هەرێم نیوز
ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، كۆدەبێتەوە و سێ بڕگە لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێ دەكات.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دواپێشهاتەكانی بابەتی مووچە و دارایی و پابەندییەكان لەنێوان حكوومەتی هەرێمی کوردستان و حكوومەتی فیدراڵی و ئەنجامی دواكۆبوونەوەی شاندی تەكنیكیی هەردوولا لە ڕێكەوتی 27 ی نیسانی 2024 لە بەغدا سەبارەت بە دەستپێشخەرییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری داهاتە نانەوتییەكان و بەبانكیكردنی مووچەی هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەش کردووە ، "بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە تاووتوێكردنی بابەتی بە هەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت".
ئەوەش هاتووە ، بڕگەی سێیەم خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەبێت سەبارەت بە سەردانی شاندنی وەزارتەكەیان بۆ بەغدا، تایبەت بە بابەتەكانی وەرگرتنەوەی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران و بەگەڕخستنی پرۆژەكانی بەنداو و ئاودێری لە هەرێم و سوودوەرگرتنی جوتیاران لە دەرفەتەكانی خزمەتگوزارییە كشتوكاڵییەكان هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق.