دواین هەواڵ

دیپلۆماسییەت لە شاری خامۆشاندا

‌فەرەیدوون پەروازە

پێش 2 هەفتە

ئاساییە کە لە پێشوازیکردن لە فرۆکەخانەدا و دانیشتن لە گەل سەرکۆماردا و هەندێک وردە بابەتی دیکەدا ئاداب و نەریتە دیپلۆماتیکەکان بە ئەنقەست رەچاو نەکرابوو بەڵام دواتر لە دانیشتن لە گەل بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییدا جۆرێک هاوسەنگی( توازن) درووست بوو. لە راستییدا دەسەڵاتی هەرێم کە لە چوارچێوەی عێراقی فێدراڵی دایە و هەر وەها کۆڵێک کێشەی ناوخۆیی و دەرەکی هەیە قەت نابێ چاوەرووانی پێشوازیکردن لە پۆتین و نەچیروان بارزانی وەکوو یەکتر ببین لە کۆماری ئیسلامییدا.

مەبەست لەو دانووسانە دەورەییەی بەرپرسانی باڵای هەرێم لە گەل بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت تورکیا و ئێراندا وەدەستهێنانی چەن ئامانجە کە لێرەدا ئاماژەی پێدەکرێ. دابەزینی ترافیکی دیپلۆماتیکی وڵاتانی جیهان و هەرێمی کوردستان لە دوای شەری داعش بە راستی دەسەڵاتی هەرێمی لە گۆشەگیری سیاسییدا هێشتبووە. پارتی هەوڵ ئەدات لە پێوەندییە دیپلۆماتیکەکاندا وەکوو دامودەزگایەکی سیاسی و رەوا هەڵسوکەوت بکا و هەر وەها هندێکجار بەرپرسانی یەکێتی تێوەدەگلێنێ بەڵام وادیارە یەکێتی نە سەربەخۆ و نە لە گەل پارتیدا تێکەڵ بەو ژستە سیاسییانە نابێت. بارودۆخی سیاسی عێراق بە جۆرێکە کە دەسەڵاتی هەرێم بە بێ تورکیا و کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بژی. یەکێ لە ئامانجەکان ئەوەیە کە دەسەڵاتی هەرێم لانیکەم لە لای بیرورای گشتی جیهانی و ناوخۆییدا وەکوو یەکەیەکی سیاسی و دوور لە دەسەڵاتی ناوەندی عێراق لە هاوکێشییە سیاسییەکاندا خۆی دەرخستەوە. ئەگەر کۆتلە سیاسییەکان بە زەبری دادگای بەرزی فیدرالی عێراق رەوایی بوونی حکومەتی هەرێم دەبەنە ژێر پرسیارەوە ئەوا پارتی بەو مانۆرە سیاسی و گەشتە دیپلۆماتیکانە رەوایی بەو قەوارە سیاسییە ئەدات و لە ئاستی ناوخۆدا گوشارەکان لە سەر هەرێم کاڵ و کەمرەنگ دەکاتەوە. سەبارەت بە پێوەندییە بازرگانییەکان دەبێ بگوترێ کە ئەگەر حکوومەتی هەرێم پرسی گەشەی بازرگانی سەبارەت بە ئێران بە لایەوە گرنگ و پر بایەخە، ئەوا بە پێچەوانە بۆ کۆماری ئیسلامی پرسی ئاسایش گرنگترین بابەتە لە ئاستی ناوچە و دراوسییەکانیدا. قەت هاوسەنگی ژیئۆپۆلیتیک، ئابووری، سیاسی و،،، تاد لە نێوان کۆماری ئیسلامی و هەرێمی کوردستاندا درووست نابێ بەڵام لەو بارودۆخەدا ئەو مانۆرە سیاسییە بۆ هەرێمی کوردستان زۆر و پر بایەخە. هەرێمی کوردستان کەلێن و هۆکاری درز تێکەوتنی رۆژهەڵاتی ناوەراستە و مانەوە و سەقامگیری ئەو قەوارە سیاسییە لە درێژماوەدا گرنگیی ستراتیژیکی خۆی دەبێت. حکوومەتی هەرێم لە ئیستەدا پێویستە سەبارەت بە هەناردەی نەوت دواین واژۆی لە کۆماری ئیسلامی وەربگرێ. کۆماری ئیسلامیش لە بەرامبەردا ئولتیماتۆم و مەرجی هێمنایەتی و ئاسایش دەداتە هەرێم.

نەچیروان بارزانی وەک ئەندازیاری رێکەوتنەکانی تورکیا و کۆماری ئیسلامی لە بەردەم ئەزموونێکی نوێ  و ئەلتیماتۆمی دوو وڵات دایە.

دەسەڵاتی خۆسەر لە رۆژئاوا هێشتا وک دەوڵەت و دەزگای دیپلۆماسی دەرنەکەوتووە، بەڵکوو زیاتر وەک رێخستنێکی سەربازی و میلیشیایی چالاکی دەکات. ئەگەر دەسەڵاتی خۆسەر لە هاوکێشییە سیاسییەکاندا بەشدار بوایە ئەوا زەخت و گوشارەکان لە سەر هەر دوولا کەم دەبویەوە.  یەکێتی نیشتمانی لە پرۆسەی سیاسی وڵاتدا هاورێ و هاوکاری پارتی نیە و پێوەندییەکانی ئەو حیزبە لە گەل تاراندا دوور لە چاوی میدیاکان و بیرورای گشتییە. دوور لا یەکێتی کە حیزبێکی رەسەن و خاوەن پێشینەی زێرینە، هەر لایەن و حیزب و دەوڵەتێک لە دنیای ئیمرۆدا دیپلۆماسی شاراوەی ببێ لە راستییدا ئەوە  نزیکە له کاری مافیایی و کاروباری نارەوا.

سەرئەنجامی باسەکە ئەوەیە کە سەرۆکی حکوومەتی کوردستان هەر لە کەسی یەکەمی کۆماری ئیسلامییەوە هەتا سەرکۆمار، وەزیری دەرەوە، سەرۆکی پارلەمان، بەرپرسی ئەنجوومەنی ئاسایش و بەرپرسی سپای پاسداراندا کۆبوونەوەی کردووە و هەر هەموویان جەختیان لە سەر پرسی ئاسایش لە ناوخۆی هەرێم و سنوورەکانی دوو وڵاتدا کردووە.نەچیروان بارزانی گەر بتوانێ بە دوور لە حەسابی کوردی پارچەکانیتر، ئیمتیاز لە کۆماری ئیسلامی و تورکیا وەربگرێ بە راستی  سیاسەت و دیپلۆماسییەکی سەرکەوتووانەی هەبووە و لە پێوەندییەکانی داهاتووشدا سەرکەوتووتر دەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP