گەر چاوێک بە سۆشیال میدیادا بگێڕین و لە کۆمێنتەکان ورد ببینەوە، تێدەگەین لەوەی کۆمەڵگا چەند گرفتارە، تێدەگەین لەوەی چۆن شیرازەی کۆمەڵایەتی تێکچووە و هەمووی بەجنێودان خۆی خاڵی دەکاتەوە!
وێنەی سیاسی، هەژار، کێشەدار ی هاوشێوەی “ کوڕو باوکەکەی هەڵەبجە”، وەرزشکار، ڕۆشنبیر، مەلا…هتد، دادەنرێ، جنێوی پێدەدرێ، لە کاتێکدا زۆربەی جنێودەرەکان ڕەنگە هەر ئەوانەش نەناسن لە نزیکەوە، کە جنێویان پێ دەدەن.
ئەوانەی بە جنێودان خۆیان خاڵی دەکەن، تێکەڵەن لە هەموو چین و توێژەکان، لە خوێندەوارەوە تا نەخوێندەوار، لە پیاو ماقوڵەوە تا هاوڵاتی ئاسایی.
دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک، باش قسە بکەی یان خراپ، ڕاست بیت یان هەڵە، دواجار دەبێت خۆت بۆ جنێوی تەڕ یاخود کۆمێنتی گاڵتە ئامێز ئامادە بکەی، ڕەنگە جنێو دەرەکان هەر نەناسی و نەشتناسن.
جنێو لە ڕوانگەی ئاینەوە حەرامە، لە ڕوانگەی بیروباوەڕە جیاوازەکانەوە ڕێگە پێنەدراوە، کەچی لە جنێودەرەکان بپرسیت، بەرگێکی شەرعییان ئامادەیەو دەیکەن بەبەری کارەکەیاندا و شەرعیەتی پێ دەدەن.
لە پاڵ جنێودانیش دا، گرفتەکە گەورەکە ئەوەیە، هەمووی خۆی پێ ڕاستە و بەرانبەری پێ هەڵەیە، لە کاتێکدا حەقیقەت ڕێژەییە و ڕەنگە هەرلایە و بەشێکی لابێت.
جنێودان لە نێو کۆمەڵگادا بە شێوەیە ڕەواجی پەیدا کردووە، کام ڕۆژنامەنوس جنێودەر بێت، کام چالاکوان دەم پیس بێت، کام مەلا زۆر بنەڕێنێ، کام بەرپرس زۆر درۆ بکات، کام پەرلەمانتار قسە فڕێدەر بێت، کام وەزیر خۆ هەڵنەر بێت، ئەمانە لەسەر حەقن، با لە ژێرەوەش چی بکەن و چی نەکەن.
تەشەنە کردنی کلتوری جنێو دەرئەنجامی ئەو دۆخە سیاسییە کۆمەڵایەتییە ئابوورییەیە کە حیزبەکان خوڵقاندوویانە، دەرئەنجامی نەهێشتنی پرەنسیپ و کاڵبوونەوەی بەهاکانە، ئەگینا دۆخەکە ناگاتە ئاستی خۆ خاڵی کردنەوە بە جنێو.
ڕێگە گرتن لە گەندەڵی، شەڕی چاکەکاری، دژایەتی دەسەڵات، لە ڕێگەی جنێودانەوە نایەتە دی، بەپێچەوانەوە لە خزمەتی دەسەڵاتدایە، چونکە تۆ کە بە جنێو خۆت لە توڕەیی خاڵی کردەوە، ئەوکات هەنگاوی کرداریت بۆ دژایەتی خراپەکاری نابێ.
برەودان بە کلتوری جنێو پرۆسەیەکی دوور مەودا بووە و بە بەرنامە کاری لەسەر کراوە، حیزبەکان بۆ شکاندنی ڕکابەرەکانیان، میدیا و کادیری خۆیان خستووەتە خزمەتی جنێوەوە، بەشێوەیەک کام کادیر زۆر جنێودەر بێ، ئەوە دڵسۆزترین کەسی حیزبە، بێ ئاگا لەوەی پێگەیاندنی کادیری جنێودەر و بێ مۆراڵ، نەک سودی بۆ وڵات و کۆمەڵگا نابێ، دواجاریش دەبێتە بار بەسەر خودی حیزبەکەوە و رەنگە سەنگەریشی لێ بگرێت.
ناوەندە ئەکادیمییەکان، حوجرەی مزگەوتەکان ، ڕۆشنبیر و میدیاکارە نەخزاوەکان، تاک بە تاکی خەڵکانی خاوەن بەهاو قیەم لەبەردەم بەرپرسیارێتی گەورەدان، بۆ ڕاستکردنەوەی دۆخەکە و ڕێگرتن لە زیاتر تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی.