دواین هەواڵ

مرۆڤی برسی !

‌ئاسۆ عەبدوللەتیف

21/07/2023

عابیدی ڕاستەقینەو مرۆڤی ساغ، چونکە بەردەوام لە تەزکیەی نەفس و ڕۆح و ئیشراق و پاکبوونەوەدایە، هەمیشە تێرەو چاوی لە برسیبوونی بەدەن و تێربوونی ئەویتر نییە، خەریکی خۆیەتی، ئەگەر خەریکی خۆت بویت و ئەوەندە جوانییەکانی دونیا پڕیان نەکردویت لە ژەنگ و ژارو خەم و وەسوەسەو لەکەداریان نەکردویت ئەوە تۆ براوەو ئاسودەو تێریت.
عابیدەکان زۆر هەڵوەداو سەوداسەر نیین بۆ ژیان و زەخرەفەکانی، بۆ تێربوونی ئەندامەکانی ناو جەستەیان بۆیە عابیدن عاریف و ڕاستن، ئەوان خەریکی خۆیانن، خەریکی گەشتی باتین و تەزکیەی نەفس و کۆتاییهێنانن بە کەڵکەڵەو وەسوەسەو خەونگەلێکی ئەژیدیهاکی، ئەوەی تێرنابێت و سەدان چێژی ئەوێت بۆ ژیان و نایەوێت بمرێت و کیبرو غرور دایپۆشیوە ئەوە عابید نییەو پاسەوانی چێژەو نەخۆشە.

هەندێک عاریفی باڵا، کۆتایی ئەم وەسوەسەو کەڵکەڵە و برسێتییە وەحشیگەریی و تیمساحییە ئەبەستنەوە بە کۆتایی هێنان بە پاسەوانیی چێژی دونیایی بۆ پاسەوانی دڵ، لە پێناو بەرگرتن لە هاتنەناوەوەی بیرکردنەوەی خراپ لە چێژی ساختەو بەد، تێگەیشتن لە مەتاعی کاتی دونیایی لوتکەی خۆشبەختییە، لوتکەی سکونەتە، بۆتێربوون مەگەڕێ ئیدی با برسی نەبی، فَمَا مَتَاعُ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا فِي الْآخِرَةِ إِلَّا قَلِيلٌ، دەبێ تێبگەی ئەم دونیایە هەم کەمەو هەم کاتیەو هەم غروره. (وَمَا الْحَيَاةُ الدُّنْيَا إِلَّا مَتَاعُ الْغُرُورِ) آل عمران/185

بۆیە لەدەرەوەی ئەو پەیوەندی و سەوداسەرە قووڵە، برسێتی مرۆڤ هەر بەردەوامە، ئەگینا تابلۆیەکی کۆنی ڕۆمانی چییە تاوەکو نرخەکەی بگاتە نرخی دروستکردنی هەزار یەکەی نیشتەجێ بوون بۆ ماڵە هەژارەکان؟ نرخی کاوبۆیەکی دڕاوی کۆن و بلوزێکی شازادەیەکی مردوو چییە نرخەکەی بگاتە نرخی تێرکردنی هەزار کرێکاری هەژار؟ ئەی بینینی پارچەی ڕزیوی سەدودە ساڵ پێش ئێستای کەشتیی تایتانیک دەبێ چ هونەرێکی تێدابێت وا ملیۆنان دۆلاری بۆ خەرج دەکەن کە نرخی دروستکردنی دەیان نەخۆشخانەیە بۆ هەژاران؟ پێستەکۆنەیەک و ئاسارێک بۆ دەبێت نرخی بگاتە گەردونێک دۆلار؟ كاتژمێرێکی دەست بۆ دەبێت نرخەکەی ملیۆنێک دۆلاربێت؟ ئەوە دنیای تێرنەبوون و وەسوەسەو وەخەبەربوونەوەی ئەژدیهایەکە لە فەسادو پاسەوانی چێژێکی بێهودە، مەگەر تەنها مرۆڤی خەڵوەتنشین و عاریف و چلەکێش بتوانن ئەو وەسوەسەو تێرنەبوونە لەناو بەرن و بگەنە چۆم و چێواری تێریی.

بڕوانن، مرۆڤی ئێستا هەر خەریکی فۆڕم و جەستەو تێرکردنی غەریزەکانیەتی، مرۆڤی ئێستا سەد غەریزەی هەیە و هێشتا تێرنابێ،وادەزانێ بە پڕکردنی ئەو غەریزانە مێشک ئارام دەبێت، بێئاگا لەوەی هەتا ڕژاوبیت بۆ دنیاو بەشوێن چێژەکانەوە بیت ئەوکاتە زۆرتر برسی دەبیت، مرۆڤی ئێستا هەر برسییەو خۆی ئینتیحار دەکات، نەخۆش و گیرۆدەیە، نائارام و توڕەیە بەو هەموو سامان و داهێنان و نەخش و نیگارو دەستکەوتە زۆرانەی بەدەستی هێناوە لە جوانی، چێژ، براند، خواردن،داهێنان، سەیارەی زۆر، پێڵاوی هەمەچەشن،چەندین خانوو ڤێللا،بۆفیەی کراوەی خواردن،ئەو هەموە لەکێک و شیرینی،غەریزەی مرۆیی و ئاژەڵی،هۆمۆسێکشواڵ و لیسبیەن،هاوسەرگیری سەیر، کەچی هەر برسیەو ڕاکەڕاکیەتی بۆ نەمریی و ئەبەدیەت و دەیان جۆر حەبی بێهۆشکەرو ڤیاگرا دەخوات تا ئارام بێت و ئینجا دەگاتە بڕینی گەدەو تەجمیل و لوتبڕین و تاتۆکردن و خۆبێهۆشکردن و باڵابەرزکردن، هەموو ئەوانە بۆ تێربوونی ئەم مرۆڤە داماوەی ئەمڕۆیە کەچی هەر برسی و ڕووتەو شایەنی بەزەییەو بەرگەی یەک گومان و پرسیاری جددی ناگرێ.

نزیکەی ٢٣٠٠ ساڵ پێش ئێستا، فەیلەسوفی کۆنی یۆنانی ئیپیکوروس ئاگاداری قوتابیەکانی کردەوە کە ڕەنگە هەوڵی لە ڕادەبەدەر بۆ بەدەستهێنانی تێربوون و خۆشبەختی، لەباتی ئەوەی دڵخۆشیان بکات بێتەهۆی خەمباربوونیان، ڕێک ئەوەی کە ئێستا مرۆڤایەتی و کۆمەڵگا پێشکەوتوەکان دوچاری بوونەتەوە. دووسەدە پێشتر، بودا ئەوەی بەقوتابیەکانی وت کە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی هەستە شادیهێنەکان بنەمای ڕاستەقینەی ئازارە، کتێبی هۆمۆدیۆس،یوڤاڵ نوح هەراری وای گووت.

بۆیە کاتێک مرۆڤ باسی برسێتی دەکات خێرا شعووری دەڕوات بۆ نان و خواردن و چەورایی و تێربوون، بەڵام کە تێریش دەبێت ئەم مرۆڤە مۆدێرنە هێندەی تر هاردەبێت و لەبری پشوودان دەبێتە ئەکتەرێکی دڕندەو تێربوونەکەی هەرگیز نابێتە ڕێنیشاندەری بۆ بینینی جوانیەکانی ژیان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP