دواین هەواڵ

ئەورووپا و ئەمریكا چی دەكەن تا ئۆپۆزسیۆن دەسەڵات لە ئەردۆغان وەرگبرێتەوە؟

‌كارزان گلی

18/03/2023

میدیاكانی ئەورووپا و ئەمریكا، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پروپاگندە بۆ كەمال كلیچدارئۆغڵو، بەربژێری ئۆپۆزسیۆن دەكەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، سیاسییەكانیشیان بەهەمان شێوە لەگەڵ بردنەوەی ئۆپۆزسیۆنی توركیان. بۆچی دژی رەجەب تەییب ئەردۆغانن؟ لەكاتێكدا لە هەڵبژاردنی 2002، پشتگیری تەواوی ئەردۆغان بوون، تەنانەت بڕیارێكی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بوو، رێگەیدا ئەردۆغان بێتەوە ناو كایەی سیاسەت.

پشتكردن لە ئەورووپا و روو لە رووسیا

ئەردۆغان، لەوكاتەی بووە سەركۆماری توركیا لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا، بێمنەتی خۆی بەرامبەر بە ئەورووپا دەربڕی، بەردەوام رەخنەی لێدەگرتن و دەیگوت ئێوە دژی بەرژەوەندی توركیان و چاوتان بەو سەركەتنەی توركیا هەڵنایەت.

ئەردۆغان، لە رێگەی میدیایەكی زەبەڵاحەوە، بەرەیەكی شەڕی لەگەڵ ئەورووپادا كردەوە، بەتایبەت لەگەڵ هۆڵەندا و سوید و فەڕەنسا. كار گەیشتە ئەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماكڕۆن سەرۆكی فەڕەنسا، بەئاشكرا قسەی توند بەیەكتری بڵێن و بە دكتاتۆر ناوی یەكتریان دەهێنا.

ئەردۆغان، رووی لە رووسیا كرد، بەتایبەت كاتێك بڕیاری كۆتاییدا بە كڕینی مووشەكی بەرگری S400 لە رووسیا، كە ئەو بڕیارە دژی بەرژەوەندی ناتۆ بوو، چونكە لە یاساكانی ناتۆدا هاتووە، هیچ وڵاتێك نابێت بەبێ رەزامەندی ناتۆ چەك لە نەیارانی ناتۆ بكڕێت، بەڵام ئەردۆغان گوێی پێنەدان و بەبڕی چوار ملیار دۆلار مووشەكی بەرگری لە رووسیا كڕی.

ناكۆكی نێوان یۆنان و توركیا، لەسەر دەریای سپی ناوڕاست و گەڕان بەدوای گازی سروشتیدا، ئەمریكا و ئەورووپای زیاتر لە توركیا دوور خستەوە، چونكە فەڕەنسا و ئەمریكا پشتگیرییان لە یۆنان كرد، تەنانەت چەكی قورسی وەكوو فڕۆكەی F16 یان دایە یۆنان و چەندین مانۆڕەی سەربازیشیان پێكەوە لەسەر سنووری توركیا ئەنجامدا.

ئەردۆغان، چۆكی دانەدا و هەر بەردەوام بوو لە دژایەتی ئەمریكا و یۆنان، هەروەها موژدەی دایە گەلی توركیا، كە مافی خۆیان لە دەریای سپی ناوەڕاست بەدەست دەهێنن و توركیا دەكەنە خاوەن گازی سروشتیی خۆی.

بوونی یەپەگە لە سووریا

خاڵێكی تری ناكۆكی نێوان ئەمریكا و ئەوروپا و ئەردۆغان، پرسی یەپەگەیە لە رۆژئاوای كوردستان، چونكە توركیا پێیوایە ئەو پارتە پەكەكەیە، بەڵام ماكیاژی بۆ كراوە، بەڵام ئەمریكا و وڵاتانی ئەورووپی، پێیانوایە یەپەگە هەبوونی گرنگە و هێزێكی زەمینی گەورەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گروپی تیرۆرستی داعش.

ئەردۆغان، پلانی دانا تا بتوانێت هێرش بكاتە سەر رۆژئاوا و یەپەگە تا لە كۆبانێ و قامشلۆ لەناویان ببات، بەڵام ئەمریكا رێگری لێكرد، فەڕەنسا و ئەڵمانیاش بەهەمان شێوە پشتگیری خۆیان بۆ یەپەگە دەربڕی و گوتیان ئەگەر توركیا هێرش بكات، داعش زیندوو دەبێتەوە و مەترسییەكی تری گەورە رووبەڕووی جیهان دەبێتەوە.

ئەردۆغان بەردەوام ئەمریكا و ئەورووپا بەوە تۆمەتبار دەكات، كە پشتگیری لە یەپەگە دەكەن و دەڵێت دەبێت پشتگیری لە هاوپەیمانەكەیان لە ناتۆ كە توركیایە بكەن، كەچی دژی توركیا پشتگیری لە تیرۆرستان دەكەن.

دەمیرتاش و كاڤالا و دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا

دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، دووجار بڕیاری ئازادكردنی بۆ سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە و عوسمان كاڤالا، چالاكوانی توركیا دەركرد، بەڵام ئەردۆغان، بەدەنگی بەرز دژی ئەو بریارە وەستایەوە و گوتی حیساب بۆ بڕیاری دادگا ناكەین.

توركیا ئەندامی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپایە، بەگوێرەی دەستووری توركیا و مادەی 90، ئەگەر هەر بڕیارێك لە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، یان هەر دادگایەكی نێودەوڵەتی كە توركیا ئەندامە تێیدا، لەگەڵ بڕیارێكی دادگای توركیا ناكۆك بوو، پێویستە بڕیاری دادگا نێودەوڵەتییەكە جێبەجێ بكرێت، چونكە ئەو دادگایە لەسەرووی دادگاكانی توركیایە.

لێرەدا توركیا پێشێلی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپای كردووە، كە ئەمەش یەكێتی ئەورووپای توڕە كردووە و دەڵێن ئەردۆغان تاكڕەوە و دەستوەردان لە دادگاكانی توركیا دەكات، بۆیە دەبێت لێی دووركەوینەوە.

ئەردۆغان، كاتێك رێگری لێكرا لە هەڵبژاردنی 2002 خۆی بەربژێر بكات بۆ پەرلەمان، چونكە بەبڕیاری دادگای باڵای توركیا، قەدەغەی سیاسەتی لەسەر جێبەجێ كرا، رووی لە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا كرد و داوای یاسایی تۆمار كرد، دوای ئەوەی دادگا بەدۆسیەكەیدا چووەوە و لێكۆڵینەوەی لەسەر كرد، بۆی دەركەوت ئەردۆغان بێتاوانە، بۆیە بڕیاریدا بگەڕێتەوە ناو كایەی سیاسەت و قەدەغەی سیاسەتكردنی لەسەر هەڵگیرا. ئەوكات دادگای توركیا بڕیارەكەی جێبەجێ كرد و ئەردۆغان بووە سەرۆك وەزیرانی توركیا، بەڵام ئێستا ئەردۆغان دەڵێت حیساب بۆ دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا ناكەم، ئەمەش ئەورووپای لە ئەردۆغان توڕە كردووە.

ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ بەنەمانی ئەردۆغان ئاسان دەبێت

سوید و فینلەندا، بەفەرمی داوایان كردووە ببنە ئەندامی ناتۆ، بەڵام توركیا رێگرە لەبەردەم ئەو پڕۆسەیە و دەڵێت، تا ئەو دوو وڵاتە مەرجەكانی توركیا جێبەجێ نەكەن، بەبەڵی دەنگ بۆ ئەندامبوونیان لە ناتۆ نادەین.

توركیا، پێیوایە سوید و فینلەندا پشتگیری لە پەكەكە دەكەن، لە وڵاتی خۆیانەوە رێگە دەدەن پەكەكە چالاكی سیاسی بكات و رێپێوان دژی توركیا بكات، هەروەها لیستێكی داوەتە سوید و فینلەندا و داوا دەكات 63 ئەندامی پەكەكەیان رادەست بكات و لە توركیا دادگاییان بكات، ئەگەرچی تاوەكوو ئێستا سوید پێنج پەكەكەی رادەست كردووە، بەڵام توركیا دڵی ئاو ناخواتەوە و داوای هەموویان دەكات.

توركیا، داوا لە سوید و فینلەندا دەكات، پشتگیری سەربازی و لۆجیستی یەپەگە نەكەن و بەفەرمی وەكوو پارتێكی تیرۆرستی بیناسێنن، بەڵام سوید و فینلەندا ئەو داوایەی توركیایان رەتكردووەتەوە و دەڵێن، یەپەگە دژی داعش شەڕ دەكات و پێویستە پشتگیری بكرێت.

ئەمریكا، هەموو هەوڵێكی داوە تا بتوانێت توركیا رازی بكات، سوید و فینلەندا ببنە ئەندامی ناتۆ، بەڵام ئەردۆغان رازی نییە، بۆیە پێیانوایە بە نەمانی ئەردۆغان لەسەر كورسی سەرۆكایەتیی، ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆ ئاسانتر دەبێت.

دەبێت ئەوەش بەبیر خوێنەر بهێنینەوە، كە جۆ بایدن، سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەر لەوەی ببێتە سەركۆمار، لە كۆنفڕانسێكدا لە ئەمریكا، دژی ئەردۆغان قسەی كرد و گوتی: ”پێویستە ئەمریكا پاڵپشتی لە ئۆپۆزسیۆنی توركیا بكات، تا بتوانن لە هەڵبژاردندا بەسەر ئەردۆغاندا سەركەون، چونكە ئەردۆغان دیكتاتۆرە و نابێت ئەمریكا مامەڵەی لەگەڵدا بكات“

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP