دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

عادل باخەوان: بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی لەلایەن خامەنەییەوە دەرفەتێکی گرنگ و ناوازەیە

هەرێم نیوز 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات، لەوبارەیەوە عادل باخەوان، نوسەر و مامۆستای زانکۆ دەڵێت، "بانگهێشتێکی فەرمیی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران و پێشوازیلێکردنی لەلایەن کەسی یەکەمی ناوەندەکانی بڕیارەوە لە تاران، دەکرێت وەک دەرفەتێکی گرنگ و بەهادار و ناوازە لەلایەن هەولێرەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت". 

بەپێی زانیارییەکان، سبەی یەکشەممە، 5ی 5ی 2024 سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات و لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆمار، محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمان و بەرپرسانی دیکەی ئێران کۆدەبێتەوە.

میدیای ئێران هەواڵی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان بڵاوکردەوە. ئاژانسی میهری ئێران دەڵێت، سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی دوو لایەنەیە.  

عادل باخەوان،  نوسەر و مامۆستای زانکۆ لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران لە وتارێکدا نوسیویەتی : لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا هەرێمی کوردستان، زیاتر لە هەر شوێنێکی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە هەڵوەشانەوەی ئیدارەی هاوبەشی واشنتن و تاران زیانی گەورەی بەرکەوتووە. لەم ماوەیەدا درۆن و مووشەکی بالیستیک وەک باران بەسەر هەرێمی کوردستاندا رژاون، لەوەش زیاتر لەڕێگەی چەندین دەزگای تایبەتەوە، بەتایبەتی دەزگای دادوەری، هەوڵی خنکاندنی هەرێمی کوردستان دراوە، بەبێ ئەوەی واشنتن تواناکانی خۆی وەک پێوست بۆ پاراستنی هەرێم بەکاربهێنێت.

دەشڵێت، لە دۆخێکی یەکجار ناسکی وادا، کە لێکنزیکبوونەوەی واشنتن و تاران دەرگایەکی نوێش بەسەر هەرێمی کوردستاندا دەکاتەوە. لەڕێگەی کردنەوەی ئەم دەرگایەوە، ئێران دوو ئامانجی سەرەکی دەپێکێت. یەکەمیان پەیامێکی ئەرێنی بۆ ئەمریکا دەنێرێت و ناڕاستەوخۆ بەواشنتن دەڵێت لەم چوارچێوە گشتییەدا، پەیوەندییەکانم لەگەڵ دۆستە هەرە نزیکەکەی ئێوە لە عێراقدا ئاسایی دەکەمەوە. دووەمیشیان بریتییە لە وەرگێڕانی هەرێمی کوردستان لە فیگەری دوژمنێکەوە بۆ فیگەری دۆستێک، کە دەکرێت لەبواری ئاسایش و سەقامگیری و ئابووریدا هاوکار بێت نەوەک کۆسپ. 

عادل باخەوان، ئاماژەی بەوەش کردووە، بەدیوێکی دیکەشدا، بانگهێشتێکی فەرمیی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران و پێشوازیلێکردنی لەلایەن کەسی یەکەمی ناوەندەکانی بڕیارەوە لە تاران، دەکرێت وەک دەرفەتێکی گرنگ و بەهادار و ناوازە لەلایەن هەولێرەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

باسی لەوەش کردووە، یەکەم مامەڵەی ئەرێنیش بریتییە لە بەرزکردنەوەی دیدارەکان بۆ ئاستی هەرێمی کوردستان و دەرچوون لە چوارچێوەی تەسکی حیزبی. واتە ئەوەی لەگەڵ تاراندا قسەدەکات شەرعیەتی هەرێمی کوردستانە نەوەک حیزبێک بەتەنیا. لێرەوە، زۆر گرنگە ئەو شاندەی هاوڕێیەتی جەنابی سەرۆکی هەرێی کوردستان دەکات، رەنگدانەوەی لایەنی کەمیی هێزە سەرەکییەکانی گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستان بێت.

دەشڵێت، دووەم مامەڵەی ئەرێنیش بریتییە لە وەرگێڕانی ئەم سەردانە یەکجار گرنگە، بۆ کۆمەڵێک دەستکەوت لە بواری ئاسایش و پاشان بەگەڕخستنەوەی ماکینەی ئابووری لە هەرێمی کوردستان. واتە کۆتاییهاتن بەو دۆخەی لە پاش گشتپرسیی سەربەخۆیی (ساڵی 2017) دەستپێدەکات و تاوەکو سەردانەکەی سوودانی بۆ واشنتن بەردەوام دەبێت. لێرەبەدەواوە، جەستەی جوڵاوی دیپلۆماسیەتی کوردی، دەرفەتێکی بۆ دروستدەبێت بۆ ئەوەی بەرەو ئاسۆیەکی دیکە بڕوانێت و تەنها گیرۆدەی نۆستالژیای پێش 2017 نەبێت.
 
عادل باخەوان نوسیویەتی، سێیەم مامەڵەی ئەرێنی بریتییە لە بەکارهێنانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هاوکاریکردن لە رێکخستنەوەی ماڵی کوردی لە هەرێمی کوردستاندا. کۆماری ئیسلامی هەر وەک چۆن دەتوانێت دەستوەردان بکات بۆ تێکدانی ئەم ماڵە، ئاواش چەندین کارتی فشاری لەبەردەستدایە بۆ هاوکاریکردنی هەرێم لە پرۆسێسی رێکخستنەوەی ماڵێک کە لەبەرژەوەندیی تارانیشدا بێت. کوردستانێکی ئارام و گەشاوە، دەکرێت دەرفەتێک بێت بۆ هاوکاریکردنی ئێرانێکی ئارامتر، گەشاوەتر و پێچەوانەکەشی دەکرێت راست بێت. ئەمە ئەو پەیامە گرنگەیە کە دەکرێت دیپلۆماسییەتی هەرێم، بە زمانێکی فارسیی رەوان بۆ ئامۆزا کولتوورییەکانی ئەودیو سنووری باسبکات.  

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردوە، چوارەم مامەڵەی ئەرێنیش بریتییە لە بەکارهێنانی ئێران و لەگەڵ ئەویشدا ئەمریکا، بۆ گەڕانەوەی بەهێزی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە ئامادەنەبوونی ئەودا، هەمیشە دژ بە هەرێم بەکارهێنراوە. دیپلۆماسیەتی کوردی هەڵەیەکی گەورە دەکات ئەگەر پێیوابێت ئەوەی گرنگە واژۆکردنی رێککەوتنەکانە لەگەڵ بەغدا و پاشان دەکرێت بگەڕێینەوە هەرێم و پشووی لێبدەین! ئەمە بۆ وڵاتێک راستە کە خاوەنی سەدان ساڵ لە ترادیسیۆنی دیموکراسی و دەزگایی بێت، نەوەک عێراقێک کە تێیدا هاوکێشەکان بە چرکە دەگۆڕێن. لێرە بەدواوە، بە پشتیوانیی ئەمریکا و ئێران، دیپلۆماسیەتی کوردی دەبێت لە ئاستی پلە یەکەکاندا، رێک وەک 10 ساڵی پاش کەوتنی رژێمی سەدام حوسێن، بەردەوام ئامادەیی جەستەیی لە بەغدا هەبێت، بۆ ئەوەی خۆی بەسەر خۆسەپێنەکان بسەپێنێت. ئەمە تەنها رێگەیەکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بکوژەی تائاستێکی زۆر، رۆڵی هەیە لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە 10 ساڵی رابردوودا، ئەمە چوارەم جارە نێچیرڤان بارزانی سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکات. پێشتر دوو جار وەکو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جارێک وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی تارانی کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP