هەرێم نیوز
بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و شاندی باڵای دەم پارتی کرد و دەڵێت، دەساڵ گفتوگۆ باشترە لە یەک کاتژمێر شەڕ و بە شەڕ و توندوتیژی کێشەکان چارەسەر ناکرێن و دەبێ پشت بە خەباتی سیاسی و دیالۆگ و یەکترقبوڵکردن و دیپلۆماسی ببەسترێت.
ئەمرۆ هەینی، لە سەلاحەددین بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی و شاندی باڵای دەم پارتی کرد کە پێکهاتبوون لە ئەحمەد تورک، لەیلا زانا، سری ساکێک، تونجەر باکر هان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، چیدەم قلێچگون، ئوچار هاوسەرۆکی هەرێمەکانی دیموکرات، مەڕال دانشبەشتاش، پەرلەمانتاری دەم پارتی و بەردان ئوزتورک، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی.
لە دیدارەکەدا شاندی میوان دەستخۆشییان لە بارزانی کرد بۆ ڕۆڵی بەهێز و نەتەوەیی و ستراتیژیی لە پشتیوانیکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و داوایان کرد بارزانی لە ڕۆڵی خۆی لە پاڵپشتیکردنی ئەو پڕۆسە مێژووییە لە قۆناغە جیاجیاکاندا بەردەوام بیت. هەروەها وێڕای گەیاندنی پەیام و داواکەی ئۆجەلان داواشیان کرد کە بارزانی سەردانی ئۆجەلان بکات.
لای خۆیەوە بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەو هەنگاوانەی لە پڕۆسەی ئاشتیدا گیراونەتەبەر هەنگاوی گرنگن بە ئاراستەی دروست، ئەوەشی ڕاگەیاند، پڕۆسەی ئاشتی پێویستی بە پشوودرێژی و وردبینی هەیە بۆ ئەوەی بگاتە ئەنجامێکی باش، دەساڵ گفتوگۆ باشترە لە یەک کاتژمێر شەڕ و بە شەڕ و توندوتیژی کێشەکان چارەسەر ناکرێن و دەبێ پشت بە خەباتی سیاسی و دیالۆگ و یەکترقبوڵکردن و دیپلۆماسی ببەسترێت.
بارزانی ئاماژەشی بەوە دا، لەپێناو سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری ئەوەی لە توانایدا بێت درێخی ناکات و سەبارەت بە داواکارییان بۆ سەردانی بۆ لای ئۆجەلان ڕایگەیاند، لە هەلومەرجێکی گونجاودا سەردانەکە ئەنجام دەدرێت.
بارزانی داواشی کرد هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پاڵپشتی پڕۆسەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا بن.