دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

نێچیرڤان بارزانی پابەندیی هەرێمی کوردستانی بە پاراستنی مافەکانی ژنان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دووپات کردەوە

هەرێم نیوز

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا پابەندیی هەرێمی کوردستانی بە پاراستنی مافەکانی ژنان، چەسپاندنی یەکسانی و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و جیاکاری دژی ژنان و کچان دووپات کردەوە.

سەروەریی یاسا و دادوەری بۆ قوربانییانی توندوتیژی
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند: "پابەندیی نەگۆڕمان بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان، چەسپاندنی ئازادی و یەکسانی و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژی و جیاکارییەک دژی کچان و ژنان دووپات دەکەینەوە."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ڕێزەوە قوربانییانی توندوتیژی بە بیر هێنایەوە و جەختی کردەوە کە دڵنەواییی خێزانەکانیان تەنیا بە سەروەریی یاسا، دادوەری و ڕێگریکردنی یەکجارەکی لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانە دەبێت.

تواناسازیی ژنان و هەماهەنگیی کۆمەڵگەیی
نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە پێشکەوتن، ئاشتی و داهاتووی هەرێمی کوردستان بەندە بە تواناسازی و بەشداریکردنی کارای ئافرەتان لە هەموو کایەکانی ژیان و ناوەندەکانی بڕیارداندا، ڕاشیگەیاند کە لەم پێناوەدا لە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی، مامۆستایانی ئایینی، ناوەندەکانی خوێندن، میدیا و گەنجان بەردەوام دەبن بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری لێبوردەیی، ئاشتیخوازی و ناتوندوتیژی.

لە کۆتاییی پەیامەکەشدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سڵاو و پێزانینی ئاراستەی هەموو ئەو ئافرەت، چالاکوان و داکۆکیکارانە کرد کە لەپێناو یەکسانیدا تێدەکۆشن، هاوکات داوای کرد هەمووان پێکەوە کار بکەن بۆ کوردستانێکی ئارامتر و دادپەروەرتر کە دوور بێت لە هەموو جۆرە توندوتیژی و ترس و جیاکارییەک.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP