دواین هەواڵ

کوردستان‌

 18 خولەک پێش ئێستا

بارزانی: هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ هیچ بڕیارێک ناکات کە لە دەرەوەی دەستوور بێت

هەرێم نیوز
⠀
 بارزانی، لە دیدارێکدا لەگەڵ باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ هیچ بڕیار و بابەتێک ناکات کە لە دەرەوەی دەستووری عێراقی بێت.
⠀
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی 11ـی 2026، بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و تۆماسۆ سانسۆنێ، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێر کرد و تێیدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق بە گشتی و هەڵسەنگاندن بۆ پێشهاتە نوێیەکانی نێو پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا.
⠀
پەیوەست بە پێشهاتەکان، بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە بڕیارە سەربازییەکەی دوێنێی حکومەتی عێراق، جەختی لەوە کردەوە کە دەستوور جۆری دەسەڵاتەکان و پەیوەندیی نێوان هەردوولای دیاری کردووە و هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ هیچ بڕیار و بابەتێک ناکات کە لە دەرەوەی دەستووری عێراقی بێت.
⠀
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو کە هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ ئەوەی گرفتەکان چارەسەر ببن، بەڵام هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە بە بڕیاری نادەستووری و عەقڵییەتی نکۆڵیکار، ئیرادەی خۆی بەسەر گەلی کوردستاندا بسەپێنێت.
⠀
لە بەرامبەردا باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بە بایەخەوە سەیری ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان دەکات و پشتیوانی لە هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتوو دەکات، هاوکات هیوای خواست کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن چارەسەر ببن و بگەنە ئەنجامێکی باش.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP