دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

تەسنیم: گۆڕینەوەی نامە لە نێوان تاران و واشنتن بەردەوامە و گەرەنتییەکان خاڵی ناکۆکین

هەرێم نیوز

سەرچاوە ئێرانییەکان ئاشکرای دەکەن، کە پڕۆسەی گۆڕینەوەی نامە و پێشنیازەکان لە نێوان تاران و واشنتن لەسەر دەقی ڕەشنووسی لێکتێگەیشتنی ئەگەری هێشتا بەردەوامە، و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتەش جەخت لەسەر وەرگرتنی گەرەنتیی دڵنیاکەرەوە دەکاتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 31ـی 5ـی 2026، ئاژانسی "تەسنیم"ـی ئێرانی بڵاویکردەوە، هەرچەندە هەردوولا بە شێوەیەکی خولیی هەموارکردنەوەی جۆراوجۆریان پێشکەش کردووە، بەڵام تاوەکو ئەم ساتە چوارچێوەی هیچ لێکتێگەیشتنێک بە شێوەیەکی کۆتایی پەسند نەکراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئێران، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پێشوازی لە هیچ ڕێککەوتنێک ناکات ئەگەر گەرەنتیی پێویست بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی ئێران لەخۆ نەگرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە واشنتن مەرجەکانی توندتر کردووەتەوە.

سەبارەت بە سروشتی ئەو گەرەنتییانەش، ئاژانسی "ئیسنا" لە زاری مەحموود نەبەوییان، ئەندامی پەرلەمانی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، بڕیاری فەرمیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تەنیا گەرەنتییە بۆ پابەندبوونی لایەنەکان بە ڕێککەوتنەکەوە.

هاوکات شیکەرەوانی ئێرانی پێیان وایە کە جێبەجێکردنی بڕگەکان دەبێت بە شێوازی هەنگاو بە هەنگاو و هاوتای یەکتر بێت، واتە تاران هیچ بڕگەیەک جێبەجێ ناکات تاوەکو واشنتن هەنگاوی متمانەبەخش نەنێت؛ جگە لەوەی ڕەشنووسی لێکتێگەیشتنەکە باسی لە پێکهێنانی لیژنەیەکی چاودێری کردووە بە بەشداریی چین، ڕووسیا و پاکستان.

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی دەنگوباسی "سوبح" ئاماژەی بەوە کردووە، کە کۆنترۆڵکردنی "گەرووی هورمز" وەک گرنگترین کارتی گەرەنتیی ئێران دەمێنێتەوە بۆ ناچارکردنی لایەنی بەرامبەر بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی، و هۆشداری دراوە کە ئەگەر پێشێلکارییەک ڕووبدات، تاران پێداچوونەوە بە بەڕێوەبردنی هاتوچۆی دەریایی ئەو ڕێڕەوەدا دەکات.

لە بەرامبەردا ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە گواستییەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەموارکردنەوەی زۆر توندی خستووەتە سەر پێشنیازەکە کە هۆکارە بۆ درێژەکێشانی دانوستانەکان.

وەک پاشخانێکی ئەم دۆسیەیەش، دۆسیەی ئەتۆمی و گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ دەرەوەی ئێران، لەگەڵ پرسی کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز، گەورەترین خاڵی ناكۆکی نێوان هەردوولان لەو دانوستانانەی کە ئامانجیان کۆتاییهێنانە بەو شەڕەی لە 28ـی شوباتی ڕابردوودا بە هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد

لە کاتێکدا واشنتن تاران بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی تۆمەتبار دەکات، ئێران ئەمە ڕەتدەکاتەوە و داوا دەکات گفتوگۆی ئەم بابەتە بۆ دوای واژۆکردنی لێکتێگەیشتنەکە و بۆ ماوەی 60 ڕۆژ دوا بخرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP