دواین هەواڵ

عێراق‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

چەکداماڵینی گروپە میلیشیاکانی عێراق سەریهەڵداوەتەوە

هەرێم نیوز

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، پابەندن بەوەی تەواوی هێزە چەکدارەکان بخەنە ژێر چەتری حکومەتەوە و پرسەکەش پەیوەستە بە کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق.

محەممەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: ئەوان وەک دەسەڵات پابەندن بەوەی کە تەواوی هێزە چەکدارەکان بخەنە ژێرچەتری حکومەتەوە و بەڕیکخستن بکرێن، بەڵام پرسەکە بە تەواوەتی بەستراوەتەوە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق.

لەبارەی چۆنییەتی کۆنترۆڵکردنیان وتی، دەکرێت بچنە چوارچێوەی هێزە فەرمییەکان یانیش چەک دابنێن و خەباتی چەکداریی بگۆڕن بۆ خەباتی سیاسی.

ئاماژەی بەوەشدا، کە هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە تا ئەیلولی 2026 و بە کەمتر لە ساڵێکی دیکە، تەواوی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق بکشێنەوە ئەو پڕۆسەیەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستی پێکردوە کۆتایی بێت، چونکە مەترسییەکانی داعش و تیرۆر تەواو لاواز بوون.

وتیشی هەڵوێستی عێراق لە پرسی پاراستنی ئاساییشەکەیدا ڕوونە، دامەزراوەکانی دەوڵەت بڕیار لە ئاشتیی و شەڕ دەدەن و هیچ هێز و وڵاتێک ناتوانێت عێراق بخزێنێتە ناو شەڕەوە.

جارێکی دیکە مشتومڕ لەسەر پرسی چەکدانانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق گەرمبووەتەوە، ئەمەش دوای قسەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هات کە چەکدانانی گرووپەچەکدارەکانی بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بەستەوە، کە بڕیارە لە ئەیلوولی ساڵی داهاتوو بەتەواوی بکشێنەوە.

نەجم قەساب، لێکۆڵەر لە کاروباری ئەمنی و سیاسی بە سکای نیوزی ڕایگەیاند، "سوودانی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی هاوکێشەیەکی هەستیار دەبێتەوە، چونکە چینی سیاسی شیعە و سوننە و کورد، لەگەڵ مەرجەعی ئایینی لە نەجەف، چەندین ساڵە لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە پێویستە چەک لەدەستی دەوڵەت بێت."

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆک وەزیران دەیەوێت دۆخەکە بگۆڕێت و لە سازشکردنەوە بۆ دەوڵەتمەداری، واتە یاسا بکاتە هێڵی جیاکەرەوە لە نێوان ئاژاوە و ڕێکخستنەوە، دەشڵێت " ئاژاوەکانی عێراق هەمیشە لەئەنجامی ئەو چەکانە بووە کە لە ژێر کۆنتڕۆڵدا نەبوون، جا هەندێک جار بەناوی بەرگریی و هەندێکجاریش بەناوی پاراستنی دەوڵەتەوە پاساویان هێناوەتەوە. 

 ئاماژەی بەوەشدا، "نەخشەی سیاسی دوای شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس گۆڕاوە، بۆیە ئەم پێشهاتە وایکردووە بەشێک لە سەرکردەکانی عێراق هەست بە پێویستی بێلایەنی عێراق بکەن لە ململانێکانی ناوچەکە و سەقامگیریی خۆیان بکەنە ئامانجێکی نیشتمانی."

وتیشی: "زۆرێک لەو سەرکردانەی گرووپە چەکدارانەی پێشتر ئاڵای مقاوەمەیان بەرز دەکردەوە، ئێستا بەشێکن لە دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و تامی دەسەڵات و سامانیان کردووە"، ئەمەش ڕەنگە زیاتر مەیلیان هەبێت بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانیان لە ڕێگەی پارتە سیاسییەکانەوە نەک لە ڕێگەی چەکەوە."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP