هەرێم نیوز
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری کرد و لە نزیکەوە زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەی بینی و ڕایگەیاند، بەپێی توانا هاوکاری زیانلێکەوتووان دەکەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتیشی ڕاسپارد لە زووترین کاتدا، لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنە بکەن بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا بە هۆی کەمتەرخەمی و پابەندنەبوونە بە ڕێنماییەکان یان دەستێکی خراپەکاری لە پشتە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتیشی: بەپێی توانا هاوکاریی زیانلێکەوتووانی ڕووداوەکە دەکەن.
شەوی ڕابردوو 2024.5.5، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەرى شاری هەولێر کەوتەوە، دەمودەست تیمەکانی (بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، زێڕەڤانی، هاتووچۆ، تەندروستی، شارەوانی) گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و بە هەوڵى ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵبکرێت.
جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە، بەڵام بەهۆى قەرەباڵغییەکى زۆرى هاوڵاتییان لە شوێنى ڕووداوەکە، (132) کەس لە ئەفسەر و کارمەندانی بەرگری شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاوڵاتی، بریندار بوون و بەشێکیشیان بە هۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێکچوو، و هەرزوو لە لایەن تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی ڕووداوەکە (117) كەسيان چارەسەرکران و (15) كەسى تريشان کە پێویست بوون گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەى فریاکەوتن و چارەسەری پێویستیان بۆ وەرگیرا.