دواین هەواڵ

کلتور‌

 23/06/2022

ئیدی دۆستۆیڤسکی نامە بۆ کێ بنێرێت..؟

هێمن مەحموود
لەم ڕۆمانەدا کە دۆستۆیڤسکی لەتەمەنی 24 ساڵیدا نوسیویەتی وەک هەمیشە شاکارێکی نەمری پێشکەشی مرۆڤایەتی کردووەو بەنەمری ناوی هێشتۆتەوە.

کەسایەتیەکانی ئەم ڕۆمانە کەسایەتی چینی خوارەوەی کۆمەڵگان کە هەژاری و بەدبەختی و نەخۆشی و کڵۆلی تەنگی پێ هەڵچنیون و بەکولەمەرگی ژیان بەڕێدەکەن.

هاوکات لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا کەسانی دڵپاک و بەخشندەو عاشقن و دەیانەوێت چێژ لەژیان ببینن و ئەو دونیایەی تیایدا دەژین جوانتری بکەن.

"ڕاستگۆیانە ئەپرسم، بۆچی خەڵکانێك هێشتا لە سکی دایکیاندان بەختەوەری لە چارەیان بنوسرێ و خەڵکانێکی دیش لە هەتیوخانه‌ بێنە دونیاوە ؟

ئاە ئازیزەکەم (ڤارینکا).. ئازیزی دڵم، کە بیر لە تۆ دەکەمەوە دڵم پڕ دەبێ لە ژان..!"(هەژاران/دۆستۆیڤسکی).

ئەم ڕۆمانە کە دوو دنیای جیاوازی دوو کەسایەتیمان بۆ دەخاتە ڕوو، پیاوێکی بەتەمەن و کچێکی گەنج کە لەڕێگەی نامە ناردنەوە بۆ یەکتری ئاشنای یەکتری دەبن و پیاوەکە هەستێکی تایبەت و جیاوازی بەرامبەر کچەکە هەیە کە زۆرجار وەک باوک و زۆرجار وەک هاوڕێ و زۆرجار وەک خەمخۆرێک و زۆرجاریش وەک عاشقێک خۆی نمایشدەکات دەمانخاتە دۆخێکی دەروونی ناجێگیرەوەو هەر لەسەرەتاوە تا کۆتایی ئاواتەخوازیت بزانیت چیرۆکەکەیان بە کوێ دەگات..کە بەداخەوە کۆتاییەکی تراژیدی هەیە و وەک هەمیشە دۆستۆیڤسکی نائومێدمان دەکات و لەبری ڕتوش کردن وجوانکردنی واقیع پێمان دەڵێت ئەوە ئەو واقیعەیە کە ئێوەی تیادا دەژین.

پاڵەوانەکانی دۆستۆ هەمیشە کەسایەتی نائارام، ڕاڕا، عاتیفی، سادەو ساکار، دڵپاک و غەدرلێکراو،نەخۆش، تەنیا، فریودراو،هەڵچوو، پەشیمان و توڕەن و لەزۆربەی ڕۆمانەکانیدا ملمملانێ لەگەڵ چارەنوسی خۆیاندا دەکەن و قوربانی گەورە دەدەن، لەم ڕۆمانەشدا بەهەمان شێوە پاڵەوانەکانی چارەنوسی جیاوازیان دەبێت و بەهیچ ناگەن.

بەبڕوای من گرنگترین پانتاییەک کە ڕۆماننوس کاری لەسەرکردووە کارکردنە لەسەر تەنیایی مرۆڤەکان کە زۆر زیرەکانە لەڕێگای نامەنوسینەوە پاڵەوانەکانی ڕۆمانەکەی تەنیایی خۆیان ڕەواندۆتەوەو نهێنی و گرفت وکێشەکانی ژیانی خۆیان بۆ یەکتری بەیانکردووەو خۆیان لەو دۆزەخە رزگارکردووە.تەنانەت لەدواین ساتدا گەورەترین گرفتێک کە ڕووبەڕووی پاڵەوانی سەرەکی دەبێتەوە ئەوەیە کە دوای ڕۆیشتن و شوکردنی خۆشەویستەکەی ئیدی ئەم نامە بۆ کێ بنوسێت وپێی وایە تەحەمولی ئەوە ناکات کەسێک نەبێت نامەی بۆ بنوسێت و تەنیایی دەیکوژێت.

ئیدی دۆستۆیڤسکی نامە بۆ کێ بنوسێت..؟

"نا، ڤارینکا گیان، نا، ئەمە قبوڵ ناکەم، با لەم نەخۆشیە هەستمەوە، ڕەنگە سبەی باشتر ببم، هەنگێ هەڵدەستم، لەماڵ وەدەردەکەوم..خۆم دەخەمە ژێر پێچکەی گالیسکەکەتەوەو نایەڵم بڕۆی، نایەڵم سەفەر بکەی، ئاخر ئەمە چیە؟ بیرێ لە خۆت ناکەیەوە؟بە چ هەقێ ئەمە دەکەن؟منیش دەگەڵتا دێم، بە غار دووی گالیسکەکەت دەکەوم، ئەگەر لەگەڵ خۆتم نەبەی هێندە بەدووی گالیسکەکەتدا غار دەدەم تا هەناسەم لەبەر دەبڕێ، تا ڕۆحم دەپڕوکێ و گیانم دەردەچێ"( هەژاران/ دۆستۆیڤسکی).



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP