دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

قالیباف: لێدان لە ژێرخانی ئێران واتە لەناوبردنی وزەی تەواوی ناوچەکە

هەرێم نیوز

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، پەیامێکی هۆشداریی توندی ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند، هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوەکانی وڵاتەکەی، ئاگری جەنگەکە تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە.

قالیباف لە هەژماری فەرمیی خۆی لە سەکۆی "X" نووسیویەتی: "ئەگەر ژێرخانی وڵاتەکەمان بکرێتە ئامانج، ڕاستەوخۆ ژێرخانی ژیانی، وزە و نەوت لە سەرانسەری ناوچەکەدا لەناودەچێت." ئەم لێدوانە وەک ئاماژەیەک بۆ توانای ئێران لە بەئامانجکردنی کێڵگە نەوتی و وێستگەکانی وزەی وڵاتانی دراوسێ و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لێکدەدرێتەوە.

ئەم هۆشدارییەی تاران دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەڕەشەیەکی بێپێشینەی ئاراستە کردن و ڕایگەیاند:
• مۆڵەتی کاتی: ئەگەر ئێران لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا گەرووی هورمز بە تەواوی نەکاتەوە، ئەمریکا دەست بە وێرانکردنی دامەزراوە وزەییەکانی ئێران دەکات.
• دەستپێکردن لە گەورەترینەکان: ترەمپ جەختی کردەوە کە هێرشەکان سەرەتا لە گەورەترین وێستگەکانی کارەبا و وزەوە دەست پێ دەکەن.

ئەم جەنگە زارەکییە لە کاتێکدایە کە لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە، ئێران و بەتایبەت تارانی پایتەخت، ڕووبەڕووی بۆردومانێکی چڕی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بووەتەوە. ئەو هێرشانە بوونە هۆی گۆڕانکاریی گەورە لە هەرەمی دەسەڵاتی وڵاتەکەدا، لەوانە کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای پێشووی کۆماری ئیسلامی و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە باڵا سیاسی و سەربازییەکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP