دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

داقووق؛ تەقینەوەی بۆمبێک گیانلەدەستدان و برینداربوونی چوار کەسی لێکەوتەوە

هەرێم نیوز
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٦، تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو لە قەزای داقووق بووە هۆی کوژرانی کارمەندێکی پۆلیس و برینداربوونی سێ کەسی دیکە، کە یەکێکیان بەرپرسێکی حەشدی شەعبییە.

بەپێی زانیارییە ناوخۆییەکان، بۆمبەکە لەبەردەم ماڵی بەرپرسێکی حەشدی شەعبی بەناوی (عەلی جەعفەر) لەناو قەزای داقووق چێنراوە. دوای ئاگادارکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان لە بوونی تەنێکی گومانلێکراو، تیمەکانی پۆلیس و دەزگا تەناهییەکان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی، بەڵام بۆمبەکە لە کاتی پشکنیندا تەقیوەتەوە.

تەقینەوەکە زیانی گیانیی لێکەوتووەتەوە و قوربانییەکان بەم شێوەیەن:
• گیانلەدەستدان: کارمەندێکی پۆلیسی فریاکەوتن بەناوی (مەهدی سەباح) کە کوردی کاکەیی و دانیشتووی داقووقە، لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا گیانی لەدەستداوە.
• بریندارەکان: سێ کەسی دیکە بریندار بوون کە پێکهاتوون لە: (عەلی جەعفەر، بەرپرسی حەشد)، (کارمەندێکی پۆلیس) و (کارمەندێکی شارەوانی).

دوای ڕووداوەکە، هێزە ئەمنییەکان ناوچەکەیان گەمارۆ داوە و بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون. تا ئێستا هیچ لایەنێک بە فەرمی بەرپرسیارێتیی خۆی لە چاندنی بۆمبەکە ڕانەگەیاندووە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی کارەکە دەستیپێکردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP