دواین هەواڵ

جیهان‌

 26/12/2023

ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئیسرائیل و مەترسی جەنگێکی گشتگیر لە ناوچەکە

هەرێم نیوز

لە ڕووکەشی بابەتەکەدا هۆکاری زۆر هەن کە دەریدەخەن ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی بەرفراوان کە لایەنێکی ئێران بێت، زۆر کەمە. لە کاتێکدا لە واقعدا ئێران هەر کەوتووەتە ناو جەنگێکی ناوچەیی و چەند لایەنە، بەڵکو تەنانەت لە گرنگترین فەرماندەکانیشیان دەکوژرێت.

لە ڕۆژی دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززەوە لە 7ی ئۆکتۆبەر، زۆر بەخێرایی باسی ئێران هاتەناو قەیرانە نوێیەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران وەک گرنگترین پشتیوانی ئاشکرای حەماس،هەوڵی دەدا لە ڕێگەی هەڕەشەکردنەوە خۆی وەک یاریکەرێکی گرنگ لە بەرانبەر ئیسرائیل بنوێنێت.

بەڵام چالاکی تاران تەنها لە هەڕەشەی زارەکی و هەڵوێستی دیپلۆماتیکی لە ناوچەکە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا کورتنەبوویەوە. هەر لە سەرەتاوە میلیشیا شیعەکانی ناوچەکە وەکو بازووی ئێران لە دەرەوەی سنووری خۆی، هێرشیان بۆ سەر ئامانجە ئیسرائیلی و ئەمریکییەکان دەستپێکرد.

لە هێرشەکانی حزبوڵڵای لوبنان لە سنوورەکانی باکووری ئیسرائیلەوە بگرە، هەتا هێرشکردنە سەر ناوەندەکانی ئەمریکا لە عێراق و کوردستان و سووریا. لەگەڵ هێرشی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور. ئەم گرژییانە هەر لە سەرەتاوە جۆرە ئاڵۆزییەکی پێوەدیاربوو کە نەدەکرا بەئاسانی بوترێت ئەمە بەدیاریکراوی جەنگی نێوان دوو وڵاتە.

بەم حاڵەشەوە ئەم هێرش و پەلاماردانانە بەئامانجی دڵخوازی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆتایی نەهات. ئیسرائیل لە سەرەتای جەنگەوە مەرجی ئازادکردنی هەموو بارمتەکان و کۆتایی هێنان بە حەماسی دانابوو. بەبێ کشانەوە بۆ دواوە بەردەوامی بەهێرشەکانی دا.

تەنانەت فشارە نێودەوڵەتییەکان و گۆڕینی بۆچوونی هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرانبەر ئیسرائیل، نەبووە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل کەمبێتەوە. ئیسرائیل لە لووتکەی فشارەکانیشدا پشتگیری ئەمریکای لەدەستنەداوە تەنانەت هیچ بڕیارنامەیەک دژ بە هەنگاوەکانی ئیسرائیل بەرانبەر بە غەززە پەسەندنەکراوە.

جیا لەوەی کە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕوودەدات ، لەبەرانبەر ڕای گشتیدا ،ئیسرائیل ئەو گومانەی دروستکردووە کە تەنانەت ئەمریکاش ناتوانێت ببێتە ڕێگر لە بەرانبەر ئیسرائیل و هێرشەکانیدا.

وێڕای ئەوەی کە لە ماوەیەکی کورت پاش ئەوەی کە واشنگتۆن داوای ئەوەی کرد کە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر غەززە کۆنتڕۆڵ بکات و کەمبکاتەوە، ناتانیاهۆ لە وەڵامدا ڕایگەیاند لە بەرنامەیدا نیە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە کەمبکاتەوە.

بۆ یاریزانێکی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران کە خۆی بە هێزی یەکەمی بەرەی مقاوەمە دەناسێنێت و لەم ماوەدا چەندانجار بەتوندی هەڕەشەی لە ئیسرائیل و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی کردووە، ئەگەر بێت و ئێران هەڕەشە زمانەوانییەکانی بگۆڕێت بۆ کردار، کۆتاییەکی دووچاری جەنگێکی تەمامە عەیار دەبێتەوە ، ئەگەریش تەنها لە هەڕەشەی زارەکیدا بمێننەوە ، متمانەیان لەدەستدەچێت و تۆمەتی هەڕەشەکردنی پووچەڵیان دەخرێتەپاڵ.

لە بارودۆخێکێی وەهادا، کوژرانی یەکێکی دیکە لە فەرماندەکانی قودسی ئێران [ڕەزا موسەوی] لە سوریا لە لایەن ئیسرائیلەوە، بارودۆخەکەی بۆ ئێران دژوارتر کردووە. ئێستا ئیتر تەنیا بابەتەکە پشتگیری فەڵەستین نیە. ئیسرائیل لە هەوڵدایە خۆی وەک زلهێزی ناوچەکە تۆماربکات و لایکەم متمانەیەکی بەرچاوی بۆ خۆی بەدەستهێناوە.

کاردانەوەکان لەبەرانبەر کوژرانی ڕەزا موسەوی ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئەم کەسە فەرماندەیەکی زۆر گرنگ بووە و لە ئاستی سەربازیشدا زۆر باڵا بووە. بەڵام ترسی لەوە نەبووە ئێران تۆڵەی خۆی بکاتەوە و بۆیەش هەڵساوە بەکوشتنی ئەو فەرماندەیە.

ئەمجارە ئیسرائیل بەپێچەوانەی کوشتنی قاسم سولەیمانی ، بابەتەکەی نەگەڕاندەوە بۆ هاوکارەکەی خۆی[ئەمریکا]. بەڵکو خۆی ڕاستەوخۆ هاتە مەیدان و ڕەزا موسەوی کوشت. ئیسرائیلییەکان جەختیان کردووەتەوە کە دوای جەنگی 7ی ئۆکتۆبەری غەززە، سەردەمێکی تازە لە ناوچەکە دەستیپێکردووە و یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم سەردەمەش، زلهێزیی و فەرمانڕەوایی ئیسرائیل خۆیەتی.

کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەشتا ڕۆژی ڕابردوو زۆر لەهەوڵی ئەوە بووە ئاستی گرژییەکانی خۆی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆنتڕۆڵ دەرنەچێت. ئەمەش وایکرد کە ئێران تەنها بەشێوەیەکی کۆنتڕۆڵکراو هێرشی مووشەکی زیاتری نەبێت. بەڵام ئێستا بارودۆخ گۆڕاوە و هەڵوێستی خۆپارێزانەی ئێران لەچاو لایەنگرانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خراپ بەسەریدا دەشکێتەوە.

لە ئاستی بانگەشەیی سیاسی ناوخۆیی لە ئێران، فشار لەسەر سوپای قودس بۆ هاوکاری زیاتری حزبوڵڵا، زەمینە بۆ زیادبوونی گرژی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل زیادی کردووە. بەشێک لەم هێزانەی ئێران داوای توندکردنی بەرەی سەربازی دەکەن و بەشێکیشیان دەیانەوێت ڕێگری لەم کارە بکرێت و گرژییەکان زیاتر نەبن.

ئەو بەرەی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران کە داوای توندکردنی لایەنی سەربازی و چوونە جەنگ دەکەن بەڵگەهێنانەوەی زۆریان لەبەردەستە، وەک ئەوەی کە ئێران لەساڵانی ڕابردوودا زۆر گورزی توندی لە ئێران داوە، وەکو کوشتنی زانا ئەتۆمییەکانی ئێران و تێکدانی پلانە ئەتۆمییەکانی و تەنانەت کوشتنی خودی قاسم سولەیمانی ، هیچکات کاردانەوەی ئێران بەرانبەر بەم هێرشانەی سەری بەگونجاو نەزانراوە.

ئەمجارەش ئەگەری ئەوە هەیە وەک ساڵانی پێشوو هەڕەشەکان تەنها لە ئاستی زارەکی بمێننەوە. بەڵام تەنانەت ئەم بێدەنگییەش مۆتەکی جەنگێکی بەرفراوان لەسەر ئێران لانابات.
لەڕووکەشدا هۆکار کەم نیە بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە جەنگێکی گشتگیری وێرانکەر بەدووربێت، بەڵام هەرگیز بەمانای ئەوە نایەت مەترسی لەسەر ناوچەکە نەمابێت یان لە چەند هەفتە و مانگی داهاتوو ئارامی بەخۆوە ببینێت. بەڵکو هەستیار ڕووبەڕووی ناوچەکە بووەتەوە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدۆخێکی پڕ قەلەقییەوە خۆی بۆ ساڵی نوێی زاینیی ئامادە دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP