دواین هەواڵ

کوردستان‌

 14/03/2023

دوای 11 رۆژ تەرمی گەنجەکەی کەرکوک دۆزرایەوە

هەرێم نیوز

دوای 11 رۆژ لەبێسەروشوێنبونی، ئەمڕۆ سێشەممە تەرمی گەنجەکەى شاری کەرکوک دۆزرایەوە و دوو هاوڕێشی بەتۆمەتی کوشتنی دەستگیرکران.

بەگوێرەى زانیارییەکان، قەحتان سەباح فەتاح کە لە دایکبوی ساڵی 1994ە، رۆژی 3ی ئەم مانگە لەگەڕەکی رەحیماوا بەئۆتۆمبێلەکەی کە جۆری نیسان سەنیە دیارنەما، دوای ئەوەی کەسوکارەکەی سکاڵایان لەبنکەکانی پۆلیس تۆمارکرد، تیمی لێکۆڵینەوە پێکهێندرا.

سەرچارەیەک لە پۆلیسی کەرکووک ڕایگەیاندوە، درەنگانی شەوی رابردو هێزەکانی پۆلیس دو هاوڕێی قەحتانیان بەتۆمەتی کوشتنی ناوبراو دەستگیرکرد، دوای لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا دانیان بەوەدا نا کە هاوڕێکەیان کوشتوە و لە زێرابێکی نزیک فلکەی ئیخوان لەگەڕەکی رەحیماوا تەرمەکەیان فڕێداوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، تۆمەتبارەکان ئۆتۆمبێلەکەی قەحتان سەباح فەتاحیان بردۆتە دەرەوەی شاری کەرکوک و بەبڕێک پارە فرۆشتویانە، لەئێستاشدا لێکۆڵینەوەی زیاتریان لەگەڵ ئەنجامدەدرێت، تەرمی ئەو گەنجەش دەرهێندراوە و رەوانەی پزیشکی دادی کەرکوک کراوە، پاش رێکارە یاساییەکان و توێکاری بۆ تەرمەکەی، رادەستی کەسوکارەکەی دەکرێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP