دواین هەواڵ

عێراق‌

 26/09/2021

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان: حکومەت پاداشتی دارایی ئەوكەسانە دەکات کە کارتی بایۆمەتری دەنگدان وەردەگرنەوە

هەرێم نیوز  

دادوەر جەلیل عەدنان خەلەف، سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند، حکومەت پاداشتی دارایی هەر کەسێک دەکات کە بچێت کارتی بایۆمەتری دەنگدان وەربگرێتەوە.

وتیشی، حکومەتی عێراق پاداشتێکی دارایی بە هەر دەنگدەرێک دەدات ئەگەر کارتی دەنگدانی لە نووسینگەکانی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگاکان وەربگرێتەوە، کە چاپکراوە و ئامادەکراوە بۆی، بەڵام ئاشکرای نەکردووە بڕی پاداشتەکە چەند دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، وادەی تەواوبوونی رادەستکردنی کارتەکانی دەنگدان لە کۆتایی نزیکدەبێتەوە و پاش ئەو وادەیە هەموو کارتەکانی دەگوازرێنەوە بۆ نووسینگەی نیشتمانیی کۆمیسیۆن لە بەغدا.

ئەم بریارە لەكاتێكدایە بە گوێرەی ئاماری کۆمیسیۆن، تاوەکو ئێستا نزیکەی دوو ملیۆن و 600 هەزار کارتی دەنگدان ماونەتەوە لە نووسینگەکانی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکانی عێراق کە خاوەنەکانیان نەچوون وەریبگرنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP