دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 1 هەفتە

ناتانیاهۆ: ڕازیبوون بەمەرجەکانی حەماس واتای خۆبەدەستەوەدانە بەرامبەر بەئێران

هەرێم نیوز

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی ناتوانێت مەرجەکانی حەماس بۆ "کۆتاییهێنان بە شەڕ و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە" قبوڵ بکات، چونکە قبوڵکردنی ئەو جۆرە داواکاریانە واتە قبوڵکردنی دەسەڵاتی حەماس لە غەززە.

نەتانیاهۆ لە وتارێکی ڤیدیۆیی کە ڕۆژی یەکشەممە لەلایەن نووسینگەکەیەوە بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوەدا: "پێشمەرجەکانی حەماس بە واتای خۆبەدەستەوەدانە بە ئێران".

ناتانیاهۆ لە درێژەی قسەکانیدا وتی وڵاتەکەی گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشووی غەززە قبوڵ ناکات "کە ئەمەش ئاسانکاری دەکات بۆ کشانەوەی هێزەکانی حەماس لە شوێنی حەشارگەکانیان و کۆنترۆڵکردنەوەی دەسەڵات لە کەرتی و ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی سەربازییەکەی".

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی: ڕازیبوون بەم داواکاریانە مەترسییەکی دیکە بۆ ئیسرائیلییەکان لە ناوچە نیشتەجێبووەکانی دەوروبەری غەززە و باشوور و هەموو ناوچەکانی وڵات دروست دەکات.

بەوتەی ناتانیاهۆ، قبوڵکردنی داواکارییەکانی حەماس بەو مانایەیە کە ڕوودانی هێرشی دووەم هاوشێوەی ٧ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو ڕوودەداتەوە.

لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەدا کە ئیسرائیل ئامادەیە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ بەڵام "بۆ ماوەیەکی کاتی" لە بەرامبەر ئازادکردنی دیلەکان.

ئەمە لە کاتێکدایە حەماس لە دانوستانەکاندا جەخت لەوە دەکاتەوە جەنگ بەتەواوەتی ڕابگیرێت و ئیسرائیل لە غەززە بڕواتە دەرەوە، تاوەکو دیلەکانی ئیسرائیل ئازادبکات، کە ناتانیاهۆ لە ناوخۆدا فشارێکی زۆری لەسەرە بۆ ئازادکردنی ئەم دیلانە.

ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" بڵاویکردەوە، سەرۆکی ڕێکخراوی "سی ئای ئەی"ی ئەمریکا سەردانی  قەتەری کردووە کە دانوستانەکانی حەماس و ئیسرائیلی تێدا بەڕێوەدەچێت، ئەمەش بەمەبەستی ڕێگریکردن لەوەی جارێکی تر دانوستانەکان شکستبهێنێت و هەوڵبدات هەردوو لایەن بگەنە ڕێککەوتن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP