دواین هەواڵ

کوردستان‌

 60 خولەک پێش ئێستا

فەرهاد ئەتروشی: ئەگەر عێراق گرووپەکان چەک نەکات وەک وڵاتێکی پشتیوانی تیرۆر پۆلێن دەکرێت

هەرێم نیوز
فەرهاد ئەتروشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد که واشنتۆن نەرمی دەربڕیوە لە درێژکردنەوەی وادەی داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، بەڵام هۆشداری داوە لەوەی ئەگەر لە کاتی دیاریکراودا بە بڕیارەکە پابەند نەبن، سزای قورس بەسەر عێراقدا دەسەپێنرێت.

درێژکردنەوەی مۆڵەت و هۆشداریی ئەمریکا بۆ حکوومەت
فەرهاد ئەتروشی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "عێراق ٢٤" ڕایگەیاند: "هەڵسوڕێنەری کارەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا پێی وتم، ئێمە نەرمیمان نواند بە گۆڕینی وادەی دانانی چەکی گرووپەکان لە ٣٠ی ئەیلولەوە بۆ ٣٠ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو، پێمان وابوو دەرفەتێک بدەین بە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. بەڵام ئەگەر عێراق پابەند نەبوو بەم وادەیە وەک دەوڵەت و وەک گرووپ، ئەگەرێکی گەورە هەیە سزای بەسەردا بسەپێنین."

هەڕەشەی پارچەپارچەبوون و پۆلێنکردن وەک پشتیوانی تیرۆر
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد و گوتی: "قسەکانی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە وتی، عێراق پارچەپارچە دەبێت ئەگەر میلیشیا چەکدارەکان چەکەکانیان دانەنێن و چەک لە دەستی دەوڵەت کۆ نەکرێتەوە، لەم چوارچێوەیەدایە."

وتیشی: "هەڵسوڕێنەری کارەکانی ئەمریکا لە عێراق جەختی کردووەتەوە لەوەی لەگەڵ سەپاندنی سزادا، عێراق وەک وڵاتێکی پشتیوانی تیرۆر پۆلێن دەکرێت."

مەرجەکانی واشنتۆن بۆ پەیوەندی بەهێز لەگەڵ بەغدا
لە کۆتاییدا ئەتروشی ڕایگەیاند: "نازانم ئەمە بڕیار و سیاسەتی فەرمیی ئەمریکایە یان نا، بەڵام پێم وایە ئەمریکا لەمە بێدەنگ نابێت. ئەگەر ئێمە پەیوەندییەکی بەهێزمان بوێت لەگەڵ ئەمریکا، ئەوانیش مەرجیان هەیە و پێمان دەڵێن ئێمەش بەرژەوەندیمان هەیە؛ ئەگەر ئێوە مەرجەکانمان قبووڵ ناکەن، ئێمەش مەرجی ئێوە قبووڵ ناکەین، ئەمەش کێشەیە و دەبێت چارەسەر بکرێت."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP