هەرێم نیوز
کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی (HKN Energy)ی ئەمریکی رایگەیاندووە تەقینەوەیەك لە کێڵگەی سەرسەنگ ڕووی دا و هیچ زیانێکی مرۆیی نەبووە، بەڵام زیانی دارایی بەر كێڵگەكە گەیشتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە ، کۆمپانیای ئێچ کەی ئێنەرجی لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە: نزیک کاتژمێر 7 تەقینەوەیەک لە یەکێک لە دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی سەرسەنگ کە دەکەوێتە هەرێمی کوردستانەوە ڕووی داوە بەڵام هیچ حاڵەتێکی برینداربوون تۆمار نەکراوە و سەلامەتیی سەرجەم کارمەندان پشتڕاست کراوەتەوە.
لە ڕاگەیاندراوی کۆمپانیاکەدا هاتوە: "ئاگر لە دامەزراوەکە هێشتا بەردەوامە و تیمەکانی فریاکەوتنی خێرا بە شێوەیەکی چالاک کار دەکەن بۆ کۆنترۆڵی دۆخەکە".
کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئێنەرجی (HKN Energy) دەڵێت خەریکی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکەن و دەستیان کردووە بە هەڵسەنگاندنی تەواوی زیانەکان. بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی کێڵگەکانی دەورروبەر و هەڵوێستی گونجاو سەبارەت بە ڕووداوەکەش، لەگەڵ دەسەڵاتی خۆجێیی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەماهەنگیی نزیکدا دەبن.
ئاماژەی بەوەش کردووە "کار و چالاکییەکان لە دامەزراوە زیانلێکەوتووەکە ڕاگیراون تا ئەو کاتەی شوێنەکە سەلامەت دەکرێت و هەڵسەنگاندنێکی تەواو ئەنجام دەدرێت".
ئەو کۆمپانیا ئەمریکییە پابەندیی خۆی بە بەرزترین ستانداردەکانی سەلامەتی و بەرپرسیارێتیی ژینگەیی دووپات کردووەتەوە و ڕاشیگەیاندووە لەگەڵ بەردەستبوونی زانیاریی زیاتر، وردەکاریی نوێ بڵاو دەکاتەوە.
کێلگەی سەرسەنگ کە رووبەرەکەی 420 کیلۆمەتر دووجایە، لە ناوچەی چەمانکێی شاری ئامێدی لە پارێزگای دهۆک هەڵکەوتووە. 62٪ی پشکی ئەم کێڵگە نەوتییە دراوەتە کۆمپانیای "ئێچ کەی ئێن ئێنەرجی"ی ئەمریکی، پشكی (18%)ی درابوو بە لقێکی کۆمپانیای (تۆتاڵ)ی فەرەنسی، بەڵام دواتر کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆمی کەنەدی پشکەکانی کۆمپانیا فەرەنسییەکەی کڕییەوە، پشکی 20٪ی کێڵگەکەش لە دەست هەرێمی کوردستاندایە.
لەم کێڵگەیە ڕۆژانە زیاتر لە 35 هەزار بەرمیل نەوت بە کوالێتییەکی بەرزی 36 – 39 API بەرهەم دێت.