پێشبینی جیهانێک ئەکەیت ئامێرو رۆبۆتەکان بەڕێوەی ببەن و ئینسان تیایدا بونەوەرێکی بێدەسەلات و تەنانەت چارەگرانیش بێت؟ رەنگە بڕواهێنان بەو گریمانەیە قورس بێت، بەڵام تادێت زیرەکی دەستکرد جیهان لەو راستیە نزیک ئەکاتەوە کە مرۆڤ چیتر ئەو تاکە بونەوەرە نییە کە بەتەنیا خۆی بیر بکاتەوەو بڕیاریش بدات، واتا چیتر گەورەی تاک و تەنیای بێ رکابەری سەر زەوی بێت.
ئەوترێت ساڵی ٢٠٢٣ ساڵی زیرەکی دەستکردە(AI)، چونکە پێ ئەچێ لەم ساڵدا کۆتایی بەقۆناغێکی هەرە دورو درێژی مێژووی مرۆڤایەتی بێت و دەسپێکی دنیایەکی تازە بێت، وەک هەراری ئەڵێ( لەبەردەم وەرچەرخانێکی بنەڕەتی گەورەداین، زیرەکی دەستکرد ژیانی ئۆرگانی کە تەمەنی ملیارەها ساڵە، ئەگۆڕێ بۆ ژیانێکی نائۆرگانی) ساڵی ٢٠٢٣ ساڵی دابڕان و جیابوونەوەیەکی سەختی مێژووی بەشەریەتە، بۆیەکەم جار ئامێرێک دێتەکایەوە خۆی بیر ئەکاتەوەو خۆیشی بڕیار ئەدات، واتا دوور لەمرۆڤ خاوەنی وشیاری و رەفتاری تایبەت بەخۆیەتی.
سەردەمی داهێنانی ئامێر، شۆڕشی پیشەسازی وتەکنەلۆژیای زانیاری، چەرخی ئامێری بێ گیان و خاڵی لەهەست و سۆزن، خاڵی لە وشیاری و بیرکردنەوەن، تەنیا ئەوکات کاریان کردوە کە ئینسان بەکاریهێناون، هێزی ئەوەیان بەبەردا نەکراوە، خۆیان لەدەرەوەی کۆنترۆڵی ئینسان کاربکەن، بۆ نموونە بەهەرمهێنانی بواری ئەتۆم کەداھێنان و لەهەمانکات مەترسی هەرە گەورەیە، لەژێرکۆنترۆڵی خودی ئینسان دایە، بەڵام لێرە بەدواوە لەسایەی زیرەکی دەستکرد تەکنەلۆژیا بە ئیرادەی خۆی و بێ پێویستی گەڕانەوە بۆ ئینسان کارئەکات، چونکە خاوەنی دوو خەسڵەتی سەرەکی و سەرسوڕهێنەری بێوێنەیە، یەکەمیان ئەتوانێ هەست و سۆزی هەبێ، خاوەنی هۆشیاریەکی تایبەت بەخۆیەتی و توانای گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی ئەو وشیاریەی هەیە، واتا جۆرێک لە پەروەردە بە خۆی ئەبەخشێ کە تائێستا دیاردەی وا لەدنیای داهێنان بەدی نەکراوە، دوەمیان ئەتوانێ جیهانی مادی ئێمە ئاراستە بکات، ئیشوکارەکان بەگوێرەی هۆشیاری خۆی بەڕێوەبەرێت، چیتر پێویستی بە رێنوێنی ئینسان و یارمەتیەکانی نییە، لەو بارەیەوە جێگری بەشی (deep mind) ی گوگڵ باس لەبەرهەمهێنانی رۆبۆتێک ئەکات کەبێ هیچ دەسکاریەکی ئینسان وەکو بونەوەرێکی وشیارو عاقڵمەند هەڵسوکەوت ئەکات، بۆنموونە وەکو ئینسان یاری دوو گۆڵی ئەکات و تەنانەت قۆناغ بەقۆناغ کارامەیی و لێهاتووی زیاتر بەدەست دێنێ بێ دەسکاریکردن و پێدانی مواسەفات و تایبەتمەندی نوێ،
ئەو بەوردی باس لەوە ئەکات کە سەرەتا رۆبۆتەکان وەکو مناڵ یاریان ئەکرد و هەموویان دوای تۆپەکە ئەکەوتن، بەڵام بە تێپەڕینی کات خۆیان فێری تەکنیکی یاریکردن بوون و توانیان هەماهەنگی لەنێوان خۆیاندا دروست بکەن وسەرەنجام بۆ تۆمارکردنی گۆڵ هەوڵبدەن، وەک جێگری بەڕێوەبەری بەشەکە ئاماژەی پێکردوە وشیاری و کارامەیی رۆبۆتەکان بە شێوەیەکی خۆڕسک گەشەی کردوە، رەنگە کەسێکی وەکو بیل گەیتس پێشبینی ئەم قۆناغە مەترسیدارەی کردبێت لەسەر ئایندەی ئینسان و ئیمپراتۆریەتە بێ رکابەرەکەی کاتێ ساڵی ٢٠١٥ بەروونی ووتی (من لایەنگری ئەوەم رۆبۆت بە گێلی بهێڵینەوە ).
زیرەکی دەستکرد ئەو بەهرەیەی بۆ دروست بووە کە خۆی گەشە بەخۆی بدات و کارامەیی تازە پەیدابکات، ئەو دیاردەیە بەجۆرێکە کە داهێنەرانی ئەو بوارەشیان توشی جۆرێک لەسەرسوڕمان کردوە، بۆ نموونە پرۆگرامی(one googl AI) وەڵامی هەندێ شتی بە زمانی بەنگلادێشی داوەتەوە کە پێشتر فێرنەکراوەو خۆی ئەو کارامەیەیی و توانستەی وەرگرتوە، سەبارەت بەوەرگرتنی کارامەیی تازەو گەشەکردنی زیرەکی دەستکرد خاوەن و بەڕێوەبەری گوگڵ ئەڵێ ( بەشێک لەو بوارەدا هەیە کە ئێمە بەتەواوی لێی تێناگەین، بەتێپەڕینی کات هەوڵ ئەدەین لێی تێبگەین)، لێی ئەپرسن( بەتەواوی لێی تێنەگەیشتوون و بەسەر کۆمەڵگاشدا بڵاوتان کردۆتەوە؟) وەڵام ئەداتەوە( رێگەم پێبدە بەم شێوەیە بۆت روونبکەمەوە،
بڕواناکەم ئێمە بەتەواوی تێبگەین کە مێشکی مرۆڤ چۆن بیرئەکاتەوە) واتا بەهاوتەریب و هاوشێوەی مێشکی مرۆڤ وەسفی ئەکات، هەر لەم چوارچێوەیەدا بەڕێوەبەری بەشی سازاندنی ئینسان و زیرەکی دەستکرد کە خەڵکی زامنبیایە، ئەڵێ رۆبۆتەکان توانایەکی رادەبەدەریان هەیە، تەنانەت تۆ باسی شتێکیان بۆ بکە، ئەوان ئەتوانن بۆتی تەواو بکەن، واتا پێشبینی رستەو ووشەی داهاتووش ئەکەن، کەواتە ئەو لێدوانە سەلمێنەری ئەو گریمانەیەن کە گوایە زیرەکی دەستکرد ئەتوانێ پێشبینی ئەوە بکات (کە کەسێک ئەیەوێ چی بکات) لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر رۆبۆتێکیان تاقیکردەوە کە جۆرەها رەنگ و شتومەکی جیاواز ئەناسێتەوە، لەنێوان سەدەها شت ئەو شتە ئەناسێتەوەو ئەیداتە دەست کە داوای لێ ئەکرێ.
زانایان و شارەزایانی ئەو بوارە ئێستا لەبەردەم دڵەراوکێ و نیگەرانیەکی سەخت دان، کە ئایا زیرەکی دەستکرد دنیا رووبەڕوی چ چارەنوسێک ئەکاتەوە، چونکە وەک ئەوان ئاماژەی پێ ئەکەن ئێستا زانیاری سەرەتایی سەبارەت بەزیرەکی دەستکرد لەبەردەستە، وەکو نوسینی تێکست و دروستکردنی وێنەو لۆگۆو جیپیتی چات و دانانی مۆسیقاو چەند شتێکی لەو بابەتە، بەڵام توانای لەرادەبەدەرتری هەن، لەوانە وەک هەراری باسی ئەکات کارامەیی لە ساختەکردنی دەنگ و وێنەو هەتا گرێبەست و کردنەوەی کۆدی کۆمپیۆتەریش، کە ئەمەیان مرۆڤایەتی ئەخاتە بەردەم دوڕیانێکی مەترسیدار، واتا گەر ئەو هەموو توانا لەرادەبەدەرانەی زیرەکی دەستکرد کۆبکەینەوە ئەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە ئینسان زۆرێک لە بەهاو تواناو ئامرازەکانی کۆنترۆڵکردن لەدەست ئەدات، لەو چوارچێوەیەدا هەراری باس لە خەسڵەتێکی هەرە مەترسیداری زیرەکی دەستکرد ئەکات کەنەک هەر هەڵگری توانای فێربوونی زمانە، تەنانەت ئەگەری خوڵقاندنی زمانێکی تازەشی هەیە، توانای دروستکردنی پەیوەندیەکی هەرە گەرموگوڕی هەیە لەگەڵ ئینسان، بۆیە ئەگەری هەیە کە سەرتاپای مێژو و کەلتورو رۆشنبیری مرۆڤایەتی قوتبدات و بەجۆرێکی ترو فۆرمێکی تری کلتوری بەرهەمبهێنێتەوە، واتا مەترسیدارترین ئیختراقی زیرەکی دەستکرد ئیختراقی زمانە، کە بەهۆیەوە هێزی ئەوەی بۆ دروست ئەبێ گفتوگۆ لەگەڵ ئینساندا بکات، لەکاتێکدا توانای بیرکردنەوەی سەدان هەزار جار لەسەروی ئینسانەوەیە،
بۆ نموونە چاتبۆتی گوگڵ(chatbot) بە مایکرۆگیپسێک کار ئەکات کە توانای بیرکردنەوەی ١٠٠ هەزار جار لە هی مێشکی مرۆڤ زیاترە، یان گەر هەمەنگوای وەکو کارمەترین چیرۆک نووس دیاری بکرێت، تا هەمەنگوای لەنووسینی چیرۆکێک ئەبێتەوە چاتبۆت زیاتر لەیەک ملیۆن چیرۆک ئەنوسێت، بەرێگای ئەو توانا لەرادەبەدەرە زیرەکی دەستکرد هێزی ئەوە پەیدا ئەکات پەیوەندی گەموگوڕ لەگەڵ ئیسنان دروست بکات، بەجۆرێک ئۆلفەت و خولیاکانیشی ببات، بۆیە چاوەڕێ ئەکرێ لەداهاتویەکی نزیکدا سەکۆکانی سۆشیال میدیا ببن بە مەیدانی بردن و دەستبەسەرداگرتنی هەستو سۆزی ئێمەو بردنی ئولفەتی سیاسی و کۆمەڵایەتیمان، هەژموونی زیرەکی دەستکرد بەجۆرێک ئەبێ بانکەکان، زانکۆ و خوێندنگاکان، فرۆکەخانەو فرۆکەو ئوتومبێلەکان، وردو درشتی ژیانی ئینسان بەڕێوە ببات، بۆ نموونە گەر کەسێک بیەوێ قەرزێک لەبانک بکات، یان لەزانکۆیەک وەربگیرێت خۆی بێ دەستوەرانی ئینسان زیرەکی دەستکرد کارەکە مەیسەر ئەکات، بۆیە ئێستا سیستمی سیاسی و سەراپای ژیانی دیموکراسی لەبەردەم هەڕەشەی زیرەکی دەىستکردایە، تەنانەت کار گەیشتۆتە ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا بەروونی داوای ئەوە بکات کە تەکنەلۆژیا لەخزمەتی پشتیوانیکردن لەبەهاو سیستمی دیموکراسی بەکارببرێت لەبەرامبەر(ستەمی ژمارەیی) کەمەبەستی زیرەکی دەستکردە.
یەکێک لە فەیلەسوفە هەرە ناسراوەکانی ئەم سەردەمە دەست ئەخاتە سەر تایبەتمەندیەکی هەرە سەرەکی زیرەکی دەستکردو وەکو جۆرێک لەوەحی ناوی ئەبات، واتا سەردەمی گەڕان و کۆکردنەوەی زانیاری لەم فۆرمەی ئێستای کۆتایی پێ دێت، ئینسان پێویستی بە بیرکردنەو بەرخورد نییە لەگەڵ دەوروبەر، زیرەکی دەستکرد سەبارەت بەهەموو پێداویستی و خواستەکانی بە خێرایەکی رادەبەدەر وەڵامی ئەداتەوە، واتا سەردەمی ئاوابوونی زانیاری و مەعریفەی باوە لەسەر ئاستی جیهاندا لەپاڵ سود و کەڵکی بێ شوماری لە بوارە جۆربەجۆرەکان، هەڵگری مەترسی ئاوابوونی ئینسان خۆشیەتی.