دواین هەواڵ

ستراتیژییەتی هەدەپە لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیادا

‌كارزان گلی

22/03/2023

لە مێژووی هەڵبژاردنەكانی توركیادا، دەنگدەری كورد، قورسایی گرنگی بێوێنەی هەبووە، بەڵام هیچ كاتێك دەنگدەری كورد ستراتیژییەتی نەبووە، بەڵكوو بەدوای بەڵێن و دروشمی پارتە سیاسییەكانی توركیا كەتووە. بەڵام لە هەڵبژاردنی 2002، ئیدی دەنگدەری كورد، داوای چارەسەركردنی پرسی كوردیان كرد، بۆیە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، بەڵێنیدا كە ئەگەر بێنە دەسەڵات پرسی كورد چارەسەر دەكەن، بەڵام لەوەشیاندا دەنگدەری كورد هەر ستیراتیژییەتی نەبووە، بەڵكوو لەسەر مێزی گفتوگۆ هەڵخەڵەتێنراوە.

دروستبوونی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، وەرچەرخانێكی گرنگ بوو بۆ كورد، چونكە كاتێك بەشداری هەڵبژاردنی 2015ی كرد و وەكوو پارت چووە پەرلەمانی توركیاوە، بۆ یەكەمجار بوو كە پارتێكی كوردی بتوانێت بەربەستی هەڵبژاردن بشكێنێت و بچێتە پەرلەمانی توركیاوە، بۆیە قورسایی دەنگدەری كورد لەوكاتەوە دەستیپێكرد.

دەكرێت بڵێین، پرسی چارەسەری لە توركیا، هەروەها ئەو كرانەوەیەی ئەردۆغان بەرامبەر بە كورد كردی، بەتایبەت لە 2005 تا 2014، رۆڵی گەورەیان هەبووە، لەوەی پێگەی كورد لە توركیا گۆڕانكاری بەخۆیەوە ببینێت، بۆیە لە هەڵبژاردنەكاندا وەكوو پارتێكی گرنگ و خاوەن پێگە سەیری كورد دەكرا و هەدەپە بەواتای دەنگدەری باكووری كوردستان چاوی لێدەكرا.

یەكێك لە هەڵە گەورەكانی هەدەپە ئەوە بووە، سیاسەتی لەسەر كەسایەتی كرد، لەبری ئەوەی ستراتیژی هەبێت بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد، هەوڵی سیاسی بۆ لەناوبردنی ئەردۆغان دەستپێكرد، ئەمەش لە دوای هەڵبژاردنی 2015 دەستپێكرد، كاتێك هەدەپە توانی 80 كورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت و ئیدی غرووری ئەو پارتە وای كرد، پرسی كورد لەبری ئەوەی بچێتە پێشەوە چووە دواوە.

ئێمە باس لەوە ناكەین، كە بۆچی هەدەپە لەدوای هەڵبژاردنی 2015، نەچووە ناو هاوپەیمانیی لەگەڵ ئاكەپەدا، چونكە ئاكەپە ئەو داوایەی بەفەرمی لە هەدەپە نەكرد، هۆكارەكەشی روون بوو، هەدەپە هەرزوو گوتی ”ئێمە ناچینە ناو هاوپەیمانیی لەگەڵ ئاكەپەدا“، سری سووریا ئۆندەر، ئەوكات پەرلەمانتاری هەدەپە بوو گوتی ”ئەگەر ئەحمەد داودئۆغڵو، بێتە بارەگای هەدەپە و داوا بكات بەشداری بكەین لە حكوومەتدا، ئێمە تەنیا چایەكی قاچاغی دەدەینێ و بەڕێی دەكەین“ ئەمەش ئەو پەیامە بوو، كە ئاكەپە بێئومێد بێت لە هەدەپە، بۆیە بەفەرمی داوای لە هەدەپە نەكردووە بێنە ناو حكوومەتی هاوپەیمانیی.

بەڵام هەلێكی زۆر گەورە هاتە پێش هەدەپە، ئەویش كاتێك ئەردۆغان، ویستی سیستەمی سیاسی لە توركیا بگۆڕێت بۆ سەرۆكایەتیی، كە ئەوكات بەبێ هەدەپە یان مەهەپە، نەیدەتوانی ئەو ئامانجەی بهێنێتە دی، چونكە بەناو پەرلەماندا دەنگی پێویستی نەبوو تا هەمواركردنەوەی دەستوور بخاتە بەردەم میللەت و لە ریفڕاندۆمێكدا دەنگی لەسەر بدەن.

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، لەمێژووی پەرلەمانی توركیادا، وەكوو سەرۆكی فڕاكسیۆنی هەدەپە، كورتترین وتاری پێشكەش كرد و گوتی ”هاتووم دوو وشە بڵێم و بڕۆم، ئەردۆغان باش گوێ بگرە، ناتكەین بە سەرۆك، ناتكەین بە سەرۆك، ناتكەین بە سەرۆك“

ئەمەش دەریدەخات، كە ئەردۆغان بێئومێد بێت لەوەی هەدەپە لەناو پەرلەمانی توركیا پاڵپشتی بێت بۆ گۆڕینی سیستەم، لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتیی.

ئەم گوتەیەی دەمیرتاش، تەنیا ئەردۆغان و پارتەكەی نیگەران نەكرد، بەڵكوو، عەبدوڵا ئۆجەلانیشی نیگەران كردبوو، چونكە بەگوێرەی گوتەی سری سووریا ئۆندەر، ئۆجەلان گوتبووی گفتوگۆ لەگەڵ ئەردۆغاندا بكەن و بزانن لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا كورد چی دەست دەكەوێت، چونكە سیستەمی پەرلەمانی تەنیا ماڵوێرانی بۆ كورد هێناوە.
دەكرێت بڵێین، ناكۆكی نێوان ئۆجەلان و دەمیرتاش، لەوكاتەوە سەری هەڵدا، چونكە دەمیرتاش بەناوی كوردی باكوورەوە، سیستەمی سەرۆكایەتیی لە توركیا رەتكردەوە، ئەمەش هەڵەیەكی ستراتیژی هەدەپە بوو، دەكرا بچنە ناو مامەڵەیەكی سیاسی گرنگ لەگەڵ ئاكەپەدا، هەروەها دەستوور بە جۆرێك هەموار بكرایەتەوە، كە مافەكانی كوردی تێدا جێگیر بكرایە، كە ئەوكات ئەردۆغان بەهەموو مەرجێك رازی دەبوو، چونكە ئەگەر سیستەم نەبایەتە سەرۆكایەتیی، ئەردۆغان خۆری لە سیاسەت ئاوا دەبوو و تەنیا دەبووە سەركۆمارێكی بێدەسەڵات.

پارتی بزەتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە)، ئەمەی بە هەلزانی و زوو چووە پاڵ ئاكەپە، دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی ئەو پارتە، لە وتارێكدا گوتی ”با سیستەم بكەینە سەرۆكایەتیی و توركیا رزگاری بێت لەو هەرا سیاسییە“ ئەم گوتەیە خۆشترین هەواڵ بوو بۆ ئەرۆدغان، چونكە ئەگەر مەهەپە لەناو پەرلەمان پشتگیری لە ئاكەپە بكرادیە، بە 50+1 دەیانتوانی هەمواركردنەوەی دەستوور بخەنە ریفڕاندۆمەوە.

بەڵام مەهەپە هەر لە خۆڕا پشتگیری لە سیستەمی سەرۆكایەتیی نەكرد، بەڵكوو تاكە هۆكار بۆ پشتگیریكردن لەو سیستەمە، دژایەتیكردنی هەموو داخوازییەكانی كورد بوو، مەرجەكانی بەسەر ئەردۆغاندا سەپاند، ئەویش لەباربردنی پرسی چارەسەری كورد بوو، هەروەها هاندانی ئەردۆغان بوو تا هێرشی بكاتە سەر رۆژئاوای كوردستان و فشارێكی گەورەی سیاسیشی بۆ سەر هەدەپە دەستپێكرد، كە دەیان پەرلەمانتار و سەرۆك شارەوانی هەدەپەیان خستە زیندانەوە.

ئەگەر هەدەپە پشتگیری لە سیستەمی سەرۆكایەتیی بكردایە، ئێستا لە شوێنی مەهەپە و لەپاڵ ئەردۆغاندا، داخوازی كوردیان جێبەجێ دەكرد و پرسی كوردیش دەچووە قۆناغێكی زۆر گەورە و گرنگ، بۆیە چەندین شڕۆڤەكاری سیاسی كورد، ئەو سیاسەتەی هەدەپەیان پێهەڵە بوو، كە بەبێ ئەوەی بچێتە ناو گفتوگۆوە، سیستەمی سەرۆكایەتیی لە توركیا رەتكردەوە.

بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتیی 14_5_2023، هەدەپە رۆڵی ئەو كلیلە دەبینێت، كە دەتوانێت دەرگای كۆشكی كۆماری توركیای پێ بكاتەوە و كێی بوێت دەیباتە سەر كورسی سەرۆكایەتیی، بەڵام ئایە هەدەپە هەمان هەڵەی ستراتیژی دووبارە دەكاتەوە؟

تاوەكوو ئێستا هەدەپە، هیچ مەرجێكی بۆ بەربژێری ئۆپۆزسیۆنی توركیا، كە كەمال كلیچدارئۆغڵووە دانەناوە، تەنانەت دەمیرتاش لە تازەترین وتاریدا، دەڵێت هەدەپە، داوای پۆست و پلە لە كلیچدارئۆغڵو ناكات، بەڵكوو پڕنسیپەكانی هەدەپە دیارن، كە خۆی لە 12 خاڵ دەبینێتەوە، ئەویش بەرگریكردن لە دیموكراتی و ئازادی تاك و مافی مرۆڤ...هتد.

كەواتە هەدەپە، ستراتیژییەتی هەڵبژاردنی روون نییە، پرسی كورد و خوێندن بە زمانی كورد لە توركیا نەبووەتە بابەتی گرنگی هەدەپە، تەنیا چەند دروشمێكی بەرز كردووەتەوە، كە هەموو پارتێك لە توركیا بەرزی دەكاتەوە، تەنانەت پارتە نەژادپەرستەكانیش.

ئۆپۆزسیۆنی توركیا، كە شەش پارتی سیاسین لەسەر 12 مادە پێكهاتوون كە ئەگەر بێنە دەسەڵات جێبەجێی دەكەن، هیچ خاڵێك باسی چارەسەركردنی پرسی كوردی تێدا نییە، تەنیا سەرۆكەكانی ئۆپۆزسیۆن، لە میتینگكەكاندا دەڵێن، پرسی كورد چارە دەكەین و كورد مافی خۆیەتی بە زمانی دایك بخوێنێت، ئەمەش دەمانباتەوە ئەو مێژووەی، كە دەنگدەری كورد تەنیا بە دروشم و بەڵێنی درۆ هەڵخەڵەتێنراوە و پاشان پشتیان تێكردوون.

هەدەپەش هێرشەكانی بۆ سەر ئەردۆغان چڕ كردووەتەوە، هەموو هەوڵیان بۆ ئەوەیە ئەردۆغان لەسەر كوردی دەسەڵات نەمێنێت و ئەجەلی ئەردۆغان بەدەستی هەدەپە بێت، وەكوو چۆن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019، ئەجەلی سەرۆكی شارەوانی ئیستانبۆڵ و ئەنكەرای ئاكەپە بەدەستی هەدەپە بوو، دەیەوێت هەمان سیناریۆ دووبارە بكاتەوە، ئەمەش هەڵەیەكی گەورەی ستراتیژی هەدەپەیە، چونكە هەلێكی گەورەی بۆ هاتووەتە پێش، تا بتوانێت مەرجەكانی كورد بەسەر ئۆپۆزسیۆندا بسەپێنێت، ئەگەریش ئۆپۆزسیۆن گوتی جێبەجێی ناكەم، زۆر ئاساییە بۆ بەرژەوەندی كوردانی باكوور، دەست بخاتە ناو دەستی ئەردۆغان، چونكە ئەردۆغان لە هەموو كات زیاتر پێویستی بە هەدەپەیە و ئەگەر هەدەپە رزگاری بكات و نەیەڵێت دووچاری شكست ببێتەوە لەم هەڵبژاردنەدا، ئەردۆغانیش رێگە بدات كورد بە زمانی دایك بخوێنێت و پرسی چارەسەری بهێنێتەوە بەرباس، ئەوكات دەكرێت بڵێین هەدەپە بەستراتیژەوە چووەتە ناو هەڵبژاردن، بەڵام بەداخەوە تاوەكوو ئێستا هەدەپە بێستراتیژە و كوێرانە پشتگیری لە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی دەكات.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP