دواین هەواڵ

ئابوری‌

 پێش 2 هەفتە

وەزیری نەوتی عێراق زانیاری نوێ لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ئاشکرادەکات

هەرێم نیوز 

لەم ھەفتەیەدا لیژنە ھاوبەشەکانی ھەرێم و عێراق بۆ چارەسەری کێشەی نەوت دەستبەکاردەبن، وەزیری نەوت دەڵێت، ھەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەن نەوت رادەستی سۆمۆ بکرێت و کێشەکە بەیەکجاریی چارەسەر بکرێت.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لە رێگەی دوو لیژنەی ھاوبەشەوە، کە یەکێکیان ھونەری و ئەوەی دیکەیان یاساییە، لەگەڵ حکومەتی ھەرێم گفتوگۆدەکەن بۆ رادەستکردنی نەوتی ھەرێم بە وەزارەتی نەوتی عێراق لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە.

ئەوەشی خستەڕوو، رەنگە لەم ھەفتەیەدا کۆبوونەوەیەکی لیژنە ھاوبەشەکان ئەنجامبدرێت، بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ و دانووستانەکان بە ئامانجی چارەسەرکردنی یەکجارەکی کێشەی نەوتی ھەرێم بەجۆرێک نەوتەکە رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت بەمەبەستی ھەناردەکردنی.

وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوەشکرد، ھەرێم لە ئێستادا ٣٧٥ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرھەمدەھێنێت، کە ٤٥ ھەزار بەرمیلی بۆ پاڵاوگەکان دەڕوات و ئەوەی دیکە کە دەمێنێـەوە دەبێت رادەستی وەزارەتی نەوت بکرێت، بۆ ئەوەی لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە ھەناردە بکرێت.

پێشتر کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ناسراو بە "ئەپیکۆر" پێشوازی لە پێکھێنانی لیژنەی ھاوبەشی نێوان حکومەتی ھەرێم و عێراقی کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەوتی ھەرێم و دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت، لە رێگەی بەندەری جەیھانەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی 25ی ئاداری ساڵی رابردووەوە، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەڕێی بەندەری جەیھانی تورکیاوە راگیراوە، کە بە وتەی لێپرسراوانی حکومەتی ھەرێم، بەھۆی راگرتنی نەوتی ھەرێم زیانی10 ملیار دۆلار بەر حکومەتی ھەرێم و عێراق کەوتووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP