هەرێم نیوز
تۆم باراک، نوێنەری سەرۆكی ئەمریکا رەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی ئیدارەکانی پێشووی ئەمریکا لە عێراق گرت و ئاماژەی بەوەدا، تارانیان بەهێزكردو رێگەیان پێدا بۆشاییەكە پڕبکاتەوە.
باراك، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی "زە ناسیۆناڵ"، وتی: ئێران پێشڕەوی کردو بۆشایی عێراقی پڕکردەوە، چونکە پەیكەرێكی شێتانەمان دروستکردو وایكرد میلیشیاکانی ئێران هەژمونێكیان لەسەرووی هەژمونی پەرلەمانەوە بێت.
نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی لە سوریا جەختی لەوە کردەوە، عێراق وەک نمونەیەکی ڕوونی ئەو هەڵانەیە كە نابێت ئەمریکا دووبارەی بکاتەوە.
وتیشی: سەرۆک وەزیرانی ئێستا، محەمەد شیاع سودانی، پیاوێکی لێهاتووە، بەڵام دەسەڵاتی راستەقینەی نییەو ناتوانێت هاوپەیمانی لە پەرلەمان پێکبهێنێت، بەهۆی هێزەكانی حەشدی شەعبی و نوێنەرەكانیان لە پەرلەمان، کە رێگری لە پرۆسەکە دەکەن.
راشیگەیاند: واشنتۆن ملیۆنان دۆلاری خەرجكردو ٢٠ ساڵی بەسەر برد بەبێ ئەنجامێك شایەنی باسكردن بێت، پێیشوایە ناتوانێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات.
باراک لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەدا ئاماژەی بەوەكرد: کێشەی عێراق و سوریا لە ئەگەری ئەوەدایە دۆخەکە بگۆڕێت بۆ دابەشبوون و کۆماری فیدراڵی بخولقێنێت مافی ئۆتۆنۆمی بە کورد بدات، هەروەک چۆن لە یوگۆسلاڤیا روویدا.
هۆشداریدا لە مەترسییەکانی دابەشبوون و نەبوونی رێککەوتن لەسەر مۆدێلێكی فیدراڵی و رایگەیاند: رەنگە دروستکردنی فیدراڵییەکان تەنها ماوەیەکی زۆر کورت بخایەنێت و دواتر شەڕ سەرهەڵبداتەوە.