دواین هەواڵ

جێگرەوەی دەوڵەت بۆ کورد!

‌ھۆگر نێروەیی

پێش 2 هەفتە

لە پرۆسەی سیستەمی نێودەولەتی دا دەوڵەت کاراکتەری سەرەکی یە، کە بەمانای مامەلە لەگەڵ دەوڵەت دەکرێت، جیا لە مە کەسەکان کە بەشەخسیەت  و دیبلۆماسیەت و پێگەی خۆیان جێگرەوەی (ئەڵتەرناتیڤی) دەوڵەتن لە  سیستەمی نێودەوڵەتی دا، کە   کورد دەوڵەتی نیە ماڵی بارزان جێگرەوەی  دەوڵەتن بۆ کورد لە سیستەمی نێودەوڵەتی دا، کە ھەر جارێک یەکێک لەماڵی بارزان سەردانی ھەر شوێن و دەوڵەتێک بکەن مامەڵەی کاراکتەری دەوڵەت لەگەڵ دەکرێت. 

سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران و سەردانی مەسرور بارزانی بۆ ئەمریکا بە بانکگھێشتنامەی فەرمی ئەو وڵاتانە بوو کە تەنھا ئەو بانگھشێتنامە بۆ کاراکتەری دەوڵەتەکان دەنێرن.  ھەروەھا سەردانی ئەردۆغان بۆ ھەولێری پایتەخت  وەکو پایتەختێکی جودا لە بەغدا سەردانی ھەرێم کرد گەرنا سەرۆکێکی بەھێزی وڵاتێکی وەکو تورکیا قەت سەردانی شوێنێک ناکات کە دەوڵەت نەبێت یان گرنگیەکەی وەکو دەوڵەت نەبێت. 

لە جەنگی جیھانی دووەم کاتێک رووسیا کەوتە شەڕ لەگەڵ ئەلمانیای نازی، بەریتانیای مەزن کە دوژمنایەتی و رکابەری مێژوویی لەگەڵ رووسیا ھەبوو، وتی دوێنێ بۆ بەڕابردوو، ئەمڕۆ گرنگە، ھەر دەوڵەتێک شەڕ لەگەڵ ئەلمانیای نازی بکات دووستی ئێمەیە، ھەر دەوڵەتێکیش لەگەڵ ئەلمانیای نازی بێت دوژمنی ئێمەیە، ھەر بۆیە لەکاتی شەڕ بەریتانیای مەزن چەک و ھاوکاری بۆ رووسیا دوژمنی مێژووی خۆی نارد و نەیھێشت بکەوێت، چونکە ئامانجی ئەوکاتی بەریتانیا زۆر گەورەتر بوو لە دوژمنایەتی دوێنێی خۆی لەگەڵ رووسیا، ھەر ئەمەش وایکرد لە کۆتایی دا بەریتانیا و ھاوپەیمانەکانی سەربکەون بەسەر ئەلمانیا کە نیوەی جیھانی گرتبوو کە ھیچ کەس تەسەوری نەدەکرد جارێکی تر ئەلمانیای نازی بکەوێت.  

سرۆشتی پارتی بە سەرۆکایەتی ماڵی بارزان نەگۆڕە، ماڵی بارزان و پارتی دژی ھیچ دەوڵەت و دەمەزراوە و کەسێک نین بەڵکو دژی بڕیارەکانیانن کە ئەو بڕیارانە دژی مافەکانی کورد و ھەرێمی کوردستانن. کە ماڵی بارزان قەت ناکەوێتە ژێر فشاری عەتف و ئەوانە بەڵکو چی باشە بۆ کورد ئەوە دەکات، لەگەڵ واقیعی ڕۆژ سیاسەت دەکات، کە دوێنێ گۆزەشت ئەمڕۆ گرنگە چی بکات بۆ دووبارەنەبوونەوەی دوێنێی تاریک بۆ کورد. پارتی قەت دژی ئێران نەبووە و نابێت بەڵکو پارتی دەڵێت ناچینە ژێر ھیچ ھەژموونێک و خاوەن بڕیاری سەربەخۆیی خۆمانین، کە سەردانی سەرۆکی  ھەرێمی بۆ ئەوەبوو بڵێت، پارتی قەت دژی ئێران نەبووە بەڵام لە خزمەتی ھەژموونی ئێرانیش نابێت، کە دەیەوێت لەناوچەکە بسەپێنێت، ھاتووم بۆ ئێرە پەیوەندییەکان لەسەر بەرژەوەندی ھاوبەش دروستبکەم،  رێگەش نادەم ھیچ کەس و حیزب و وڵاتێک سنووری ئێمە بەکاربھێنرێت بۆ دژایەتی ئێوە، لەگەڵ ئەوەش نابم بە  بەشێک لەو  ئەوجێندایە کە ئێوە دژی خەڵک حیزب و خەڵک و وڵاتی تر لەناوچەکە بەکاردەھێنن. 

ھەروەھا پارتی بە ڕاشکاوانە دەڵێت، ھەر بڕیارێک لە دادگای فیدڕالی عێراق دەربچێت دژی ھەرێمی کوردستان بێت قەت شەڕعیەتی بەو بڕیارە نادەم  بەڵام پشت لەو دادگەیەش ناکەم چونکە لە واقیعی عێراق دا ھەیە، بۆیە ئەو ھەڵبژاردنەی دیزاین بۆ کراو کە دەیانویست لە ڕێگەی ئەم دادگەیە لەسەر ھەرێم بسەپێنن مەسرور بارزانی بە سکاڵایەک ھەر لە ڕێگای ئەو دادگەیە  پیلانی دژی ھەرێم پووچەڵكرد. جگە لە پارتی   ھەموو حیزبەکانی تر شەڕعیەتی بە بڕیارە نا شەڕعیەکانی ئەم دادگەیە دا بەڵام چونکە ماڵی بارزان  حساب بۆ کراوە وەکو جێگرەوەی  دەوڵەت دەبینن لە کۆتایی دا قسەی ماڵی بارزان بۆ بڕیار نەک قسەی ئەوانی تر کە حیزب و گرووپی بچووکن. 

ھەروەھا ھەر ھەموویان دژی پرۆژەی ھەژماری من بوون چونکە پرۆژەیەکی کوردستانی بوو  تەنھا پارتی نەبێت کە پێداگیری لەسەر پرۆژەی ھەژماری من کرد وتی ھیچ جێگرەوەیەکی تر بۆ ھەژماری من قبوڵ ناکەین، لە کۆتایی دا بە ناچاری پرۆژەی ھەژماری من قبوڵکرا چونکە پارتی بەھیج شتێک رازی نەبوو کەلەسەر ھەرێم بسەپێنن. 

لەکۆتایی دا، بمانەوێت یان نەمانەوێت، تا ئەمڕۆی ئێمە تێدا دەژین ماڵی بارزان جێگرەوەی دەوڵەتن بۆ کورد و نوێنەرایەتی ھەموو شتێکی کورد دەکەن. ئەوجا قسەی ماڵی بارزان دەبێتە بڕیار نەک قسەی حیزب و گرووپ و شەخس فەیسبووکچییەکان. ئەوجا لەسەرەتا دا نەیارەکانی ئەم ماڵە چەند پێبکەنن لە کۆتایی دا ھەر دەبێت بگرین چونکە قسەی من و تۆ نیە یار و نەیاری ھەرێمی و نێودەوڵەتی مامەڵە لەگەڵ ئەو ماڵە دەکات، ئەمەش لە بووشایی نەھاتووە بەڵکو ھەموویان ڕابردووی ئەو ماڵە دەزانن کە سەد ساڵە خەبات دەکەن قەت نە تەسلیمبووینە نە خۆیان چەماندووە بۆیە چەند بەربەست و پیلان لە دژی ئەم ماڵە بگێرن لە کۆتایی دا ھەر ئەو ماڵە سەردەکەوێت. 

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP