هەرێم نیوز
هەشت حزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژئاوای کوردستان لە چوارچێوەی کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاریدا لە شاری قامیشلۆ بەیاننامەیەکی هاوپشتییان بۆ هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە و بڕیار و ڕێکارەکانی ئەم دوایییەی حکوومەتی عێراقیان بە دەستدرێژی بۆ سەر دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم و پێشێلکردنی بنەمای هاوبەشیی نیشتمانی وەسف کرد.
بەدواداچوونی هەنگاوەکانی بەغدا و جەختکردنەوە لە دەستوور
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە قامیشلۆ دەرکرا، ئەو هەشت حزب و لایەنە ئاماژەیان بەوە کرد کە بە وردی بەدواداچوون بۆ لێدوانەکانی وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق و هەنگاوەکانی حکوومەتی فیدراڵ دەکەن کە بوونەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی لە هەرێمی کوردستان.
حزبەکانی کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری هاوپشتیی تەواوی خۆیان بۆ گەلی باشووری کوردستان دووپات کردەوە و جەختیان کردەوە کە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت پشت بە دەستووری عێراق ببەستێت و کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، دوور لە زمانی هەڕەشە، سەپاندنی واقیع و بڕیارە تاکلایەنەکان.
پرسی مافی دەستووری و داوای یەکڕیزی
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "مامەڵەکردنی نێوان بەغدا و هەولێر تەنیا ناکۆکییەکی کارگێڕیی کاتی نییە، بەڵکو پرسی مافی دەستووری، نەتەوەیی و سیاسیی گەلێکە کە مێژوو و قوربانیی هەیە؛ هەر بۆیە یەکێتی و سەقامگیریی عێراق بە لاوازکردنی هەرێمی کوردستان و بازدان بەسەر مافەکانیدا بەدەست نایەت، بەڵکو بە چەسپاندنی سیستمی فیدراڵی و دوورکەوتنەوە لەو سیاسەتانەی گرژی دروست دەکەن دێتە دی."
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بانگەوازێکیان ئاراستەی سەرجەم هێزە سیاسییەکانی کوردستان کرد بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی هەڵوێست و هەماهەنگیی هاوبەش، بە مەبەستی بەرگریکردن لە مافە دەستووری و نەتەوەیییەکانی گەلی کوردستان.
ناوی ئەو هەشت حزب و لایەنەی ڕاگەیەندراوەکەیان واژۆ کردووە:
١- پارتی یەکێتیی دیموکراتی کوردی لە سووریا.
٢- پارتی دیموکراتی کوردی لە سووریا (بارتی).
٣- پارتی چەپی دیموکراتی کوردی لە سووریا.
٤- بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان لە سووریا.
٥- پارتی ڕێککەوتنی دیموکراتی کوردیی سووری.
٦- پارتی ئاشتیی دیموکراتی کوردستان.
٧- پارتی چەپگەرای کوردی لە سووریا.
٨- پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کوردی لە سووریا.