دواین هەواڵ

کوردستان لە هەرێمێکەوە بۆ کاراکتەرێکی دیپلۆماسی جیهانی متمانەپێکراو

‌خەسرۆ ئاژگەیی

پێش 2 هەفتە

سەردانەکەی ڕێزدار سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران قۆناخێکی گرینگ و پێشکەوتووی دیپلۆماسیەت و کاریگەرییە بەهێزەکانی پێگەی هەرێمی کوردستانە، جگە لەوەی کەوا دەرئەنجامی گەورە لە هەمووبوارەکاندا بەدوای خۆیەوە دێنێت، هاوکات ئەوەی کە من دەمەوێت فۆکسی لەسەر بکەم، جەختکردنەوەیە لەسەر ڕۆڵ و پێگە دیپلۆماسیییە بەهێزەکەی هەرێم لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەدا.

هەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی ئەو هەرێمە بە شایەدی جیهان، بە تایبەت لە وڵاتێکی وەك بەریتانیا، حیکمەت و لێهاتوویی دیپلۆماسی ئەو سەرکردانە نیشان دەدات لە ناوچەیەکدا کە سیاسەتکردن کارێکی ئاسایی و ئاسان نیە تێیدا، هاوکات باڵانسکردنی پەیوەندیە ئیقلیمییەکان لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشە و بەرژەوەندیە جیاوازەکانی وەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کارێکە وەك زۆربەی چاودێران ئاماژەی پێدەدەن، بە هەموو سیاسەتوانێك ناکرێت.

ئەوەتە بەر لە چەند هەفتەیەك سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی سەردانێکی سەرکەوتووی بۆ ئەمریکا ئەنجامدا کە جگە لەوەی پاڵپشتی و پشتگیری ئەمریکیەکان لە هەرێمی کوردستان دووپات کرایەوە، هاوکات پەیامی ئەوەشی بە هەموو لایەك راگەیاند کەوا ئەمریکا هاوپەیمانی هەرێمی کوردستانە و پشتگیریی لە مافە ڕەوا و دەستورییەکانی دەکات.

ئەوەندەی نەبرد، سەرۆك کۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بە فەرمیی سەردانی هەولێری کرد کە جەختکردنەوە بوو لەسەر ڕۆڵی ستراتیژی هەرێم لە هاوکێشە سیاسیی و ئەمنییەکانی ناوچەکە. تێگەیشتنی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پێگە و ڕۆڵی کاریگەری هەرێمی کوردستان و گرینگی کردنەوەی لاپەڕەیەکی تازەی پەیوەندیەکان ڕێگا خۆشکەربوون بۆ ئەوەی کێشە و پرسەکانی نێوان هەردوولا بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە گفتوگۆیان لەسەر بکرێن و قۆناخێکی تازەی پەیوەندی تۆکمە لە نێوان هەردوولادا دەست پێبکاتەوە. ئەو راستیەی کەوا ووڵاتانی ئیقلیمی و جیهانیش بە یەکەوە درکیان پێیوە کردووە و لەسەر ئەو بنەمایەش مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن ئەوەیە کەوا هەرێمی کوردستان لە پێگەیەکی سیاسی و دیپلۆماسی متمانەپێکراوی بەهێزدایە کە ناکرێت لە هاوکێشە سیاسیەکان ڕۆڵ نەبینێت، بگرە بە بێ کوردستان مەحاڵە هاوسەنگی و سەقامگیری تەواوی ناوچەکە تەکامولی پێوە ببینرێت.

دەبێت هەموو لایەك ئەو راستیە قەبوڵ بکات و هەزمی بکات کە بە خەندەق لێدان و دروستکردنی قەیرانی یەك لە دوای یەك بۆ هەرێم و سەپاندنی حوکمی رەها بەسەر هەرێمدا، هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆ دروست ناکات، چونکە هەرێمی کوردستان لە بینینی ڕۆڵی سیاسەتی لۆکالی دەمێکە دەرچچۆتە دەرەوە و ئێستا ڕۆڵی کاراکتەری سیاسی جیهانی کاریگەر دەبینێت، وە خاوەن دەستپێشخەریە لە پاراستنی هاوکێشە نێودەوڵەتیەکانی ناوچەکەشدا بە گشتی. رۆڵی حەکیمانەی سەرۆك بارزانی وەك مەرجەعی باڵا بێ وێنەیە لە ناوچەکە و دارێژەری ستراتیژیەکانی سیاسەتی ناوخۆ و ئیقلیمی و دەرەکی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەکانە.

هەردوو جەمسەری هێز و دیپلۆماسیەتی کوردستان، رێزداران نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کاراکتەرە بەهێز و کاریگەرەکانیان، روئیا و بەرنامە ستراتیژیەکانی سەرۆك بارزانی لەسەر ئەرزی واقیعدا جێبەجێ دەکەن و گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە لە پیلان و هەڕەشەکان رزگار دەکەن. خۆ پێویستە مامەڵەکردنی دەوڵەتە ئیقلیمی و جیهانیەکان لەگەڵ هەرێم وەك کاراکتەرێکی بەهێزی ناوچەکە پەیامێکی ئاشکرا بێت بۆ هەموو ئەوانەی کە جگە لە دژایەتیکردنی هەرێم هیچی تریان لە هەگبەدا نیە، کە هەرێمی کوردستان هێزێکی کاریگەرە و بەشێکی گرینگی هاوکێشەکانی ناوچەکەیە.

دان نان بەو راستیە و مامەڵەکردن لەگەڵی تەنیا ڕێگایە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە هاوبەشەکانی هەموو کاراکتەرەکان، لە پێش هەمووشیاندا بەرژەوەندیەکانی هەرێمی کوردستان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP