دواین هەواڵ

جیهان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

سوپای ئیسرائیل هێرشێكی فراوانیكردە سەر شاری سەنعای پایتەختی یەمەن

هەرێم نیوز 

سوپای ئیسرائیل، هێرشێكی فراوانیكردە سەر شاری سەنعای پایتەختی یەمەن كە لەژێر كۆنتڕۆڵكی گروپی حوسییەكانی نزیك لە ئێرانە. 

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پێگەی حوسییەکان لە ناوچەی سەنعا و ئەلجەوف لە یەمەن کراونەتە ئامانجی هێرشی ئاسمانی.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە:”لە نێو ئەو ئامانجانەی هێرشیان کراوەتە سەر کەمپە سەربازییەکان کە هێزەکانی حکومەتی تێدا جێگیرکراوە، بارەگای بەشی پڕوپاگەندەی سەربازی حوسییەکان و شوێنی هەڵگرتنی سووتەمەنی کە بۆ چالاکییە سەربازییەکان بەکاردەهێنرێت”.

سوپای ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە، ئەو هێرشانە لە کاردانەوەی ئەو چالاکییانەی حوسییەکانە کە لە دژی ئیسرائیل ئەنجام دراون، لەوانەش هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی زەمین بۆ زەمین بۆ ناو خاکی ئیسرائیل.

لایخۆیەوە، كەناڵی ئەلمەسیرە کە سەر بە حوسییەکانی یەمەن ئەمڕۆ چوارشەممە لە پلاتفۆرمی "X" بڵاویکردەوە، "ئیسرائیل هێرشیكردە سەر سەنعای پایتەخت". ئەوەش یەکەمجارە لە دوای هەڵمەتێكی هاوشێوەوە كە سەرۆکی حکومەتی حوسییەکان و چەند ئەندامێکی لە كۆتاییەكانی مانگی ڕابردودا كوژران.

هەروەها وتەبێژی سەربازی حوسییەکان ڕایگەیاندوە، "بەرگرییە ئاسمانییەکان ڕوبەڕوی هێرشی ئیسرائیل دەبنەوە بۆ سەر یەمەن". هەروەها میدیا عەرەبیەكان باس لە هێرشی دیكە بۆ سەر ناوچەی حەزمیان لە پارێزگای جەوف دەكەن.

لای خۆشیانەوە سەرچاوەکانی ئەلعەرەبییە و ئەلحەدەس ڕایانگەیاندوە، "هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر ئامانجەکانی حوسییەکان"، تەقینەوەکانیان بە "شەش ئامانجی حوسییەکان لە سەنعا" وەسفکردوە، لەنێویاندا "کۆمەڵگەی بەرگری لە گەڕەکی ئەلعەردی" لە ناوەندی شارەکە.
 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP