دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 08/06/2022

تەمەنی گونجاو یان کاتی گونجاو بۆ هاوسەرگیری!؟

د.جەعفەر عومەر- پزیشکی پسپۆری دەروونی

زۆرجار پرسیار دەکرێت؛ "ئایا چی تەمەنێک گونجاوە هەتا مرۆڤ هاوسەرگیری بکات؟" وەڵامەکەش بەگوێرەی ڕای کەسی یان لەسەر بنەمای چەند توێژینەوەیەک دەدرێتەوە کە تەمەنێکی دیاریکراو دادەندرێت بۆ هاوسەرگیری. لە ڕاستیدا؛ "کاتی گونجاو هەیە بۆ هاوسەرگیری نەک تەمەنی گونجاو!" واتە مەرجنییە تەمەنێکی دیاریکراو بێت، بەڵکو کاتێکی دیاریکراو هەیە لە ژیانی تاکدا کە گونجاوە بۆ هاوسەرگیری. کەواتە ئەو کاتە کەیە؟

کاتی گونجاو:

کاتێک کە تاک توانی پێداویستییە (کەسی، خێزانی، کۆمەڵایەتی، کلتوی، ئابووریی، .. )ەکان بەدەستبهێنێت بۆ هاوسەرگیری، ئەو کاتە دەتوانێت هاوسەرگیری بکات! لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکەین کە ئەگەر مرۆڤ بوویە خاوەنیان ئەوە گونجاوە هەتا هاوسەرگیری بکات:

- دروستبوونی کەسییەتی تاک: واتە کامڵبوونی کەسیەتی تاک لە ڕووی ناسنامە، ژیری، هەستوسۆز، .. لەم ڕێگەیەوە لە ئامانج و مەبەستی هاوسەرگیری تێدەگات و دەزانێت بۆچی و چۆن هاوسەرگیری بکات.

- دەرووندروست بێت؛ کامڵبوونی دەروونی و بەهێزی دەروونی تاک هاوکارە هەتا مرۆڤ پشتبەخۆی ببەستێت و سەربەخۆبێت لە بڕیارەکانی!

- تەواوبوونی گەشەی جەستەیی؛ بوونی توانای جەستەیی بۆ کاری هاوسەرگیری بەتایبەت باڵغبوون و گەشەکردنی ئەندامەکانی زاوزێ. دەبێت گەشەی ئەندامەکانی جێگیربووبێت هەتا گۆڕانکاری گەورە ڕوونەدات لە کاتێکدا لەگەڵ هاوسەرەکەیەتی.

- هەروەها لە ڕووی دەماریشەوە گەشەی تەواوبووبێت، بۆنمونە مرۆڤ مێشکی لە گەشەدایە هاتە تەمەنی ٢١ ساڵی!

- خاوەنی پیشە بێت؛ ئەو کەسەی هاوسەرگیری دەکات پێویستە کە خاوەنی پیشەیەک بێت کە داهاتەکەی بەشی ژیانی خێزانێک بکات! ئەمە مانای ئەوە نییە کە هەموو پێداویسییەکانی هەبێت، بەڵکو تەنها مەبەست ئەوەیە کە کەسەکە خاوەن کار بێت و پشت بەخۆی ببەستێت نەک کەسانی تر.

- بوونی توانای پەروەردەکردن: پێویستە ئەو کەسەی هاوسەرگیری دەکات دەبێت بزانێت چۆن نەوەکانی لە داهاتوو پەروەردە دەکات! ئەو دەستیکردوە بە پرۆسەیەک کە لە داهاتوو بەرپرسیارییەتی پەروەردەکردنی دەخاتە سەرشان. لە سەرەتاوە لەو پرۆسەیە نەزانێت لە داهاتوو قورسە کە فێریببێت یان لەوانەیە کاتی نەبێت یان بیرینەبێت کە خۆی فێربکات.

- تەندروستبوون و توانای منداڵ خستنەوە: یەکێک لە ئامانجەکانی هاوسەرگیری بەردەوامیدانە بە وەچەی مرۆڤایەتی، لەبەرئەوە ئەو کەسەی کە هاوسەرگیری دەکات دەبێت تەندروست بێت و توانای دروستکردنی منداڵی هەبێت.

- خوێندەواری و بوونی بڕوانامە: ئەمەیان داواکارییەکی سەردەمە و بەهۆی داخوازی دونیای نوێ بە بوونی خوێندەواری، باشترە کەسەکە کە بڕوانامەیەکی هەبێت هەتا بتوانێت لەئاست داخوازی سەردەمدا بێت.

- نەریتی کۆمەڵگە؛ لە کۆمەڵگەی کوردیدا هاوسەرگیری کردەیەکی پیرۆزە و داخوزییەکی کۆمەڵگەیە لەسەر تاک، هەتا تەمەنێکی دیاریکراو چاوەڕوانی تاک دەکەن هەتا هاوسەرگیری بکات، هەروەها پەیوەندی پێشوەختەی نێوان هاوسەران کەمە و ئەگەر هەشبێت لە چوارچێوەی هەستی خۆشەویستیدایە و لەو ئاستە زۆر بە دەگمەن تێدەپەڕێت. بەڵام لە ئەورووپا پێش هاوسەرگیری پەیوەندی خۆشەویستی هەیە لە نێوان هاوسەراندا، پاشان هاوسەرگیری دەکەن!

تەمەن و کاتی گونجاو:

کاتێک کە هەموو ئەو لایەنانە هاتنەدی ئەوە بۆ کەسەکە گونجاوە هاوسەرگیری بکات، بەگشتی لە کۆمەڵگەی کودیدا مرۆڤ لە تەمەنی ٢٥ بۆ ٣٠ ساڵی دەگاتە ئەو پێداویستییانە و کاتە گونجاوەکە، بەمشێوە:

- کەسیەتی دروستبووە و کامڵە و ئارەزووەکانی دامرکاونەوە و ئامانجێکی دروستی دەبێت لە هاوسەرگیری. گەشەی دەروونی و جەستەیی، دەماری کامڵ و تەواوبووە.
- کۆتایی بە خوێندنی هاتووە و کاتی هەبووە هەتا پیشەیەکی هەبێت و خاوەن پیشە بێت.

- کۆمەڵگەش هاوکاری دەکات و فشاری لەسەر نییە کە بەهەڵە بڕیار بدات.
بە واتایەکی تر؛ بۆ هاوسەرگیری تەمەن وەکو ساڵ گرنگ نییە، بەڵکو تەمەن وەکو ئەزمون و پێگەیشتن پێویستە.

ئەم دوو خاڵەت بیربێت:

- کاتی گەیشتنە ئەو خاڵانە و کامڵبوون لە نێوان پیاو و ژن جیاوازی هەیە و وەکو یەک نییە، هەر لە باڵغبوونەوە هەتا دەگاتە دەستکەوتنی پیشە.

- ئەم خاڵانە گشتی و ڕێژەییە نەک بنەمایەکی تەواو چەسپاو، لەبەرئەوە دۆخی تایبەتی زۆر و جیاواز هەیە.

بەکورتی:
هەر کاتێک کە تاک هەستی بەرپرسیارییەتی و کەسییەتییەکی سەربەخۆی هەبوو گونجاوە کە هاوسەرگیری بکات!
د.جەعفەر عومەر



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP