دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

مەسرور بارزانی: لە زووترین کاتتدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت

هەرێم نیوز 

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا کۆبووە و رایگەیاند، هاوڕابووین لە سەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە زووترین کات و پاراستنی مافەکانی پێکهاتەکانی کوردستان و چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگانەی لە بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنن. 

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ پێشوازیمان لە عەزرا زییا بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی سڤیل و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ کرد" .

ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەلینا ڕۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئامادەی بوو ، برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و  پێکهاتەکان و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادی ئایینی و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگالمان تاوتوێ کرد" .

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە،" بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانکردنی هەرێمی کوردستان نیشاندا و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هاوپەیمان و هاوبەشێکی ستراتیژی 360 پلەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە لە عێراق و ناوچەکەدا".

ئەوەش خراوەتەڕوو، "هاوڕابووین لە سەر بەردەوامبوونی هاوئاهەنگیی و کارکردن لە پێناو برەودان بە بەها هاوبەشەکانی دیموکراسیی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی بیر و ڕا و ڕاگەیاندن و ئازادیی کارکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی" .

سەرۆکی حکومەت راشیگەیاندووە،" سوپاسی پشتیوانیی و هاریکاریی بەردەوامیی ئەمەریکامان کرد و پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان بە چەسپاندن و بەهێزکردنی بنەما دیموکراسییەکان و پاراستنی ئازادیی و مافەکانی مرۆڤ بەگشتی دووپات کردەوە".

باسی لەوەش کردووە،" هاوڕابووین لە سەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە زووترین کات و پاراستنی مافەکانی پێکهاتەکانی کوردستان و چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگانەی لە بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنن".

ئەوەش هاتووە،" تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەمان ، جەخت کردنەوە بوو لە سەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و گرووپە نایاساییەکان و زەوینە خۆشکردن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی دەڤەرەکە و ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان" .



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP