هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، بەپێی ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی (هەژماری من) لەم هەفتەیەدا، دوای چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی لەئەنجامدا بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداری لە (هەژماری من ) دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 8 ـی 5ـی 2024 وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، "بە خۆشحاڵیەوە ڕایدەگەیەنین کە بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداری لە پڕۆژەی هەژماری من بۆ بە دیجیتاڵکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات" .
ئاماژەی بەوەش کردووە، "بەپێی ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی (هەژماری من) لەم هەفتەیەدا، چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی ئەنجامدا".
ئەوەش هاتووە،" لە کۆبوونەوەکاندا، گفتوگۆ لەبارەی میکانیزم و پێداویستییەکانی کردنەوەی هەژمارەکان و پرۆسەی دروستکردنی کارت و بڵاوکردنەوەی ئامێرەکانی ATM لە سەرانسەری هەرێمدا کرا".
بە گوێرەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێم،" بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) هاوتا لەگەڵ شەش بانکی دیکەی پێشەنگی عێراق، بژاردەیەکی فراوانتری بەرهەم و خزمەتگوزاریی بانکی بە هاووڵاتییان دەبەخشێت. ئەمەش هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ مووچەخۆرانی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان و کەرتی دارایی عێراق" .
وەزارەتی دارایی هەرێم دەشڵێت،" ئێمە خۆشحاڵین بەم هاوبەشییە و ئەو سوودانەی کە لەم ڕێگەیەوە بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەگات".