دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری كشتوكاڵ: 20 بەنداو بەتەواوی پڕبوون و سەرڕێژبوون

هەرێم نیوز

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان، ئاماری نوێی کۆبوونەوەی ئاوی لە بەنداوەکان ئاشکرا کرد و رایگەیاند، پلانی وردیان هەیە بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین بڕی ئاو لە کۆتایی وەرزدا.

ئەمڕۆ شەممە 28ی 3ی 2026، بێگەرد تاڵەبانی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی شەپۆلی بارانبارینی ئەم دواییەوە 20 بەنداوی بچووک و مامناوەند لە هەرێمی کوردستان بەتەواوی پڕبوون و سەرڕێژبوون. وتیشی، پرۆسەی پڕکردنی بەنداوە گەورەکان بەپێی پلانێکی زانستی و هەنگاو بە هەنگاو بەڕێوەدەچێت.

دۆخی بەنداوە گەورەکان:
وەزیری كشتوكاڵ وردەکاریی کۆبوونەوەی ئاوی لە بەنداوە ستراتیژییەکان بەم شێوەیە خستەڕوو:
• بەنداوی دوکان: تاوەکو ئێستا 3.7 ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدا کۆکراوەتەوە و رۆژانە بەڕێژەیەکی باش زیاد دەکات.
• بەنداوی دەربەندیخان: بڕی 2.3 ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە و بەپێی پلانەکان پڕ دەکرێت.
• بەنداوی دهۆک: نزیکبووەتەوە لە پڕبوون و لە ئێستادا 47 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە.
• بەنداوی گۆمەسپان: بڕی 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی خەزن کردووە، کە دەکاتە 60%ی ئاوی کۆکراوەی ئەمساڵ و ئاستەکەی بەردەوام لە زیادبووندایە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمساڵ بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە، توانراوە بڕێکی باشی ئاو بۆ وەرزەکانی وشکەساڵی و پێداویستیی کشتوکاڵی زاخیرە بکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP