دواین هەواڵ

مەولود وەک بەشێک لە کەلتووری دینیی کوردەواری و بۆنەیەک بۆ دەربڕینی هەستی خۆشەویستی بۆ پێغەمبەر (د.خ)

‌ئەبوبەكر كاروانی

4 کاتژمێر پێش ئێستا

هیچ ئایینێک لە بۆشاییدا درێژە بە ژیانی خۆی نادات، بەڵکوو تێکەڵ بە کەلتوور و فەرهەنگی میللەتان دەبێت. کاتێک تێکەڵ بە ڕەوتی مێژوو کەلتووریش دەبێت، فۆرمی نوێی دەربڕینی هەست و نیشاندانی ناسنامە و زمانی دینی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت و دێنە کایەوە. ئایین هەرگیز عەقیدەیەکی وشک، ڕووت و دابڕاو لە ژیان و هەست و نەست و خورپە و خەم و ترس و هیوای مرۆڤەکان نەبووە و نابێت. هەر ئایینێکیش نەبێت بە بەشێک لە کەلتوور و فەرهەنگی ژیانی ڕۆژانەی میللەتێک، بە تەواوەتی ڕەگ و ڕیشە داناکوتێت و ژیان بە ڕەنگی خۆی ڕەنگ ناکات. کاتێک ئایین تێکەڵ بە کەلتووریش دەبێت، لە چەندین ئاستدا کاریگەری بەجێ دێڵێت و خۆشی کاریگەر دەبێت. کاریگەری ئایین لەسەر کەلتوور بە چەندین شێوە دەردەکەوێت، لەوانەش: ڕەنگ و بۆدانی ئیسلامی بە بەشێک لەو کەلتوورە هەیە، لاوازکردنی هەندێک ڕەگەزی کەلتووری و لەگەڵ ڕەگەزی نوێ بەخشین بە کەلتووری میللەتەکە، کە دەبێتە کەلتووری دینیی ئەو میللەتە.

مەولودیش، کە لە ڕووی مێژووییەوە لە کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە و دواتر بە جیهانی ئیسلامییدا بڵاو بۆتەوە، هەروەها هەولێر پایتەختی مەولودی جیهانییە، بەشێکە لە کەلتووری دینیی ئێمە و پێویستە لەم چوارچێوەدا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. هەر بۆیە، لە جەوهەردا پەیوەندی بە (عەقیدە) و (بیدعە) و (عیبادەت)ەوە نییە و حوکمی شیعر و ئەدەبیاتی هەیە. چەمکی (حەرام)یشی بەسەردا ناچەسپێت، بە حوکمی ئەوەی خەڵک وەک بۆنەیەک بۆ دەربڕینی هەستی شانازیکردن و خۆشەویستی بۆ پێغەمبەر (دخ) مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، نەک عیبادەت. هەر کاتێک وترا هەر کەسێک نانی مەولودێک ئامادە بکات، خودا گوناهی ئەوەندە ساڵەی لە کۆڵ دەکاتەوە، ئەمە دەبێتە ئیشکالییەت و پێویستە ڕێگەی پێ نەدرێت و نەهێڵرێت دیدی لەو جۆرە تێکەڵ بە فەزای نوورینی بۆنەکە ببێت. یاخود وترا هەر موسڵمانێک بەشداری مەراسیمی یادی مەولود نەکات گوناهبارە و خوا سزای دەدات، یاخود پێغەمبەر (دخ) لە قیامەتدا یەخەی دەگرێت و دەبێتە خەسیمی، پێویستە ڕەت بکرێتەوە و دەبێت ڕاست بکرێتەوە.

پەیوەندی بە عەقیدەشەوە نییە، چونکە لەم بۆنەدا هیچ سیفەتێکی خوداوەندانە، هاوشێوەی هەندێک عەقیدەی دینیی تر، نادرێتە پاڵ پێغەمبەر (دخ)، تا بکرێتە بیانوو بۆ ڕەتکردنەوەی بۆنەکە بە ناوی پاکێتی عەقیدەوە. ئەگەر خەرافەتێک لێرە و لەوێ لە سۆنگەی جەهلەوە جێگەی خۆی کردەوە و هەستی پێکرا، دیسانەوە دەبێت ڕوونکردنەوە بدرێت. ئەمەش لە ئێستای قۆناغی دوای عەوامییەت و نەخوێندەواری زۆربەی موسوڵمانان و کۆمەڵگەدا زۆر کەم بۆتەوە.

بە کورتی، مەولود بۆنەیەکی ئیسلامیی دینیی بە دەق دیاریکراو نییە و بە عیبادەت لە قەڵەم نادرێت تا بوترێت شتێک بێ دەق و بەڵگە بۆ دین زیاد کراوە، بەڵکوو بۆنەیەکی کەلتووریی ئیسلامیی دینیی موسوڵمانانە. دەچێتە بواری سوننەی حەسەنەوە پێشەوا نورەسیش بەعادەتێکی جوان و سوود بەخش لەقەڵەمی داوە، کە یەکێک دەستپێشخەری دەکات و دایدەهێنێت و دواتر خەڵک چاوی لێ دەکەن و شوێنی دەکەون، لەو سۆنگەوە کە لە خزمەتی گشتیدایە. عیبادەتێک زیاد و کەم ناکرێت یاخود دانانرێت، خوێندنەوەیەکی کەلامیی نوێش بۆ دیاردەی پێغەمبەرایەتی یاخود کەسی پێغەمبەر ناکرێت، تا تەرازووی عەقیدە بهێنرێت بۆ هەڵسەنگاندنی، بەڵکوو سوودی لێ وەردەگیرێت بۆ دڵبەندییەکی ڕۆحی و ئەخلاقیی زۆرتر بەو زاتەوە.

مادام وەک کەلتوور و بۆنەش مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و لەسەر ئاستی دەربڕینی هەست سەیری دەکرێت، هیچ کێشەیەک لە ڕووی عیبادیی و عەقیدەییەوە بۆ کەس دروست ناکات، بەڵکوو لە ئێستادا سوودی لێ وەردەگیرێت بۆ ناسنامەسازیی دینی و زیاتر ئامادەکردنەوەی پێغەمبەر لە ژیان و هەست و نەستی تاکەکان و کۆمەڵگەدا. حوکمی فیقهی لە دەرەوەی موباحەوەی لەسەر بینا ناکرێت. هەر بۆیە، پێویست ناکات هەموو ساڵێک هەندێک کەس لە ناوەندە دینییەکەی کوردستاندا، بە باسی بیدعە و حەرامبوونی بۆنەکە، سەر و دڵی موسوڵمانی کوردەواری، مەڵبەندی باوەر و ئەوین و عیرفان و خۆشەویستی بۆ پێغەمبەر (د.خ) بگرن، کەشوهەوای ئەم یادە ئیسلامییە کەلتوورییە کوردییە لە خەڵک تێک بدەن و نەهێڵن پشوویەکی ڕۆحی تێدا بدەن.

یادەکەش لە موسوڵمانانی قەدرگرانی کوردستان و سەرجەم موسوڵمانانی جیهان پیرۆز بێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP