دواین هەواڵ

کلتور‌

 پێش 3 هەفتە

مەحوی ؛ ئاوێزانی ئایین و ئەدەب!

خەلیل عەبدوڵا

لــە دەســت دۆســتی دوو ڕوو عــەجــەب دڵم تەنگە
فــیــدای ئــەو دوژمــنـە بــم کــە یـەك ڕەنگە

مەحوی شاعیرێكی ناوداری كوردستانە‌و لەرێی شیعرە بەرزەكانیەوە خزمەتێكی زۆری بەفەرهەنگ‌و ئەدەبی كوردی كردووە.

مەلا محەمەدی كوڕی مەلا عوسمانی باڵخی ناوی تەواوی ئەم شاعیرەیە‌و لەدنیای ئەدەبدا بەمەحوی ناسراوە.خانەوادەكەی لەسەرەتای دروستبونی شاری سلێمانی هاتونەتە ئەم شارە.

ساڵی 1836 لەدایك بووە‌و لەئامێزی خێزانێكی ئاینی‌و خوێنەواردا پەروەردە بووە. لە سلێمانی‌و سنە‌و سابڵاخ‌و بەغدا خوێندنی ئاینی خوێندووە‌و ساڵی 1859لەشاری بەغدا لە سەردەستی زانای پایەبەرز (موفتی زەهاوی) ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە‌و لەوێ‌‌و لەمزگەوتی ئیمام ئەعزەم بووە بەپێشنوێژ.

ساڵی 1862 گەڕاوەتەوە شاری سلێمانی‌و بووە بە دادوەر‌و دوای كۆچی دوایی باوكی بووە بەمەلا‌و لە خانەقای مەحوی تا دوا رۆژەكانی تەمەنی خزمەتی كردووە‌و لە 25ی شوباتی 1906 كۆچی دوایی كردووە‌و له‌خانه‌قاكه‌ی خۆی نێژراوه‌و چۆتە بەر دلۆڤانی خوا.

مه‌حوی هەر لەسەرەتای ژیانی گەنجییەوە بایەخی بەئەدەب داوە‌و شیعری هۆنیوەتەوە‌و بووە بەشاعیر. شیعرەكانی مەحوی شیعری زۆر جوان‌و بەرزن‌و بایەخی بەرشتە جیاجیاكان داوە‌و شیعری نیشتمانی‌و ئاینی نوسیوە‌و بایەخی بەبوارەكانی دیكەی وەك عیشق‌و خۆشەویستی‌و جوانی داوە‌و شیعری زۆر جوان‌و ناسكی لەو بوارانەدا هەیە.

مەحوی بەزمانەكانی كوردی‌و عەرەبی‌و فارسی شیعری هۆنیوەتەوە‌و جێگەی رێزی شاعیرانی سەردەمی خۆی بووە‌و هەربۆیەش بەشیعر ستایشیان كردووە.

هەموو شیعرەكانی مەحوی لەدوو توێی دیوانێكدا كۆكراونەتەوە‌و چەند جارێك چاپ‌و بڵاوكراوەتەوە.

درود بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی مەحوی ئەو پیاوە ئاینیەی لەسەردەمێكی تاریكدا بەدیدێكی كراوە‌و شارستانیەوە سەیری ژیانی كردووە‌و وەك مەلا‌و شاعیر خزمەتی بەگەلەكەی كردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP