دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

گورزی کۆتایی ترەمپ بۆ ئێران؛ ئاکسیۆس پلانی داگیرکردنی دوورگەکان ئاشکرا دەکات

هەرێم نیوز

پنتاگۆن خەریکی داڕشتنی کۆمەڵێک بژاردەی سەربازییە بۆ وەشاندنی "گورزی کۆتایی" لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە ئەگەری هەیە هێرشی زەمینی و بۆردومانی بەرفراوان لەخۆ بگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"، ئەگەر گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان پێش نەکەون و گەرووی هورمز بە داخراوی بمێنێتەوە، واشینگتن بەرەو وەرچەرخانێکی سەربازیی دراماتیکی هەنگاو دەنێت.

چوار بژاردە بۆ گەمارۆدانی تاران

بەپێی زانیارییەکانی ئەم دەزگا میدیاییە، چوار بژاردەی سەرەکی لەبەردەم دۆناڵد ترەمپدا هەن بۆ ئیفلیجکردنی ئێران.

یەکەمیان هێرشی زەمینی یان گەمارۆدانی دوورگەی "خارگ"ە وەک ناوەندی سەرەکیی هەناردەی نەوتی ئێران، کە ئامانج لێی بڕینی دەمارە داراییەکانی تارانە.

بژاردەی دووەم هێرشکردنە سەر دوورگەی "لارک"ە، کە پێگەیەکی ستراتیژیی ئێرانە بۆ چاودێریکردنی گەرووی هورمز. تاران لەوێ ڕادار و بەلەمی هێرشبەری جێگیر کردووە، هەربۆیە کۆنترۆڵکردنی ئەو شوێنە بە واتای پەکخستنی توانای دەریایی ئێران دێت لە ناوچەکەدا.

کێبڕکێ لەسەر دوورگە ستراتیژییەکان

بژاردەی سێیەمی ترامپ، بریتییە لە داگیرکردن و کۆنترۆڵکردنی دوورگەی "ئەبومووسا" و هەردوو دوورگەی "تونبی گەورە و بچووک". ئەم دوورگانە کلیلی چوونە ناوەوەی گەرووی هورمزن و هەرچەندە لای ئێرانن، بەڵام ئیماراتیش داوایان دەکات.

بژاردەی چوارەمیش تەنیا بلۆککردنی هەناردەی نەوتە لە بەشی ڕۆژهەڵاتی گەرووەکەدا.

جگە لەم بژاردە دەریاییانە، سوپای ئەمریکا پلانی بۆ ئۆپراسیۆنی زەمینی لە قووڵایی خاکی ئێراندا ئامادە کردووە. ئامانجی ئەم پلانە گەیشتنە بەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی کە لە بنکە ئەتۆمییەکاندا شاراوەتەوە، هەرچەندە دەکرێت لەبری هێزی زەمینی، بۆردومانی ئاسمانیی یەکجار بەهێز بۆ وێرانکردنی ئەو شوێنانە بەکار بهێنرێت.

هۆشداریی "دۆزەخ" و وەڵامی تاران

کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، بە توندی هۆشداریی داوە کە ترەمپ ئامادەیە "دۆزەخ بەرپا بکات" ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت.

واشینگتن دەڵێت هەر توندوتیژییەک لەمەودوا ڕووبدات، بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی ئێرانە کە ڕێگری لە ڕێککەوتن دەکەن.

لەلایەکی ترەوە، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاندووە کە هێزە چەکدارەکانیان چاودێری هەموو جموجۆڵێکی دوژمن دەکەن.

هۆشداری دا کە هەر هەوڵێک بۆ داگیرکردنی دوورگەکانی ئێران، وەڵامەکەی وێرانکردنی تەواوی ژێرخانی ئەو وڵاتە ناوچەییانە دەبێت کە هاوکاریی سوپای ئەمریکا دەکەن.

بنبەستی متمانە و هەوڵی ناوەندگیرەکان

سەرباری ئەم هەڕەشانە، وڵاتانی وەک پاکستان، میسر و تورکیا هێشتا کۆڵیان نەداوە و خەریکی ئامادەکردنی زەمینەیەک بۆ دیداری نێوان تاران و واشینگتنن.

سەرچاوەکان دەڵێن کێشەی سەرەکی "بێ متمانەیی"یە، چونکە فەرماندەکانی سوپای پاسداران زۆر بە گومانەوە دەڕواننە نەتەوەکانی ئەمریکا و پێیان وایە ئەمە تەنیا تەڵەیەکە بۆ هێرشی غافڵگیرانە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP