دواین هەواڵ

لەبارەی عەبدوڵلای کوێخا موبارەکەوە

‌پشتیوان لەتیف

29/04/2021

ئەگەر عەبدوڵڵای کوێخا فەوجێکی حەشدی شەعبی دروست بکردایا ئەوا بەو جۆرە هێرشی نەدەکرایە سەر، خۆ دەبینین و دەشزانین نەک فەرماندە سەربازییەکان، بگرە ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد و زۆر لەوانەشی کە خۆیان بە نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ئەکادیمی دەزانن، بە ئاشکرا کارنامەی حەشدی شەعبی بەڕێوە دەبەن و دژایەتییەکی گەورەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێم دەکەن، بەڵام نەک بە نەفرەت ناکرێن، بەڵکوو وەک پاڵەوان پەسنیان دەکەن!

زۆر لە سەرکردەکانی سەرگردەکە لە گردەکەوە شۆڕبوونەوە و چوونە نێو یەکێتی، بەڵام هیچ کاردانەوەیەکی لە شەقام و سۆشیەڵمیدیا دروست نەکرد و نەبووە مایەی "بێهیوابوون لە گۆڕانکاری"! ئاخر گەڕانەوەی سەرکەوتی کوبە کە بەرپرسی دۆسیەی زانیاری و ئەمنی بزووتنەوەی گۆڕان بوو مایەی بێهیواییبوون بوو یاخود کشانەوەی مەسعوود حەیدەر؟

ئاخر بوونەوە بە یەکێتی عوسمان بانیمارانی مایەی بێهیوایی بوو یاخود وازهێنانی محەممەد حاجی؟ هەر بەڕاست دوورکەوتنەوە و گوێنەگرتنی پەرلەمانتارەکانی گۆڕان چ ئەوانەی بەغدا و چ ئەوانەی هەرێم لە بزووتنەوەکە و کارنامە و سیاسەتەکانی بزووتنەوەکە مایەی بێهیوابوونە یاخود بە پارتیبوونی عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک؟

ئێوە کە باوەڕتان بەو ڕەوتە پۆپۆلیستییەی خۆتان هەیە و لاتان وایە هەمووان دەبێت وەک ئێوە بیر بکەنەوە، ئەگەر نا تیرتان لە کەوانە بۆیان و تانە و جنێوەکانتان ئامادەیە بۆ بڵاوکردنەوە، هۆکاری سەرەکی شکستەکانتانە و مایەی مایەپووچبوونی ئەو سەرمایەیە کە بۆتان بەجێماوە و بەپاشاگەردانیکردنی زۆنی هەمەڕەنگە.

ئێوەی یەکێتی و گۆڕان، کاتێک بە نوێنەرانتان لە حکوومەتی هەرێم دەڵێن بوونەتە پارتی و جانتاهەڵگری سەرۆکی حکوومەت ئیدی دەبێت کادیرە باڵاکانتان چ هیوایەکتان لەسەر هەڵچنن؟ ئێوە دەیان پۆستەر و کاریکاتێرتان لەسەر تاڵەبانی باوک، کۆسرەت ڕەسووڵ، عومەر فەتاح، فەرەیدوون عەبدولقادر، مەلا بەختیار، شێخ جەعفەر و نەجمەدین کەریم دروست کرد کە جامانای سوورتان بەسەریانەوە ئاڵاندبوو وەک ئاماژەیەک بۆ بە پارتیبوونیان، چونکە پشتگیرییان لە حکوومەتی هەرێم دەکرد،

بەڵام جارێک لە خۆتان نەپرسی ئەرێ بۆ ئەوانەی دەڕۆنە هەولێر و دەگەنە لووتکەی دەستەڵات پەسنی پارتی و حکوومڕانییەکەی دەکەن؟ لەوانەیە بڵێن نانەکەی چەورە و پارەکەی زۆرە، بەڵام دڵنیابن چەوری نانەکەی ناگاتە چەوری دوگ و پارەکەشی ناگاتە پارەی نووسینگەی قاچاغچییەکانی سنوور!

نا ئەوان کە دێنە هەولێر و حکوومڕانییەکەی دەبینن، دەزانن پارتی حکوومڕانی دەکات و خۆی لە بەرپرسیارێتی نادزێتەوە و شانی داوەتە بەر بەرپرسیارێتی، لەوە تێ دەگەن کە حکوومەت و فەرمانڕەوایی کاری خەڵکی پۆپۆلیست نییە و لە فەیسبووکەوە حکوومەتداری ناکرێت، ئێ کە عەبدوڵڵاش ئەوە دەبینێت و دەزانێت، بێگومان ڕێگا ڕاستەکە هەڵدەبژێرێت و زووتر دەبێتە پارتی وەک لەوەی چاوەڕێی داهاتوو بکات!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP