ئەوەی لە ڕۆژئاڤا دەگوزەرێت، دۆخێکی بێوێنەیە. کورد بۆ یەکەمجارە ڕوبەڕوی چەندین شەڕی جۆراو جۆر دەبێتەوە. ئەم جۆراوجۆرکردنە زۆر زیان بە کورد و پرسەکەی دەگەیەنێت.
لە کاتێکدا شەڕی عەشیرەتەکان هەیە بەرامبەر کورد کە خواستی ماددی و کۆنە قینیان هەیە، لە هەمانکاتدا شەڕێکی حکومەتی ناوەند هەیە دژ بە خواستی خۆبەڕێوەبری کورد و لێسەندنی هەموو توانایەک بۆ خۆبەڕێوەبردن.
لە گەڵ ئەمانەدا جەنگێکی میدیای و دەرونی هەیە کە کورد تەنها تاوانبار ناکات بەڵکو تەکفیری دەکات. تەکفیر زەمینە سازییە بۆ پاکتاو و قڕ کردن.
لە هەمانکاتدا جەنگی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی وڵاتانی ناوچەکە و هێزە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەچێت.
ئەم جەنگانە لە یەک کاتدا، نەک هەر پرسی کورد ئاڵۆز دەکات و لە خواستی خۆی دووری دەخاتەوە، بەڵکو مۆبەلایزی خەڵکێکی زۆر دەکات دژ بە کورد بەبێ بونی هیچ پەیوەندییەک بە کورد و پرسەکەیەوە.
کورد هیچ نەبێت دەبێت خۆی لەم جەنگانە لەناوخۆیدا بە دوور بگرێت. چونکە ئامانجی ئەم جەنگانە ئەوەیە کە بهێنرێنە ناو کۆمەڵگای کوردییەوە. ئێستا خۆشبەختانە دەنگی پێکەوەبون و یەکبون زولالە، بەڵام دەبێت بە ئاگاییەوە هەنگاوەکان بنرێت، بە تایبەتی کە دێتە سەر دین.
دین گۆڕانکاری زۆری بە سەردا هاتوە. دین تەنها باوەڕ و خوداپەرستی نیە، بەڵکو ئامرازی جیوپۆلەتیکیشە. دەکرێت ئەو پەڕی دیندار بیت و ببیت بە قوربانی کەمپەینی تەکفیر. چونکە لە سەرەتادا خەڵک لە سەر بنەمای سیاسی و پرسی سیاسی تەکفیر دەکرێت نەک باوەڕ.
وەک ستراتیژیستی چینی دەڵێت، دەبێت خۆمان لە شەڕی زیادە بپارێزین.