هەرێم نیوز
لێپرسراوی بەشی چارەسەری سرووشتی لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر ڕایگەیاند، ئێستا زۆرترین ئەوانەی پێویستیان بە چارەسەری سرووشتی هەیە، گەنجانن و گیرۆدەی پشتئێشە و ملئێشە بوون، پسپۆڕێکیش ئەوە بۆ خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دەگەڕێنێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 8-9-2025 ئەردەڵان سەعدەدین، لێپرسراوی بەشی چارەسەری سرووشتی لە نەخۆشخانەی رزگاریی فێرکاری لە هەولێر ڕایگەیاند، حاڵەتەکانی پشتئێشە، ملئێشە، هەوکردنی جومگەکان، رۆماتیزم و جەڵتەکان لە بەشی چارەسەری سرووشتی هەن.
وتیشی: لە 16 ساڵی رابردوودا حاڵەتەکانی پشتئێشە و ملئێشە لەنێو گەنجاندا و تەمەنە بچووکەکان زیادیکردووە، بەجۆرێک لە 12 ساڵییەوە گیرۆدەی ئەوانەن و دێنە بەشی چارەسەری سرووشتی.
ئەو بەرپرسەی بەشی چارەسەری سرووشتی لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر وتی، ''گەنج هەبووە بەهۆی شۆڕبوونەوەی ملی لە کارەکەی، تووشی ملئێشەی درێژخایەن بووە و بە نەشتەرگەری چارەسەر کراوە''.
ئەردەڵان سەعدەدین وتی، ''رۆژانە 100 بۆ 150 کەس لە بەشی چارەسەری سرووشتی چارەسەر وەردەگرن، لەنێویشیان خانمان زۆرترینن''.
بە بڕوای پسپۆرانی تەندروستی بەهۆی خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە هاوڵاتییان دووچاری ملئێشە و پشتئێشە بوون، کە بە چارەسەری سرووشتی و وەرزش چاک دەبنەوە.