دواین هەواڵ

کوردستان‌

 21/04/2024

مەریوان قەرەنی: چەند لایەنێکی هەرێمی کوردوستان دەیانەوێت کێشە بۆ موچە دروست بکەن

هەرێم نیوز

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایدەگەیەنێت، هیوادارن هەموو لایەنەكان لە كوردستان، بەرژەوەندیی خەڵكی بە گشتی و موچەخۆران بە تایبەتی، لەبەرچاو بگرن، واز لەوەبێنن رۆژێك لە ڕێگەی دەستەی جێگومانەوە واژۆی ساختە بێننە بەغدا و جارێكی دیكه‌ لە ڕێی پەرلەمانتارەكانیان.

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق لە نوسینێکیدا لە پلاتفۆڕمی فەیسبووک بە ناونیشانی ( رێككەوتنەكەی جەنابی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی مووچە چارەسەرێكی گونجاوە و پێویستە پاساوی نوێ نەهێندرێتەوە!) رایگەیاند: پێش جەژنی رەمەزانی پیرۆز، لە ئەنجامی ڕێككەوتنی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، بۆ یەكەمینجار دوای ١٠ ساڵ لە بێبەشكردنیان لە مووچەكانیان لە لایەن بەغداوە، لە ماوەیەكی كەمدا مووچەخۆرانی كوردستان دوو مووچەیان بۆ نێردرا، ئەمەش هەنگاوێكی دڵخۆشكەرانە بوو نەك هەر بۆ خەڵكی كوردستان و دۆستانمان لە عێراق، بگرە لە ئاستی نێودەوڵەتیش كاردانەوەی هەبوو، هەروەك قسەكانی جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و پشتیوانیكردنی لە ناردنی مووچە بۆ هەرێمی كوردستان.

ئاماژەی بەوەشداوە، بەداخەوە لەم چەند رۆژەی رابردوودا، هەست بە چڕبوونەوەی هەوڵی هەندێك لایەنی ناوخۆیی دەكەین لەوانەی چارەنووس و ئاییندەی خۆیان لە خراپیی دۆخی خەڵك دەبیننەوە و حەز دەكەن خەڵكی هەرێمی كوردستان بێمووچە بێت! ئەو لایەنانە لە ڕێگەی پەرلەمانتارەكانیانەوە فشار دەكەن و دەنگۆی ئەوە بڵاودەكەنەوە گوایە دیسان بابەتی تەوتین هاتۆتەوە بەرباس و دەیانەوێ لەم ڕێگەیەوە مووچەخۆرانی كوردستان تووشی دڵەڕاوكێ بكەن و دیسان بازاڕ بشڵەژێننەوە! بە چاوی خۆشمان دەبینین ئەم لایەنانە و پەرلەمانتارەكانیان ڕۆژانە شان بە شانی كەسانێكی شۆڤێنی، هانی دروستكردنەوەی ئەم كێشەیە دەدەن!

مەریوان قەرەنی نوسیویەتی: ئێمە دووپاتی دەكەینەوە كە ڕێككەوتنەكەی هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ لەبارەی مووچە لەم كاتەدا چارەسەرێكی گونجاوە و ناكرێ بكرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی تەسكی هەندێك كەس و لایەن! باشترە پاشان هەنگاو بەرەو ئەوە بنرێت كە لە چوارچێوەی پرۆژەی (هەژماری من)دا تەوتینی مووچەخۆران بكرێت و كێشەی مووچە بە یەكجارەكی چارەسەر بكرێت، بەهۆی ئەوەی هەژماری من دژی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی نیە، هەروەك هادی عامریش رای گەیاند، لە تەوتینەكەی عێراقیشدا بانكی ئەهلی هەن و بەشدارن.

ئەوەشی خستەڕوو، هیوادارین هەموو لایەنەكان لە كوردستان، بەرژەوەندیی خەڵكی بە گشتی و مووچەخۆران بە تایبەتی، لەبەرچاو بگرن، واز لەوە بێنن رۆژێك لە ڕێگەی دەستەی جێگومانەوە واژۆی ساختە بێننە بەغدا و جارێكی تر لە ڕێی پەرلەمانتارەكانیان لە لێژنەی دارایی داوای سەیر و سەمەرە لە وەزارەتی دارایی عێراق بكەن. لێرەشەوە پێیان دەڵێم، لەوە دڵنیا بن كە ئەگەر بەو خۆچەماندنەوەیەی ئێوە بوایە، بەغدا مووچەیەكی بۆ مووچەخۆران نەدەنارد!



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP