دواین هەواڵ

ئەگەر ئەردۆغان بدۆڕێت چی روو دەدات؟

‌كارزان گلی

19/03/2023

زۆر لە خوێنەران پێیانوایە، ئەگەر لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی توركیادا، رەجەب تەییب ئەردۆغان و پارتەكەی دووچاری شكست ببنەوە، ئیدی ئەردۆغان كۆتایی پێدێت و خۆری خۆی و پارتەكەی لە سیاسەت ئاوا دەبێت، بەڵام بیریان چووە، كە دۆڕانی ئەردۆغان، تەنیا لەم هەڵبژاردنەیە و لەناو پەرلەمان پێگەیەكی گەورەی دەبێت.

ئەگەر كەمال كلیچدارئۆغڵو، بەربژێری ئۆپۆزسیۆنی توركیا، بتوانێت سەركەوتن بەسەر ئەردۆغاندا بهێنێت، لەناو پەرلەمانیش ئاكەپە و مەهەپە، زۆرینە لەدەست بدەن، بەو مانایە نییە كە خۆریان بەتەواوی لە سیاسەت ئاوا بووە، نەخێر رەنگە خۆیان كۆبكەنەوە و بتوانن لە هەڵبژاردنی داهاتوو، واتە دوای پێنج ساڵی تر، بگەڕێنەوە سەر دەسەڵات، ئەمەش پلانی B ئەردۆغانی پێدەڵێن.
دەنگی پارتەكەی ئەردۆغان بەگوێرەی ئەو راپرسییانەی ئەنجام دراون، 30 بۆ 35%ە، دەكاتە نزیكەی 230 كورسی پەرلەمان لە كۆی 600 كورسی، لێرەدا بۆمان روون دەبێتەوە كە ئاكەپە، دەبێتە پارتێكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن و رۆڵی ئێستای جەهەپە دەبینیێت، دەتوانین بڵێن، شكستی ئەردۆغان و بوونی بە ئۆپۆزسیۆن، ساتە ئاڵتوونییەكانی ئەو دەبن، چونكە دەبێتە بینەرێكی وردی شانۆی بەڕێوەبردنی وڵات، كە شەش پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینن.

توركیا بە قەیرانێكی زۆر سەختی داراییدا تێپەڕ دەبێت، نزیكەی 400 ملیار دۆلاری بانكە جیهانییەكان قەرزارە و هەموو مانگێك كورتهێنان 30 ملیار لیرەی توركییە، جیا لەوەش، لەناو دام و دەزگاكانی حكوومەت و سەربازی، ئەردۆغان بەجۆرێك رەگی داكوتاوە، كە سڕینەوەی ئاسەواری زۆر زۆر ئەستەمە، بۆیە ئەردۆغان چاوەڕێ دەكات، تا شانۆگەرییەكە تەواو بێت، ئەگەر بینەر بەدڵی نەبێت، ئیدی بۆ خۆی دێتەوە سەر شانۆ و رۆڵی سەرەكی دەبینێت. واتە رەنگە ئەستەم بێت، ئۆپۆزسیۆنی توركیا بتوانێت ئەو ئاسەوارە خراپەی ئەردۆغان جێیهێشتووە، بە پێنج ساڵ چارەسەر بكات، یان چاك بكاتەوە.

دەكرێت هەڵبژاردنی بەڕازیل بە نموونە وەربگرین، بۆڵسۆنارۆ، كە چەندین ساڵە لەسەر دەسەڵات بوو و بەڕازیلی بەڕێوە دەبرد، لە هەڵبژاردنی 2022، دووچاری شكستێكی گەورە بووەوە بەرامبەر بە لویز لولای چەپڕەو. لولا، پێشتر سەرۆك وەزیرانی بەڕازیل بووە، بەڵام لە هەڵبژاردندا شكستی هێناوە، ئەو شكستەكەی كۆتایی بە ژیانی سیاسی نەهێنا، بەڵكوو خۆی كۆ كردەوە و توانی لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی 2022 بە 50.83%، بەسەر ركابەرەكەیدا سەركەوێت و دووبارە هاتەوە سەر كورسی دەسەڵات لە بەڕازیل.
ئەمەش بۆ توركیا و ئەردۆغان ئەگەرێكی بەهێزە، بەو مەرجەی ئۆپۆزسیۆنی توركیا نەتوانن لە ماوەی پێنج ساڵی دەسەڵاتدارییاندا، توركیا بە جوانی بەڕێوە ببەن، یاخود بەڵێنەكانیان نەبەنە سەر، كە باشتركردنی رەوشی ئابووری و بەرەوپێشچوونی پرسی كورد لە گرنگەكانن.

كەواتە هەموو شكستێك بەمانای كۆتایی كەسی شكستخواردوو نییە، رەنگە ئەو شكستە ببێتە وانەیەكی باش تا بتوانێت هەڵەكانی خۆی راست بكاتەوە و دووبارە بەسەركەوتووی بێتەوە ناو شانۆی سیاسەت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP