دواین هەواڵ

جیهان‌

 20 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ: پێمخۆشە جارێکی تر سەرۆکی کۆریای باکوور ببینمەوە

هەرێم نیوز 

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت، "لە چوارچێوەی گەشتەکەم بۆ کیشوەری ئاسیا دەمەوێت جارێکی دیکە کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور ببینمەوە" و دەشڵێت، ئه‌گه‌ر كیم بیه‌وێت له‌گه‌ڵیدا كۆببێته‌وه‌ ئه‌وا گه‌شته‌كه‌ی بۆ ئاسیا درێژده‌كاته‌وه‌.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەناو فڕۆکە تایبەتەکەیدا لە رێگەی چوونی بۆ تۆکیۆ، قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و وتی، "زۆرم پێ خۆشە لە چوارچێوەی گەشتەکەم بۆ ئاسیا، جارێکی دیکە چاوم بە سەرۆکی کۆریای باکوور بکەوێتەوە و لەگەڵی کۆببمەوە".

سەرۆکی ئەمەریکا دوای سەردانەکەی مالیزیا، ئەمڕۆ بەرەو ژاپۆن کەوتەڕێ، بڕیاریشە دواتر گەشتەکەی بۆ کۆریای باشوور درێژ بکاتەوە و رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە لەو وڵاتە بمێنێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ لە واشنتن بەر لەوەی دەست بەگەشتەکەی بۆ ئاسیا بکات بە رۆژنامەنووسانی وت، هیوادارە لەگەڵ کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور کۆببمەوە، کە دوایین جار لە ساڵی ٢٠١٩ چاویان بەیەکتر کەوتووە.

ئەوەش دوای ئەوەی ترەمپ لەگەشتێکی بۆ کیشوەری ئاسیا بەرە بەیانی دوێنێ یەکشەممە گەیشتە کوالالامپوری پایتەختی مالیزیا، لەوێدا واژۆی لەسەر رێککەوتنی ئاشتی نێوان تایلاند و کەمبۆدیا کرد و وتیشی، " کۆتاییمان بە هەشتەمین جەنگ هێنا"؛ ئەم قسەیەی ترەمپ دوای ئەوەهات، کە لە لوتکەی شەرم شێخ لە میسر بە دەستپێشخەرییەکەی ئەو توانرا شەڕی دوو ساڵەی غەززە رابگیرێت و ئاگربەست لە نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس راگەیەندرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP