هەرێم نیوز
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیامێکی نوێدا ستراتیژیی وڵاتەکەی بۆ قۆناغی داهاتووی جەنگ دژی ئێران ئاشکرا کرد و جەختی لەسەر بەردەوامیی هێرشە هاوبەشەکانیان لەگەڵ ئەمریکا کردەوە.
نەتانیاهۆ ئاماری نوێی قوربانییانی وڵاتەکەی بەهۆی موشەکەکانی ئێرانەوە ڕاگەیاند و وتی: "لە سەرەتای ئەم جەنگەوە تاوەکو ئێستا، ١٥ کەس بەهۆی موشەکبارانەکانی ئێرانەوە گیانیان لەدەستداوە." نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئیسرائیل لە ئێستادا لەناو ململانێیەکی چارەنووسسازدایە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە "بوون و مانەوەی" وڵاتەکەیەوە هەیە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە ئامانجی کۆتایی ئەوان تەنها وەڵامدانەوە نییە، بەڵکو:
• لەناوبردنی توانا ئەتۆمییەکان: پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بە تەواوەتی لەناودەبرێت.
• پەکخستنی سیستمی موشەکی: تواناکانی ئێران بۆ دروستکردنی موشەکی بالیستی تێکدەشکێنرێن.
• گۆڕینی ڕژێم: نەتانیاهۆ هیوای خواست ئەو هەلومەرجە دروست بکەن کە ڕێگە بە "ڕووخانی ڕژێمی ئێران" بدات.
نەتانیاهۆ داوای لە وڵاتانی تریش کرد بێنە ناو بەرەی شەڕەکەوە و ڕایگەیاند: "ئێستا کاتی ئەوەیە سەرکردەی وڵاتانی تریش بێنە ناو ئەم جەنگە، هەندێکیشیان دەستیان بە هەنگاونان بەو ئاراستەیە کردووە." هەروەها جەختی کردەوە کە لەگەڵ ئەمریکییەکان بەردەوام دەبن لە لێدانی "دوژمن" تاوەکو بەدیهێنانی سەرجەم ئامانجەکانیان.
ئەم لێدوانانەی نەتانیاهۆ لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە ناوچەکە گەیشتوونەتە ئاستێکی بێپێشینە و ئاسمانی ئێران و ئیسرائیل ڕۆژانە گۆڕەپانی ئاڵوگۆڕی موشەک و بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانە.