دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

پەرلەمانی تورکیا لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی كێشەی کورد پێکدەهێنێت

هەرێم نیوز

رۆژنامەی "زەمان"ی توركی بڵاویكردەوە: بڕیارە سبەینێ‌، نومان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، نامە بۆ لایەنە سیاسییەکان بنێرێت و داوای دیاریكردنی ئەندامیان لێبكات، بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانیی كە ئەرکی دامەزراندنی بناغە یاساییەکانی یەکلاکردنەوەی كێشەی کورد و، تێکەڵکردنی ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان دەبێت لە کۆمەڵگادا.

ئەمجارە پێکهێنانی لیژنەکە لەسەر بنەمای بڕیارێکی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەبێت، نەک بە یاسا، هاوشێوەی لیژنە تایبەتمەندەکانی دیکەی ئێستا، سەرۆکایەتی پەرلەمان چوارچێوەی کارکردنی لیژنەکە دیاری دەکات و، پێشبینی دەکرێت 35 ئەندام لەخۆبگرێت.

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) داوای پێکهێنانی ئەو لیژنەیەی کردبوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاش رایگەیاند، پێكهێنانی لیژنەكە لە سێ لایەنی پارتی داد و گەشەپێدان، پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست و پارتی یەکسانی گەل (پەیەدە) و پارتی دیموکرات (دەم پارتی) دەبێت.

ئەو پارتانەی فراكسیۆنی پەرلەمانییان هەیە، بە پێنج نوێنەری بەشداری ئەم لیژنەیە دەکەن، ئەو پارتانەشی فراكسیۆنیان نییە، بە یەک نوێنەر بەشداری دەکەن، پێنج پەرلەمانتاریش لە سەربەخۆکان بە تیروپشک دیاری دەکرێن.

ئەرکی لیژنەکە، پەرەپێدانی پێشنیازەکان دەبێت لەبارەی تێکەڵکردنی ئەندامانی پەكەكە کە چووەتە قۆناغی چەکداماڵین لەگەڵ کۆمەڵگا و، پێكهێنانی میکانیزمی کۆمەڵایەتی و یاسایی بۆ ئەو کەسانە.

پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (هەدەپە)و پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن، داوای لیژنەیەکی سشپۆڕی هەمیشەیی دەکەن کە بەگوێرەی یاسا دامەزرابێت، نەک قەوارەیەکی سنوردار کە ئەرکی تەکنیکی هەبێت.

لە بەرامبەردا هاوپەیمانی كۆماری دەسەڵاتدار، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، لیژنەکە تەنها لە قەوارەیەکدا سنوردار بكرێت، بەوپێیەی پەرە بە پێشنیازەكان دەدات.

ئەندامانی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) پێشنیازیان کردووە، کە دەستپێشخەریی ئێستا بە "ئاشتی و دیموکراسی" ناوببرێت، کە گروپی دەسەڵاتدار بە "تورکیا بێ تیرۆر" ناوی دەبات، بەڵام بەرەی دەسەڵات، دژی هێنانە پێشەوەی وشەی "ئاشتی" بووە بۆ ناوی ئەم قۆناغە، بەهۆی نەبوونی جەنگەوە.

لەم هەفتەیەدا شاندێکی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان سەردانی بۆ لای پارتە سیاسییەکان دەستپێدەکاتەوە، ئەوەش دوای داماڵینی چەک لەلایەن پەکەکەوە.

شاندەکە کە پێکهاتووە لە پەروین بوڵدان، مدحەت سانکار و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، رۆژی چوارشەممە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ، لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە کۆدەبنەوە.

دواتر شاندەکە کاتژمێر 2 ی پاشنیوەڕۆ لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست دەكات لە پەرلەمانی تورکیا .



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP