دواین هەواڵ

ئیدی هەدەپە لەناو پەرلەمانی تورکیا دەبێت بەمێژوو

‌كارزان گلی

25/03/2023

دادگای دەستووری توركیا، داوای هەدەپەی رەتكردەوە، كە بەفەرمی داوای كردبوو، دادگاییكردنی دۆسییەی داخستنی پارتەكەیان بۆ دوای هەڵبژاردن دوا بخات، بۆیە بۆ ئەوەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا، دەنگەكانی هەدەپە بەفیڕۆ نەچێت، هەدەپە پلانی B بەكاردەهێنێت، ئەویش دەنگدانە بە پارتی سەوزی چەپی توركیا.

مەدحەت سانجار، هاوسەرۆكی هەدەپە، بەفەرمی رایگەیاند پارتەكەیان وەكوو هەدەپە ناچێتە ناو هەڵبژاردنەوە، چونكە خۆیان ناخەنە ناو ریسكەوە، بەڵكوو لەژێر ناوی پارتی سەوزی چەپ دەچنە ناو هەڵبژاردنەوە، كە پارتێكی فەرمی و یاسایی و شەرعی توركیایە.

ئەگەر دادگای دەستووری توركیا، لە 11_4_2023، بڕیار بدات هەدەپە دابخرێت، ئەوكات لیستی هەدەپە و بەربژێرانی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەڵدەوەشێتەوە، بۆیە وەكوو ئەوەی سانجار باسی دەكات، نایەنەوێت خۆیان بخەنە بەردەم ئەو ریسكە، بەڵكوو لەژێر ناوی پارتی سەوزی چەپ دەچنە ناو هەڵبژاردنەوە.

سانجار گوتی: ”پارتەكەمان ئەگەری داخستنی یەك لە هەزار بێت، ئێمە هەر ناچینە ناو ئەو ریسكەوە و دەنگی هەدەپە بەفیڕۆ نادەین و پارتی سەوزی چەپ پلانی B هەدەپەیە و لەژێر ناوی ئەو پارتە چاومان لە 100 كورسی پەرلەمانە.“

جیا لەوەی داوا كراوە هەدەپە دابخرێت، هەروەها داواكاری گشتی توركیا داوای كردووە، قەدەغەی سیاسەت لە 451 ئەندامی هەدەپەش جێبەجێ بكرێت، كە زۆربەی پەرلەمانتارەكانی ئێستای هەدەپەی تێدایە و هەروەها بەشێكی زۆری سەركردایەتی هەدەپەشی تێدایە، بۆیە هەدەپە، بڕیاریداوە بەشێكی كەمی ئەو كەسانەی ناویان هاتووە كە قەدەغەی سیاسەتیان لەسەر جێبەجێ بكرێت، وەكوو بەربژێری پەرلەمان دیارییان نەكات.

ئەگەر بێت و هەر بەربژێرێكی هەدەپە بۆ پەرلەمان، قەدەغەی سیاسەتی لەسەر جێبەجێ بكرێت، ئەگەر لەسەر لیستی هەر پارتێكدا بن، ناویان هەڵدەوەشێتەوە و بۆیان نییە بچنە پەرلەمانەوە، بەڵام ئەگەر بێت و قەدەغەی سیاسەت لەسەر هەر بەربژێرێك دوای هەڵبژاردن جێبەجێ بكرێت و ئەو بەربژێرەش سەركەوتوو بوو بۆ پەرلەمان، ئەوكات بەربژێر پەرلەمانتارییەكەی هەڵناوەشێتەوە، بەڵام دەبێت وەكوو پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ لەناو پەرلەمان سیاسەت بكات و نابێت لەسەر لیستی هیچ پارتێكی سیاسی بێت.

مەڕاڵ دانش، پەرلەمانتاری هەدەپە، كە ئەویش ناوی لەناو ئەو لیستەدایە كە داواكاری گشتی توركیا داوای كردووە قەدەغەی سیاسەتیان لەسەر جێبەجێ بكرێت، دەڵێت ئێمە كێشەمان نییە لەوەی قەدەغەی سیاسەتمان لەسەر جێبەجێ بكرێت، بەو هەنگاوە پرسی كورد و هەدەپە كۆتایی نایەت، چونكە لە ساڵانی نەوەدەكاندا لەوەی ئێستا خراپتریان بەسەر سیاسەتوانانی كورد هێنا، كەچی بەهێزتر بوین و ئێستاش دڵنیا بن بەهێزتر دەبین.

بەگوێرەی هەموو ئەو راپرسیانەی ئەنجام دراوە، هەدەپە دەنگەكانی 11%ە، بۆیە ئەگەر لەژێر ناوی پارتی سەوزی چەپیش بچێتە پەرلەمان، كێشەی نابێت و دەنگەكانی و پەرلەمانتارەكانی پێگەیان بەهێز دەبێت، واتە ئەگەر رێگە نەدرێت هەدەپە لە دەرگای سەرەكی پەرلەمانەوە وەكوو پارت بچێتە پەرلەمان، ئەوان بەرێگەیەكی یاسایی لە دەرگای پشتەوەی پەرلەمانی توركیا دەچنە ناو پەرلەمان و كاری سیاسی خۆیان دەكەن.

هەدەپە، بڕیاریداوە هیچ بەربژێرێكی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی نەبێت، بەڵام رایاننەگەیاندوە كە پشتگیری لەكام بەربژێر دەكەن و هەموو ئەگەر و پێشبینییەكانیش بۆ ئەوەن، كە دەنگدەری هەدەپە، پشتگیری لە كەمال كلیچدارئۆغڵو، بەربژێری شەش پارتی ئۆپۆزسیۆن دەكەن.

دەكرێت بڵێین، ئیدی هەدەپە لەناو پەرلەمانی توركیا بووە مێژوو و ناوی دەسڕێتەوە، چونكە ئیدی پارتی سەوزی چەپ، وەكوو پارتێكی یەدەگەی هەدەپە ناوی دێتە ناو ناوان، تەنانەت ئەگەر هەدەپە داشنەخرێت، هەر هەدەپە ناوی دەسڕێتەوە، چونكە لەناو پەرلەمانی توركیا شتێك نامێنێت بەناوی هەدەپە، ئەوەی دەبێتە جێگیرەوەی ئەو پارتە، پارتی سەوزی چەپی توركیایە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP