە بە شرق). لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامییدا پرسی ئابووری لە دوای پرسی ئاسایش، پرسی چەک و چۆڵ و دیپلۆماسی مەزهەبی لە رێزبەندی سێهەم و چوارەم دایە و بە تایبەت سەبارەت بە روسیا کە بە هۆی پسپۆر و تیکنێسێنە ناوکییەکانەوە پێوەندییەکانیان ستراتیژیک بۆتەوە، گەمە سیاسییەکە لە سنووری ئاسایی خۆی تێپەریوە. کۆماری ئیسلامی لە بواری تیکنۆلۆژی ناوکی یا ئەتۆمییدا بە رادەیەک چۆتە پێشەوە کە پێویستییەکی وەهای بە روسیا نەماوە. روسیا پێش ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە بواری ئەتۆمییدا سەربەخۆ بێتەوە و بە جۆرێک بیهەوێ لێی دوور بکەوێتەوە و لە دنیای رۆژئاوا نزیک بێتەوە تەڵەیەکی ناوەتەوە کە کۆماری ئیسلامی ئەستەمە بتوانێ دەربازی ببێ. پرسی قەفقازی خواروو
( ئەرمەنستان، ئازەربایجان و تورکیا) کارتێکی گوشارە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی. هەر کات کۆماری ئیسلامی لە گەل ئاژانسی ئەتۆمی تا رادەیەک رێکەوتبێ یا ئەوەیکە لە گەل ئەمریکادا لە سەر بایکوتەکان، گۆرینەوەی بەندییەکان، پارە بلوکەکراوەکان و ،،، دانووسانیان کردبێت ئەوا روسیا چرا سەوزی بە ئازەربایجان داوە و بە هێرشکردنە سەر ئەرمەنستان هەموو دانیشتنەکانی کۆماری ئیسلامی و رۆژئاوای پەک خستووە و هەڵێپەساردۆتەوە.
لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا و دەوڵەتی بایدن کە سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی سیاسەتێکی تایبەتی هەیە ئەوەندە دەرەتانی بە تاران داوە کە لە مێژووی چل ساڵەی کۆماری ئیسلامییدا وێنەی نەبووە. ئەمریکا سەبارەت بە فرۆشتنی درۆن بە روسیا لە دژی ئۆکراین، پرسی ناوکی، رەشکردنەوەی پارە و لە ئیستەشدا سەبارەت بە یارمەتی حەماس بۆ هێرشکردنە سەر ئەمریکا ئەوەندە پاکانەی بۆ تاران کردووە کە بە زەرەری خۆی شکاوەتەوە. ئەڵبەت ئەوەش بگوترێ کە کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکارەوە لە گەل ئەمریکادا هیچ ناکۆکییەکێ نەبووە، بەڵکوو دوو بابەت بوونە هۆی دوژمنایەتی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی. یەکەم: ئەحزابی چەپی ئێرانی وەکوو تودە و پەیکار کە پەیتاپەیتا بە ناوی دژایەتی ئیمپریالیزم (۱۹۷۹) هێرشیان دەکردە سە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران.
دوهەم: پرسی ئیسرایل بوو کە لە ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامییدا وەک یەکەم دوژمنی ئیسلام دەناسرێ و هەروەها هاوپەیمانی ئیسرایل لە گەل ئەمریکا، خاڵێکی دیکە بوو بۆ دوژمنایەتی و دوورکەوتنەوەی کۆماری ئیسلامی لە ئەمریکا.
دەوڵەتی بایدن بە راستی لە ئەمریکا دوور کەوتبووە تەنانەت لە ئاڵۆزییەکانی قەفقازدا ئیسرایل پشتی ئازەربایجان و ئەمریکاش پشتی ئەرمەنستانی گرتووە. بێجگە لە روسیا ،دەوڵەتی ئیسرایل دژی رێکەوتنی ئێران و ئەمریکایە و هەر بۆیە ئەویش لە کاتی دانووسانەکانی تاران و واشینگتۆندا بە هێرشکردنە سەر سوریا هەرایەکی دەناوە و ریسەکەی لێ دەکردنەوە بە خوری.
کۆتا وتە ئەوەیە کە هێرشی حەماس ئەو رەوت و ریتمەی پێشووی گۆڕی و پێدەچێ درێژەکێشانی شەرەکە سەرەتا دەستوپێوەندییەکان(گروپ و میلیشاکان ) و پاشان خودی دەوڵەتان پەلکێشی شەرێکی گەورە بکاتەوە. وڵاتانی سونە مەزهەب بەو هۆییەوە کەهێرشی حەماس بە پیلانی تاران دەزانن، تەنیا وەکوو پاڵپشت و یا هەرەشەیەک هاوسۆزی و هاودەنگییان سەبارەت بە حەماس و خەڵکی غەزە دەربریوە، هەر بۆیە تۆپەکە ئیستە لە مەیدانی کۆماری ئیسلامی دایە و وڵاتانی ئیسلامی بە شێوەی پێویست خاوەنداری ئەو شەرەیان نەکردووە. دیارە ئیسرایل لە سەر بریاری خۆی سوورە و هاتنی دوو کەشتی فرۆکەهەڵگری ئەمریکا و پشتیوان ناتۆ ئەوەندیتر ورەی بەرز کردۆتەوە و تەنانەت سەبارەت بە ئاگربەس و گۆرینەوەی دیلکراوەکانیش هیچ وڵامێکی ناوبژیوانکەرانی نەداوەتەوە.