دواین هەواڵ

لە کوردستان چیم بیست؟

‌د.سەردار عەزیز

15/03/2023

چەند هەفتەی ڕابوردو لە کوردستان بووم. لە کۆڕبەندی هەولێر لە مێزگردێکدا سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی ئێران و کاریگەریی لە ناوچەکە بەشداربووم. ئەوەی لەوێ بیستم لە نوسینێکی تردا بۆتانی دەگێڕمەوە. زۆرم دەربارەی هەڵبژاردن بیست، دەربارەی گۆڕین و نەگۆڕینی یاساکەی. لە میانەی کارم لە ماوەی ڕابوردودا لە سەر پرسی نوێنەرایەتی لە لای خەڵکی کوردستان، هەست دەکەم هێشتا زۆری دەوێت هەتا خەڵکی کوردستان بزانێت چۆن سود لە هەڵبژاردن وەربگرێت. چۆن خۆی لە دۆخی توڕەیی و خەڵکی هەڵەشە و فریوخواردن و وەعدی فڕیو ڕزگار بکات. هەڵبژاردن وەک یارییکردنە بە ئاگر، دەکرێت زۆر بە سودبێت و دەشکرێت زۆر بێ سود یان تەنانەت زەرەرمەندبێت.

هەروەها بیستم لە سلێمانی وەک قارچک لیست هەڵدەقڵۆپێ. لیست چەمکێکی ناسیاسی سەیرە. لیست یانی کۆمەڵێک ناو و کەسایەتی خۆیان پێکەوە ڕیزکردوە، بۆ کێبڕکێ و بردنەوە لە هەڵبژاردندا. بونی لیست نیشانەی هەژاری پێکەوەبونی سیاسی و هەروەها هەژاری خۆڕێکخستنی سیاسیە. بە گشتی لیست خاوەن دید و فەلسەفەی حوکمڕانی نیە، بە پەلەپروزکە هەڵدەکڵوزێنرێت و هەمیشە ئەگەری زۆرە پاش هەڵبژاردن پەرش و بڵاوبێت. دۆخی سلێمانی لە ڕوی سیاسییەوە مایەی سەرنجە. بە داخەوە لە بەر نەبونی خەڵکی شارەزا لە بواری زانستی سیاسەتەدا هیچ کارێکی قوڵ دەربارەی ئەو دۆخە پشێوییە نابینین.
ئێوارەیەک پێش ئەوەی بگەڕێمەوە بۆ گەرمیان لە گەڵ ئێروینی هاوڕێمدا، لە خانەی بیری کلینگەدێڵی هۆڵەندی، پێکەوە پیاسەیەکی ئیسکانمان کرد لە هەولێر. ئیسکان جێگایەکی سەرنجڕاکێشە. جگە لەوە بەشێکە لە پرۆسەی شارسازی کورد لە بۆتەقەی شەڕی ناوخۆدا، وەک ڕکەبەریی سەهۆڵەکە، هەروەها بەشێکە لە ئەو ڕێتمە کۆنە ڕۆمانییە کە نان و سیرک panem et circenses پێکەوە گرێدەدات.

ئیسکان بە گشتی شوێنی چا و گوڵەبەرۆژە و تەماشاکردنی وەرزشە. کە دەچنە خانەی سیرکی ڕۆمانییەوە. ئێروین بەلایەوە جێگایەکی دڵگیر بوو. پاشان لە کۆگایەکی چەرەزات هەندێک بادەممان کڕی. لە گەڵ ئێرونیدا باسی دوو کابرای ئێرانیمان کرد. یەکێکیان لوڕ بوو، پێکەوە لە گەڵ ئێروین و کچێکی فینلەندی لە سەر مێزێک چامان خوارد ڕۆژی پێشوو. کابرای لوڕ پێی ناخۆش بوو پێمگوت کوردیت. بەلامەوە جێگای بەزەیی بوو، کە چۆن نکوڵی لە ڕەچەڵەکی خۆی دەکرد و هەمیشە هەوڵی دەدا کە ئێرانی بێت. ڕقی زۆری لە کورد بوو. ئێروین ووتی پێویست ناکات سوکایەتی پێ بکەیت.

ڕۆژی پێشتر بەیانییەکەی بە پێیان بە ناو بازاڕی هەولێردا ڕۆشتم، بە قەڵادا سەرکەوتم و پاشان لە پشت مەچکۆوە دابەزیم. لە شوێنی وێنەگرتنەکەی پشت مەچکۆ لە کۆمەڵێک لاوی عەرەبم ڕوانی کە خەریکی وێناگرتن بوون. جل و شێوازی وێناو قسەکردنەکانیان جێگای سەرنج بوو. بیستم، جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان نەوەی لاو و نەوەی کۆنی عەرەبدا لە عێراق.

نەوەی نوێ زیاتر کراوە و بەرخۆرن، وەک باوانیان بە دەست گڕێی دەسەڵات و باڵایی و ناسیونالیزمەوە ناناڵێنن. کوڕە عەرەبە لاوەکان بە زمانی کوردیش لە گەڵ لاوە کوردەکانیشدا دەدوان کاتێک داوای جگەرە و وەلاعەیان دەکرد. ڕەنگە چێژدۆستی و بەرخۆری ڕێگایەک بێت بۆ پێکەوەبون؟ بەڵام ئایا تەنها لە سەردەمی لاویدا پیادەدەکرێت یان ئێمە لە بەردەم گۆڕانکارییەکی نەوەییداین؟
ڕۆژی دواتر میوانی دوو ئەفسەری سەربازیی فینلەندیی بووم، کە کاری ڕاوێژکارییان بۆ دەکەم. بە ئۆتۆمبیلێکی درع بە دوامدا هاتن هەتا بچین پێکەوە نانی بەیانی ئۆرگانیک بخۆین. ئۆرگانیک ئەو جۆرە خواردنانەیە کە مادەی کیمیاییان تیادانیە، ئێستا لە ڕۆژئاوا بەشێکی سەرەکی خۆپاراستن لە نەخۆشی بە تایبەتی شێرپەنجە لە ڕێگای خواردنی سروشتییەوە، ئەوانەی کە هیچ مادەیەکی دەستکردیان تیادانیە. بەلامەوە سەیربوو لە هەولێر جێگایەکی وەها هەبێت. فینلەندییەکان خۆش مەشرەبوون، هەرچەندە ئەوان دانیان بە ئەوەدا دەنا کە لە ووردە قسەدا کڵۆڵن.

کاتێک باسی ئەو نوسینەم کرد دەربارەی بەخت و ڕێکەوت لە پەیوەندی کورد و ئەمڕیکادا، ئەفسەرێکیان گوتی نیتچە دەڵێت بەهێزەکان بڕوایان بە بەخت نیە. ئەفسەری سەربازیی و ماشێنی درع و نانی بەیانی ئۆرگانیک و فەلسەفە تێکەڵەیەکی هەرچەند ناجۆربوو، بەڵام خۆش بوو. لە شوێنی مانەوەکەم کابرایەکی ئیتالی نیمچە فاشیستی لێبوو لە پشتیوانانی ئەم سەرۆک وەزیرانەی ئێستا. یەک دوو جار نانی بەیانیمان پێکەوەخوارد. جارێکیان باسی سیخەیەکی خۆی بۆ کردم لە لوبنان، بەڵام ئەو بە کورتە چیرۆک ناوی دەبرد. بە قۆشمەوە دەیگوت، دەتوانم لە سی-ڤیەکەمدا بنوسم.
چێشتەنگا چوم بۆ سلێمانی. لە بەر خانمێکی سنەیی بە سماقوڵیدا ڕۆشتین. لە میانەی قسەکردندا وشەی عەجەمی بەکارهێنا بۆ فارس، نەوشیروان مستەفام بیرکەوتەوە، کە کەسێکی تر باسی کتێبەکەی میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی رۆم و عەجەمدا کرد. کتێبێکی باشە دەربارەی شەڕی ناوخۆی یان خۆخۆریی کورد. لە تەکسییەکەوە هەستت دەکرد گیای چیا و قەدپاڵەکان هاواری ئاویان دەکرد. خۆرەتاوێکی خۆش بوو.

کە گەشتمە گەرمیان پرسی دۆلار پرسی سەرەکی بوو. لە کوردستان، لە ڕوی ئابورییەوە، سێ چین لە خەڵک بونیان هەیە لە ئێستای کوردستاندا. چینێکی موچەخۆر، (زۆرترین سودمەند و زۆرترین بۆڵەبۆڵەکەر، کەمترین سود)، [بروا دەکەن یان نا، سۆڤیەت بەو زەبەلاحییە موچەخۆر ڕوخاندی]. چینێکی کاری سەربەخۆ لە گەڵ چینێکی بەرفراوان لە بێکار. ناسەقامگیریی و پاشان بەرزی نرخی دۆلار، ڕاستەوخۆ، بەڵام بە شێوازی جیاواز کاریگەریی لە سەر هەریەک لەم سێ چینە هەیە.

ئەوانەی لە بازاڕ کاردەکەن گلەیی ئەوەیان دەکرد کە هەموو شتێک بە دۆلار دەنرخێندرێت. هەروەها لەوە ناڕازیی بوون کە بڕی قازانجکردن ئێجگار کەمبوەتەوە، چونکە بە زۆری بەرزبونەوەی نرخ کاری لە سەر کەمکردنەوەی بڕی قازانجکردوە، بەجۆرێک کارکردن سودی نەماوە. ئەمە بە تایبەتی کە زۆرینەی کاڵای وڵات هاوردەیە. بیستم خەڵکی دەیانگوت، ئێمە تەنها بۆ تورکیا و ئێران و چین ئیش دەکەین.

سەرباری ئەمانە گلەیی زۆرم بیست دەربارەی سیستەمی باجی کوردستان، هەروەها گرانی نرخی سوتەمەنی. خاوەن تەنکەری زۆر لە کوردستان تەنکەرەکانیان دەبەن بۆ بەغدا هەتا لەوێ شەش سەد لیتر گاز بە نیوەی نرخی کوردستان وەربگرن، کە لە ئەنجامدا سەد لیتری دەسوتێینن و هەفتەیەک هاتوچۆ دەکەن. هەموو ئەمانەیان وەها دەبینی کە ڕێگریکردنە لە کارکردن و بەدەستهێنانی نان بە ئاسانی لە کوردستان. دەکرێت قسە لە سەر سیستەمی باج و بون یان نەبونی پاڵپشتی بۆ نرخی سوتەمەنی بکرێت، بە باش و بەخراپ. بەڵام هەر هەنگاوێک دەبێت ئەو لایەنە گرنگە لە بەرچاو بگرێت ئایا دەبێتە مایەی سودی گشتی یان بە پێچەوانەوە. زووتر بیستم کە هەردوو باج و نەهێشتنی پشتیوانی بۆ نرخی سوتەمەنی لە بەرنامەکانی بانکی نێودەوڵەتین.

دەربارەی بەغدا ڕای جیاوازم بیست. رایەک هەبوو کە گۆڕینی دەستور حەتمییە، دەبێت کورد خۆی بۆ ئامادە بکات. هەندێک پێیان باش بوو دەستور بگۆڕێت و ڕونییەکی زیاتری تیادابێت دەربارەی سامانی سروشتی و پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا. بەڵام هەندێکی تر پێیان وابوو، هەر دەستکارییەکی دەستور لە ئێستادا، نەک بە سودی کورد ناشکێتەوە، بەڵکو بە زیانی زۆری خەڵکی عێراق دەبێت، چونکە هێزە باڵاکانی عێراق خوازیاری ناوەندێتی و کەمکردنەوەی ئازادییەکان و بە دینیکردنی زیاتری دەوڵەتی عێراقین.

بیستم سەدر دەیەوێت عێراق ببێتە ولایەتی فەقیه. دیارە هەموو هێزەکان لە عێراق تاکە ئامانجیان مانەوە و زیادکردنی دەسەڵاتیانە، بەم پێیە کردنەوەی دەروازەی دەستور دەبێت مایەی نامەدنی بون و سەرکوتکردنی زیاتری خەڵکی عێراق لە بەرامبەر نوخبەیەکدا کە هیچ سنوڕێکی نیە بۆ بردن و کوشتن و گەندەڵیی.[ئاماژەکانی ئەمە لە یاسای نوێی هەڵبژارداندا بەدیدەکەیت لەپەرلەمانی عێراق].
حەزمکرد مەسگوفێک بخۆم بەڵام کە بیستم زۆربەی زۆری ماسیی وڵات لە باشورەوە دێت و داهاتەکەی دەچێتە گیرفانی میلیشیاکان، یەکێکن لە هۆکارە سەرەکییەکانی خراپی دۆخی ئاو لە وڵاتدا، وازم لەو حەزەش هێنا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP