دواین هەواڵ

گەندەڵی و شۆرش: هەرەسی ئایدیۆلۆجیا

‌لاوک سەلاح

18/03/2023

کە باس دێتە سەر پەیوەندی نێوان گەندەڵی و شۆرش، دەستبەجێ سەرنجمان بۆ رۆمانە بچووکەکەی جۆرج ئۆرۆیل "کێڵگەی ئاژەڵ" دەچێت، ئەم رۆمانە ناوازەیە پەیوەندی نێوان هێز و دەستەڵات و ئایدیۆلۆژیا و گەندەڵی سیاسی بەرجەستە دەکات، رۆمانێک وانوسراوە کە گومان لە پەیکەر و ئامانج و بەهای هەموو شۆرشەکان دەکات، بەتایبەتی ئەو شۆرشانەی کە پاساوەکانیان بۆ وەچنگهێنانی دەستەڵاتی رەهای سیاسی بەکاردەهێنن تا رادەی پیرۆزی و دواتر دەبنە فۆرمێکی سیاسی زەقی تۆتالیتارییەت و بەربەرییەت.

جۆرج ئۆرۆیل، بە مانایەکی دیکە، دەخوازێت ئەو راستییە بەیان بکات کە هەموو شۆرشێک بە پاساوی بەرگریکردن لە دادپەروەری و گەرانەوەی ماف بۆ کۆمەڵگە و نەهێشتنی گەندەڵی سەرهەڵدەدا، بەڵام دواتر ئەوە نەوەکانی شۆرش خۆیانن دەست دەدەنە چەواشەکاری و فڕیودان و قەلاچۆکردنی یەکتر، ئەوە، نەوە و منداڵە شەرعییەکانی شۆرش خۆیانن بە پاساوای پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆرش خۆیان هەتیوو دەکەن، دیارترین نموونە ئەزموونی خوێناوی بەناو شۆرشی "حزبی بەعس"ه. بەداخەوە، کە شۆرش لە ناوەرۆک و بەها سەرەتاییەکانی بەتاڵ دەکرێتەوە، بازنە و سووڕی ژیان بۆ بەناو شۆرشێکی نوێ دەستپێدەکاتەوە بۆ ئەوەی جێگای ئەوەی یەکەم بگرێتەوە و پاڵەوانی وەهمی دیکەی بەناوشۆرشگێر بێنە گۆڕەپانی سیاسەتەوە.

دیارترین پرسیار و عیبرەتی سەخت و سەرەکی بۆ نەوەکان و کۆمەڵگەی ئەمێستاکە بە گشتی ئەوەیە بۆ شۆڕشەکان و کودەتا سەربازییەکان لە ناوچەکانی ئێمەدا هەر بەردەوامن؟ بۆ خۆمان دەست بە شۆرش دەکەین و دواتر هەرەسی پێدەهێنین؟ بۆ خۆمان پاڵەوانەکان لە قووڕی وەهم دروست دەکەین و دواتر رەجمیان دەکەین؟ بۆ وەک مێژوویەکی رەش بە مەرگیان دەسپێرین؟ ئایا لە نێوان شۆرشی کۆن و نوێدا هیچ پانتاییەک بۆ ژیاندۆستی و مرۆڤدۆستی نییە؟ ئایا ئەوە راست نییە کە دەبێت گومان لە تواناکانی خۆمان بکەین تاوەکو توندوتیژی سیاسی و پەلاماردانی سەربازی نەمێنێت؟ بەڵام چۆن؟ ئایا دەرفەت بۆ پێداچوونەوەیەکی ریشەیی ماوە؟ ئەگەر ماوە، کێ ئەم کارە بکات؟

بۆ ئەوەی خۆمان لە شۆرشی شکستخواردو و توندوتیژی سیاسی بپارێزین، پێوستمان بە بیناکردنی ژێرخانی کۆمەڵگەیە، هیچ شۆرشێک ئەم کارەی نەکردووە، ئەوەی دەست بەسەر حوکمدا دەگرێت، هەمیشە فۆبیای ئەوەی هەیە کە رۆژێک دێت ئەویش لەسەر حوکم لادەبرێت. ئەو شۆرشە تۆتالیتاریانەی رەشهەڵاتی (رۆژهەڵاتی) ناوەڕاست کە لە ماوەیەکی کورت لە مێژوودا ماونەتەوە لە خودی میکافیللی، میکافیللیتربوون. ئایا، ئەمێستاکە، هەمان دۆخی سیاسی باوی جارانە، هەمان سەردەمی ئەوسایە، سەردەمی "کێڵگەی ئاژەڵ" ە؟ یاخود، نەخێر، سەردەمێکی سیاسی نوێیە و دەرفەتی ئەوە هەیە ببێتە دووڕیانێکی سیاسی مێژووی بۆ دوورکەوتنەوە لەو رۆژگارە رەش و تاڵە.

بەندە، پێشنیاری "پرۆژەی پەرپێدانی سیاسی هەمیشە بەردەوام" واتە Sustainable Political” “Development Project دەکەم، رەنگە چارەسەرێکی سەرەتایی بێت بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی شۆرش و پاراستنی کۆمەڵگە لە بەلاڕێدان، بەڵام ئەم پرۆژە کە دوورمەودایە و درێژخایەن و هەمەلایەنەیە، پرۆسەیەکی رێنیسانسی کۆمەڵگەیە کە دەستەڵاتەکان بەسەر دامەزراوەکاندا دابەش دەکات، پرۆسەیەکە هەموو دامەزراوەکانی کۆمەڵگە لە پرۆسەی سیاسیدا بەشداردەبن. ئەگەر وردە وردە کار بۆ دامەزراندنی ئەو پرۆژەیە نەکرێت ئەو دۆخە سیاسییە مێژووییە باو و تاڵە هەر بەردەوام دەبێت و قوربانی و کوشتار وەک شوناسی هەموو سەردەمەکان دەمێنێتەوە و دواکەوتنی مەعریفی و سیاسی هەر بەردەوام دەبێت و سووڕی ژیانی لە دایکبوون و مەرگی شۆرش وەک پرۆسەیەکی سیزیفیانە بۆ گەڕان بەدوای پاڵەوانە سێبەرەکانی نێو کۆمەڵگەدا بەردەوام دەبێت، گەڕان دەبێت بەدوای پاڵەوانێک لە بەرگی پێغەمبەردا، لە دۆخی دواکەوتنی شارستانی و مەدەنیەدا، بەداخەوە، هەموو دەڕواننە پاڵەوانە یەزدانییەکان، لەبەرئەوەی کۆمەڵگە توانای نییە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات!

لە فراوانکردنی پرۆژە و پەیوەندییە سیاسییە دەرەکییەکان، وەک بەشێک لەو پرۆژە سیاسییەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، پێویستمان بەوەیە ئەو پەیوەندییانە بکەینە پرۆژەی پتەوکردنی ژێرخانی کۆمەڵگە تاوەکو شەرعیەتی سیاسی وەک بەشێک لە گەشەپێدانی سیاسی کۆمەڵگە بەردەوام بێت. قەت، فراوان بوونی پەیوەندییە سیاسییە دەرەکییەکان بەتەنیا شەرعەیەتی وجود و شۆرش ناپارێزێت، لەبەرئەوەی ئەو پەیوەندییە سیاسییانە کاتیین، گرنگە ئیرادە و حیکمەتی سیاسی هەبن تاوەکو زووە بکرێنە پرۆژەی سەرتاپا کۆمەڵگە، نموونەیەکی سادە، سەدام حوسێن بەرفراوانترین پەیوەندی سیاسی لەگەڵ هەموو دونیادا هەبوو، بە نەوت خەڵکی دەکڕی، بەڵام ئەو کاتەی هاوکێشە و بەرژوەندییە سیاسییەکان گۆرا، کەس نەما پشتی پێ ببەستێت، نە دامەزراوە سەربازییە شەکەتەکەی، نە پارتە سیاسییە تاوانبارەکەی و نە هاوڵاتییە ئاساییەکانی کۆمەڵگە. ئەو، خۆی پاساوی مەرگی خۆی دایە دەست دوژمن و نەیارەکانی، کەواتە عیبرەتێکی دیکە بۆ مانەوەی شەرعیەتی سیاسی، دامەزراندنی دامەزراوەی نیشتمانییە بە کادیری نیشتمانی لێهاتوو لەسەر بنەمای توانایی پیشەیی، دوور لە بەغالەت و ئیرەیی و گرفتە کوشندەکانی دیکەی کۆمەڵگە کە شەرعیەتی سیاسی لە مانا رەسەنەکانی بەتاڵ دەکەنەوە و دواتر دەپووکێنەوە. بۆ زانیاری خوێنەر، لەم سەردەمەدا، خاوەنی دەستەواژەو زاراوەکانی وەک دامەزراوەی نیشتمانی و کادیری نیشتمانی هی ئەوانەن کە بەشێکن لەبەرنامە سیاسییە عەمەلییە راستەقینەکەیان، ئەگەر لە دەستەڵات یان ئۆپۆزیسیۆندابن.

زۆر جار لە فراوانکردنی پەیوەندییە سیاسییە دەرەکییەکان دونیایەک بیرۆکە و پرۆژە باس دەکرێن بۆ ئەوەی کاریان لەسەر بکرێت، بۆ نموونە، هێنانی بانکێکی ناوبانگی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان کار بکات، یاخود دامەزراندنی خەستەخانەیەک لەلایەن کۆمپانییایەکی نێودەوڵەتییەوە، یاخود دامەزراندنی پرۆژەی گاز، بێگومان ئەم پرۆژانە زۆر چاکن، بەڵام دامەزراندنیان وەک خۆیان، واتە بە یاسا و بە کارمەند و بە ئامێری خۆیانەوە، ستراتیژیەتی نیشتمانی پرۆژەکە ناگەیەنێت و یارمەتی دامەزراندنی ئەو دامەزراوە نیشتمانییە نادات ئەگەر لە ستراتیژییەتەکەدا ئامانج پتەوکردنی ژێرخانی کۆمەڵگە نەبێت، ئەگەر مەبەستێکی راستەقینە لە پرۆژەکە چاکردنی یاساکانی وەبەرهێنان و بیناکردنی کۆمەڵگەی پاش جەنگ و دەوڵەتداری و حکومڕانی دروست و پەرەپێدانی تواناکانی لەگەڵ نەبێت، ئەو کۆڵەکانە پێویستن بۆ ئەوەی دامەزراوەکان ببنە نیشتمانی و سەروەریی نیشتمانیان هەبێت.

لە یادمە، ئەو کاتەی لە کۆمپانیای لافارجی فەرەنسی بەرێوەبەری پەیوەندییەکان و فێربوون و راهێنان بووم، سەباری ئەوەی کە بودجەیەکی گونجاو بۆ پەرەپێدانی کارامایی کارمەندەکان تەرخان کرا بوو، کە ئەمە بە یەکەمین هەنگاوی کەرتی تایبەت دەژمێردرێت لە خوڵقاندنی کارامەیی پیشەی، بەڵام کەڵێنێکی دیار لە رێکخستنی پەیوەندی یاسایی نێوان کۆمپانیاکە و کارمەندەکان و کۆمپانیای ناوخۆدا هەبوو، بەرنامەکە پشتگیری زیاتری دەویست تاوەکو ئەو کارامەییە کە کار لەسەر پەرەپێدانی کارمەندی نیشتمانی دەکات لە دەستی نەچێت. رەخساندنی زەمینەک بۆ سەقامگیری دۆخی سیاسی، یارمەتی هێنانەکایەی کارامەیی پیشەیی نیشتمانی دەدات. ئەو کات، پرۆژەکە ساوابوو و کاری زۆری دەویست لەوەی چۆن پرۆژە نیشتمانییەکان لە کاتی گواستنەوە لە دۆخی ناسەقامگیری پاش شۆرش و جەنگەوە بۆ قۆناغی سەقامگیری گەشەپێدانی سیاسی و ئابووری کاریگەر دەبن و بەردەوام دەبن. بێگومان ئەزموونەکە قسەی زیاتر هەڵدەگرێت.

پوختەی قسە: ئەوە، ئەو پەیوەندییە جەدەلییەی نێوان گەندەڵی و شۆرشە کە سروشتی سیستمی سیاسی دەستنیشان دەکات، ئەوە، ئەو گۆرانکاریە سیاسیانەیە کە توانای ئیداری شۆرش تاقی دەکاتەوە و خەسڵەتی سیاسی بۆ مێژوو تۆمار دەکات. لەوێوە گەندەڵی سیاسی و ململانێ لەسەر دەستەڵات دەستپێدەکات، ئامانجە ستراتیژییەکان کاڵ دەکاتەوە یان جێبەجێیان دەکات. لەم پوختەیەدا، دەخوازم ئەو پرسیارە بورۆژێنم؛ ئایا لە ئەمێستاکەدا پێویستمان بە شۆرش ماوە؟ لە کاتێکدا، شۆرش نەوەک گەندەڵییەکانی کۆنی رانەماڵی بەڵکو زیادی کردن. بەندە لەو بڕوایەدایە کە سەردەمی شۆرش و ئایدۆلۆجیا بە وێنەی بەهەشت و یۆتۆبیا گوزەشت، ئەمێستاکە، سەردەمی کۆکردنەوەی پەرتەوازەیی بەهاکانە، نەوەک تەنانەت بەرجەستەکردنیان، سەردەمی جەنگە ئابوورییەکانە کە ئەکتەرە سیاسییەکان بەربەرییانە دەجەنگن بۆ وەدەستهێنان و کۆنترۆڵکردنی دەستەڵاتی سیاسی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP