دواین هەواڵ

جیهان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

سوپای پاسداران وردەکاری کوژرانی هەنییە ئاشکرادەکات

هەرێم نیوز

سوپای پاسدارانی ئێران وردەکاریی نوێی لەبارەی چۆنیەتیی تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس، ئاشکرا کرد و ڕەتیکردەوە ڕووداوەکە لە ئەنجامی بۆمبێکی پێشوەختە لە ژوورەکەیدا بووبێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سوپای پاسداران، هێرشەکە لە ڕێگەی مووشەکێکەوە ئەنجامدراوە لە دوورییەکی دیاریکراوەوە ئاراستە کراوە. مووشەکەکە سەرەتا بە وردی بەر پەنجەرەی ژوورەکە کەوتووە و دواتر بەر جەستەی هەنییە کەوتووە.

سوپای پاسداران ڕوونیشیکردەوە لە کاتی هێرشەکەدا، هەنییە بە تەلەفۆن قسەی کردووە و ڕووی لەو ئاراستەیە بووە کە مووشەکەکەی لێوە هاتووە، ئەمەش "نیشانەی ئەو وردبینییە بووە، ئۆپەراسیۆنەکەی پێ ئەنجامدراوە."

ئاماژەی بەوەشدا دوای ڕووداوەکە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کۆبووەتەوە و بە کۆی دەنگ بڕیاری تۆڵەسەندنەوەی داوە، بەڵام کات و شێوازی وەڵامدانەوەکەی بۆ هێزە چەکدارەکان جێهێشتووە. 

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، 31ی7ی2024، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا. هەنییە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە تاران بوو.

پێشتر یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، دانی بەوەدا نابوو وڵاتەکەی لە پشت تیرۆرکردنی هەنییەوەیە. لە بەرامبەردا، بزووتنەوەی حەماس ئەو بانگەشەی ئیسرائیلی ڕەتکردبووەوە کە گوایە هێرشەکە لە ڕێگەی بۆمبێکی پێشوەختە چێندراوەوە لە ژوورەکەیدا ئەنجامدراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP